Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

پسپۆڕ: کاپلان وەڵامی پرسیارەکانی مێدیای نەداوەتەوە

بڵاو کرایه‌وه‌ fredag 15 april 2016 kl 09.54
"گومان و پرسیار لەسەر بیروباوەڕی کاپڵان دروست بووە"
(4:00 min)
Maja Suslin/TT
وەزیری نیشتەجێبوون مەهمەت کاپلان، وێنە: مایا سوسلین/TT

ئێوارەخوانەکەی وەزیری نیشتەجێبوون مەهمەت کاپڵان لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوی ڕاستڕەوە توندئاژووە تورکەکان ناسراو بە گورگە بۆرەکان (Grå Vargarna)، گومانی لەسەر باوەڕە دیموکراتییەکانی کاپلان داناوە.

دوێنێ چەند وێنەیەکی وەزیری نیشتەجێبوون لەسەر لیستی پارتی ژینگە، مەهمەت کاپڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژنامەکانی (Expressen, Aftonbladet) بڵاوبوونەوە کە تێیدا کاپڵان لە ئێوارەخوانێکدایە لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوی توندڕەوی تورکی، گورگە بۆرەکان، هەروەها باربارۆس لایلان جێگری فیدراسیۆنی ڕێکخراوە تورکییەکان لە سوید لە وێنەکەدا دیارە. لەیلان کە لەم ڕۆژانەی دواییدا لەسەر پەیامە ڕاسیستییەکانی دژ بە ئەرمێنییەکان لە گۆڕەپانی سێرگەلستۆرییەوە لە ستۆکهۆلم لە کارەکەی دەرکرا.

سەبارەت بە دەرکەوتنی وەزیری نیشتەجێبوون لەگەڵ ئەو کەسێتییانەدا کە پرسیاریان لەسەرە و بە کەسانی دژەبنەمای دیموکراتی مافەکانی مرۆڤ ناسراون، لەلایەن بەرنامەی (Studo Ett) لە رادیۆی سوید پرسار لە وەزیری نیشتەجێبوون کرا و دەڵێت ئەو دانیشتنە ئێوارەخوانێکی ڕەمەزانە لە کاتی ڕۆژووشکاندندا و کاپلان نەیزانیوە کێ ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە دەبێت.

بەڵام سەرۆکی ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان بە ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی ڕاگەیاندووە کە کاپلان زۆر باش دەزانێت ئەو، واتا ئیلهان سێنتورک، کێیە.

سەبارەت بە پەیوەندیی کاپلان لەگەڵ ئەو کەسانەی لە وێنەکەدا لەگەڵیدا دەرکەوتوون دەڵێت بیروباوەڕی من لەگەڵ ئەو کەسانە جیاوازە و هیچ شتێک پێکمانەوە نابەستێتەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە من وەک کەسێکی سیاسی و بەڕەگەز تورک لە بۆنە جیاجیاکاندا تێکەڵی کۆمەڵگەی تورکی دەبم کە دەکرێت خەڵکی جۆراوجۆری تێدابن.    

کاپلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەمەودوا هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە کۆبوونەوە و بۆنانەدا دەکات و پێشتر دەبێت بزانێت بەشداربووان کێن.

ستێفان لۆڤێن  

سەبارەت بەم وێنانەی کاپلان، سیاسەتمەدارانی سوید لە پارتە جیاکانەوە ڕای خۆیان دەربڕی و ڕەخنەیان لە کاپلان گرت. ستێفان لۆڤین سەرەکوەزیری سوید دەڵێت: دەرکەوتنی کاپڵان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەدا زۆر جێی داخە و کاپلانم ئاگادار کردۆتەوە کە دەبێت زۆر وردبینانەتر بێت.

