Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

کاپڵان دەستی لەکار کێشایەوە

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 18 april 2016 kl 11.52
لیۆڤێن: زەحمەتە بەو ڕەخنە و پرسیارانەوە کاپڵان لە پۆستەکەی بەردەوام بێت
(3:09 min)
Foto TT
Foto TT

ئەم نیوەڕۆیە سەعات 12:30 ستێفان لیۆڤێن سەرەکوەزیرانی سوید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە بارەگای حوکوومەت لە (Rosenbad) ڕایگەیاند کە وەزیری نیشتەجێبوون مەهمەت کاپڵان داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە و لیۆڤێنیش داواکەی پەسەند کردووە. 

ستێفان لیۆڤێن دەڵێت: مەهمەت کاپڵان یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی حوکوومەتی لە ئەستۆدا بوو ئەویش زیادکردنی بیناسازی خانووبەرەیە و بینیمان کە لەماوەی ئەودا سازکردنی خانووبەرە لە زیادبووندایە.

مەهمەت کاپلان ماوەیەکی زۆر کاری بۆ پێکهێنانی دیالۆگ لەنێوان خەڵکی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و ڕێکخراوە جیاجیاکاندا  کردووە، تەنانەت ئەوانەشی کە لە بیروباوەڕدا لە کاپڵانەوە دووربوون، لیۆڤێن دەڵیت من کاپلانم وەک پیاوێکی خاوەن بیروباوەڕی مرۆڤدۆستانە و بەهای دیموکراتی ناسیووە.  

جێگرەوەی کاپڵان بۆ پرسە سەرەکییەکانی تایبەت بە نیشتەجێبوون پار بولوندە لە پارتی ژینگە، و میکایل دامباری لەسەر لیستی سۆسیالدیموکراتەکان پرسەکانی زانیاری ئەلەکترۆنی (IT) وەردەگرێت. 

مەهمەت کاپلان وەزیری نیشتەجێبوون هەر دوای راگەیاندنەکەی لیۆڤێن لەهەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا قسەی کرد و وتی، من هەمیشە بۆ مافەکانی مرۆڤ و پرسی دیموکراتی کارم کردووە، ئێستا بەهۆی ڕەخنەکانی ئەم دواییەوە ڕۆڵی من و بیروباوەڕەکانم کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە.

ئەم جۆرە ڕەخنە و پرسارانەی لەسەر من کۆبوونەتەوە دەبنە بەرگر لە بەڕێوەبردنی کارەکانمدا هەر بۆیە بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەم دا. ئەو هەروەها دەڵێت، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە کاروهەڵسووکەوتی وەزیر دروستە و ئەوە بەشێکە لە کۆمەڵگەی دیموکراسی بەڵام، کاپلان دەڵێت بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەم مانای ئەوە نییە کە ئەو ڕەخنە و گومانانەی ئاڕاستەم کراون دروستن. 

جێی باسە، لە کاردانەوە و ڕەخنەکانی ئەم بەیانییەی وەزیری دەرەوە مارگۆت ڤاڵسترێۆم بەرامبەر بە قسەکانی مەهمەت کاپڵان لەسەر ئیسرائیل، دیار بوو کە حوکوومەتی سوید نایەوێت ئاماژە و گووتاری لەو شێوەیە سەبارەت بە ئیسرائیل لە سویدەوە ڕابگەیەنرێت. لێکدەرەوەی سیاسەتی ناوخۆ توماس رامباری دەڵێت.

کاردانەوەکان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی کاپڵان

”ئێمە وەک هاوکاری نزیکی مەهمەت کاپڵان چەندەها ساڵە ئاگامان لێیە چۆن کۆڵنەدەرانە کاری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دیموکراتی و دیالۆگ کردووە. مەهمەت ئەوەندە توانا و ئازایەتی تیا بەدی دەکەین کە دەتوانێت ئەم گفتوگۆیە بگەیەنێتە ئەو مەیدانانەی کە پێویستە. ئەم جۆرە ئازایەتییە چەندە گرنگە بۆ کۆمەڵگە هێندەش وروژێنەرە بۆ هەندێک لایەن” هەردوو وتەبێژی پارتی ژینگە گوستاڤ فریدولین و ئۆسا ڕۆمسۆن لە ڕاگەیاندنێکی میدیایدا نووسیویانە.

سەرۆکی پارتی لیبرالەکان یان بیۆرکلوند دەڵێت ”دەستلەکارکێشانەوەی مەهمەت کاپڵان پێویست بوو. لێدوانەکانی کاپڵان ناپەسەند بوون و ناکرێت بەرگرییان لێبکرێت”. بیورکلوند هەروەها دەڵێت پارتی ژینگە دەبێت روونکردنەوەی زیاتریان لەم بارەیەوە هەبێت بەتایبەت کە هەفتەی رابوردوو متمانەی تەواوی خۆیان بۆ کاپڵان ڕاگەیاند.

سەرۆکی پارتی سێنتەر ئانێ لۆف دەڵیت ”کەس بەرپرسێتی ناخاتە ئەستۆی خۆی، بەرپرسی حوکوومەت و وتەبێژانی نایانەوێت ئەو کێشە گەورەیە لە هەڵسووکەوتەکانی کاپڵاندا ببینن، لای ئەوان دیارە هەلەکان هەمیشە خەتای یەکێکی دیکەیە”

بەبیر دێنمەوە، مەهمەت کاپڵان وەزیری نیشتەجێبوون لەم ڕۆژانەی دواییدا کەوتە بەر شەپۆلی ڕەخنە و پرسیار سەبارەت بە چەند وێنەیەک کە تێیدا کاپڵان لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ نوێنەری ڕاستڕەوە تووندئاژووە تورکەکان و نوێنەری ئیسلامییە توندڕەوە تورکەکاندا دەرکەوتووە. 

هەروەها لە کلیپێکی کورتی ڤیدیۆیدا مەهمەت کاپلان دەڵێت سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینییەکان وەک سیاسەتی ئەڵمانیای نازییە بەرامبەر بە جوولەکەکان لە سییەکانی سەدی ڕابوردوودا.  

بۆ زانیاری سەبارەت بە پاشخانی ئەم هەواڵە و ڕەخنەکان لە مەهمەت کاپڵان، سەیری لینکی هاوپێچ بکە!

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".