گوستاڤ فریدۆلین

هەرچی وتەبێژی پارتی ژینگە گوستاڤ فریدولینە دەڵێت هێچ هۆکارێک نییە وام لێبکات باوەڕ بە قسەکانی مەهمەت کاپڵان نەکەم کاتێک دەڵێت کە ئەو سەرۆکی گورگە بۆرەکان ناناسێت. ئێمە وەک پارتی ژینگە هیچ جۆرە هەڵوێستێکی فەرمی و بڕیارێکمان سەبارەت بە مەهمەت کاپلان نابێت، لەبەرئەوەی کاپڵان ڕایگەیاندووە کە لەمەودوا بە وریاییەوە مامەلە لەگەڵ ئەو جۆرە کۆبوونەوە و ئامادەبووژنەکانیدا دەکات.  

 وەزیری فەرهەنگ و پرسی دیموکراتی 

یەکێک لە هاوکارەکانی کاپلان لە پارتی ژینگە، ئالیس باه کونکێ، وەزیری فەرهەنگ و دیموکراتی دەڵێت ئەوپەڕی نەشیاوییە ئێمەی وەزیر لە بۆنە و کۆبوونەوەی وادا بین کە خەڵکانی توندڕەوی تێدا بێت. ڕووداوێکی وا دڵنیامان دەکاتەوە کە دەبێت چەندە وریا بین بەرامبەر بەو بانگهێشتن و ئێوارەخوانانەی بۆمان دەنێردرێت.

سەرۆکی پارتی چەپ

سەرۆکی پارتی چەپ یوناس خۆستید دەڵێت ئەو روونکردنەوانەی کاپلان بەس نییە لەبەرئەوەی ئەمە یەکەمجار نییە کاپلان چاوی بە نوێنەری ڕێکخراوێکی فاشیستی وەک گورگە بۆرەکان کەوتووە. ئەوە ڕێکخراوێکی توندڕەوە کە خەڵکی ئەرمەنی، کورد و تورکە چەپڕەوەکانیان کوشتووە و هیج بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی کاپلان لەگەڵیاندا دەرکەوێت.

کاپڵان دەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە

ڕێبوار حەسەن ئەندامپەرلەمانی پێشوو لە سەر لیستی پارتی ژینگە دەڵێت من دەمێکە پارتەکەم لەم چاوپێکەوتنانەی مەهمەت کاپلان لەگەڵ گرووپە توندئاژۆ و ئیسلامییەکان ئاگادارکردۆتەوە بەڵام کەس هیچ هەڵوێستی نەبووە.

ڕێبوار حەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە چەند جارێک مەهمەت کاپلان چاوی بە نوێنەرانی ڕێکخراوی تورکی ئیسلامی توندڕەو ناسراو بە میللی گوێروش  (Milli Görüs) کەوتووە. ئەو هەروەها داوای ئەوە دەکات کە کاپلان پارتی ژینگە و پۆستەکەی وەک وەزیر بەجێبهێڵێت.

بەها دیموکراتییەکانی کاپڵان چوونەتە ژێر پرسیارەوە

ئەندامی پارتی لیبرالەکان فرێدریک مالم دوێنێ ئێوارە لە چاوپێکەوتنێک لە بەرنامەی (Aktuell)ی تەلەفزیۆنی سوید (SVT)دا وتی ئێمە وەزیرێکمان لە سوید هەیە (مەبەستی مەهمەت کاپلانە) تا ئێستا و چەند جارێک بەها و باوەڕە دیموکراتییەکانی کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە کارێکی مەترسیدارە بۆ سوید و حوکوومەتەکەی.

گومانەکان لەسەر کاپڵان گورزێکە لە سیاسەتی نیشتەجێبوون و حوکوومەت 

لێکدەرەوەی پرسی سیاسەتی ناوخۆ ماتس کنوتسۆن لە تەلەفزیۆنی سوید دەڵێت، لەحاڵی حازردا پێگەی مەهمەت کاپلان لە حوکوومەتدا بێهێزە. ئەو پێگەیەی بەهۆی ئەم ڕووماڵانەی ئەم دواییەوە هێندەی تر بێهێز دەبێت، تەنانەت ئەگەر بشتوانێت لەم شەپۆلی ڕەخنە و پرسیارانە قوتار ببێت، ئەوا چیتر متمانەی نامێنێت و ناتوانێ پرسە سیاسییەکانی بباتە پێشەوە.

ئەوەش گورزێکە لە حوکوومەتەکەی ستێفان لۆڤێن کە دەڵێت پرسیی خانووبەرە و نیشتەجێبوون یەکێکە لە پرسە هەرەگرنگەکانی حوکوومەت و لەم کاتەدا کە پێویست بە دروستکردنی خانووبەرەی نوێ و دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەرانی نوێ لە ئارادایە، کاپلان کە بەرپرسی یەکەمە لەو کێشانەدا، تووشی ڕەخنە و گومان دەبێتەوە.   

ئەو هەروەها دەڵێت یەکێک لە ئەرکەکانی وەزیر ئەوەیە کە ئاگای لە هەڵسوکەوتەکانی بێت تا ئەو بیروباوەڕانەی بانگەشەیان بۆ دەکات نەکەونە ژێر پرسیارەوە. هەموو وەزیرێک ئەرکی سەرشانییەتی کە پێشوەخت بزانێت لە چ بۆنە و کۆبوونەوەیەکدا ئامادە دەبی و ئامادەبووانی تر کێن.

کاپڵان خۆی لە وەڵامی پرسیارەکان دەدزێتەوە

پسپۆڕی بواری گوتار، ئێلین ئێکسڤارد، بۆ تەەفزیۆنی سوید دەڵێت کاپلان تا ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەداوەتەوە کە ئاڕاستەی کراون. بەتایبەت کە دێتە سەر چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ گرووپی ئیسلامی توندڕەوی میللی گوێروش، خۆی بەوە لە وەڵامەکان دەدزێتەوە کە باسی بیروباوەڕە دیموکراتیکەکانی و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ بکات.

ئێکسڤارد دەڵێت ئەم جۆرە وەڵامانە هێندەی تر مێدیا هار دەکات و ڕۆژنامەوانان لە کاپڵان نابنەوە تا ئەو کاتەی وەڵامی روونیان دەست نەکەوێت. باشتر وایە مەهمەت کاپڵان دان بەهەڵەکانی خۆیدا بنێت.  

ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان

جێی ئاماژەیە گورگە بۆرەکان ڕێکخراوێکی ڕاستڕەوی توندئاژووی سەربازیی تورکییە و ڕەگەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ڕێکخراوی لاوانی ناشیونالیستی تورکی لە پارتی مەهەپە (MHP).

ئەو ڕێکخراوەیە بە تاوانی کاری تیرۆریستی و کوشتن، بە تایبەت لە ساڵانی ١٩٦٠ تا سالانی ١٩٨٠ ناسراون. ئەوە لە سەردەمێکدا کە ناکۆکی لە نێوان بەرەی ڕاست و چەپ لە تورکیادا لە ئارادا بوو.

ئەو رێکخراوەیە لە چەندین وڵات لقی هەیە و گومانی چەندین تاوانی کوشتن و تەقینەوەی لێدەکرێت. بۆ نموونە تەقینەوەکەی ساڵی ٢٠١٥ لە بانکۆکی پایتەختی تایلەند لە تۆڵەی ئەوەی کە تایلەند گرووپێکی تورکزمانی ناسراو بە ئۆیگیور بەرەو چین دەرکردبوو.

ئەم زانیارییانە سەبارەت بە گورگە بۆرەکان لە ئەنستیتووتی لێکۆڵینەوەکان لەسەر تورکیا لە زانکۆی ستۆکهۆلمەوە و لەلایەن نووسینگەی هەواڵەکانی سوید (TT) وەرگیراون.


بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".