Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

لە یەکی ئایاردا لۆڤێن پەیمانی دابینکردنی هەزارەها کاری دا

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 2 maj 2016 kl 09.48
بێکارە پەڕاوێزکەوتووەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ کاریان دەدرێتێ
(5:10 min)
Fotograf	Frida Winter/TT
سەرەکوەزیرانی سوید، ستێفان لۆڤێن

لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا سەرەکوەزیرانی سوید ستێفان لیۆڤێن پەیمانی دا کە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا دەوڵەت 5000 کاری نوێ دابین بکات.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ستێفان لۆڤێن لە شاری یۆتۆبۆری رایگەیاند کە تا ساڵی 2020 دەستگە دەوڵەتییەکان ئەرکی ئەوەیان دەخرێتە ئەستۆ کە 5000 کاری نوێ لە نێو دەستگەکانیاندا بە ناوی کاری ئامادەکاریی، یاخود کاری کاتی (beredskapsjobb) بۆ بێکاران بدۆزنەوە.   

ئەو کارانە بۆ  ئەو کەسانەیە کە دەمێکە بێکارن و کەوتوونەتە پەڕاوێزی بازاڕی کارەوە. ئەو کەسانە ئیشی نەکراوی دەستگەکان ڕادەپەڕێنن بۆ نموونە پاراستنی ژینگە بە خاوێنکردنەوەی کەنار دەریا و دەریاچەکان، کاری بەدیگیتاڵکردنی ئەرشیف، یاخود ڕاپەڕاندنی وردەکاری ئیداری.

لیۆڤێن هەروەها ڕایگەیاند کە ئەو کارە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەدرێتە کەسی بێکار بەڵام مافی بیمەی بێکاری لەسەر ئەو کارە نایانگرێتەوە. واتا ئەو کەسەی دوای ئەو دوو سالە بێکار بێتەوە ئەوا بیمەی بێکاری (a-kassa) لەسەر ئەو دوو ساڵە وەرناگرێت.

ڕەخنەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن

ئەم پێشنیازەی حوکوومەت لەلایەن بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە ڕەخنەی لێگیراوە، وتەبێژی پرسی بازاریکار لە مۆدێراتەکان ئیلیسابێت سڤانتێسۆن دەڵێت ئەو کارانەی لیۆڤێن باسی دەکات بەس نییە بۆ چارەسەری بێکاری.

  • کاتێک ملیۆنێک بێکار لە پەڕاوێزدان لە سویددا، ئەو کاتە پێویست بە ڕیفۆرمێکی سەراسەری لە بازاڕیکاردا دەکات, لۆڤێن هێشتا ئەمەی نەکردووە. 

سڤێن ئولوف سێلسترۆم لە پارتی ناسراو بە دژەبیانی دیموکراتەکانی سوید لە لیژنەی پرسی بازاڕیکار دەڵێت دەستگە دەوڵەتییەکان دەبێت هاوڵاتی لەسەر بنەمای کارامەیی و پاخانی خوێندنیان دابمەزرێنن، ئەمەی سەرەکوەزیران پێشنیازی دەکات پینەکردنی بێکاری و کەمکردنەوەی ژمارەی بێکارانە بە پارەی باجی هاوڵاتییان.   

پارتی چەپ  

جێی باسە هەر لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا و لە وتاری سەرەکپارتەکانەوە یوناس خۆستێد سەرۆکی پارتی چەپ لە وتارەکەیدا لە شاری مالمیۆوە پێشنیازی کەمکردنەوەی مزی ئەندامێتی لە سەندیکاکاندا کرد. ئەو دەڵێت ئامانجی ئێمەی سۆسیالیست و فێمینیست ئەوەیە کە ئاسانکاری بۆ ئەندامێتیی لە سەندیکاکاندا بکەین. ئەو وتی کە لە دانووستانەکانی داهاتوودا لەسەر بودجەی حکوومەت ئەم پرسە دەخەنە بەر باس.

مووچەی خانەنشینان

سەندیکای گشتی کرێکاران (LO) لە یەکی ئایارادا داوای ریفۆرمیان لە سیستێمی خانەنشینیدا کرد، ئەویش لە بەرژەوەندی ژنان دەبێت بگۆڕدرێت، لەبەرئەوەی لەو سیستێمی خانەنشینییە ئێستا ژنان زەرەمەند بوون. 

جێی باسە ئەمە یەکەم وتاری کارل پێتەر تورڤالدسۆن سەرۆکی سەندیکای گشتی بوو بۆ یەکی ئایار. تورڤالدسۆن لە لاندکرونەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، داوا دەکەین کە خانەنشینان لە داهاتوودا لەسەدا 70 ی مووچەی پێش خانەنشینبوونیان وەرگرن.   

ئەو وتی کە لە حاڵی حازردا مووچەی خانەنشینان کەمبۆتەوە بۆ لەسەدا 60 و مەترسی ئەوە هەیە کە کەمتریش بێتەوە بۆ لەسەدا 50 ی مووچەی کاری پێش خانەنشینی. بۆیە داوا دەکەین تورڤالدسۆن دەڵێن تا ساڵی 2028 خانەنشینەکانمان دەبێت لە سەدا 70 مووچەکەیان وەربگرن.  

ڕێپێوانی نازیستەکان 

هەر دوێنێ لە سەنتەری شاری بورلێنگێ بزووتنەوەی نازی (Nordiska motståndsrörelsen) کورتکراوەکەی (NMR) لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا بە پانتۆڵی ڕەش و کراسی سپییەوە ڕێپێوانێکیان سازدا کە هاوکات ڕێپێوانێکی دژە نازیی لە هەمان شوێندا و دژ بەو گرووپە نازییە ساز درا.

هەر زوو پۆلیس کەوتە نێوان هەر دوو بەرەی ڕێپێوان و نەیانهێشت پێکدادان و  پشێوی ڕوو بدات.

هاوڵاتییانی شارەکە نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە ڕێپێوانی نازییەکان نیشان دا و بەتایبەت لایەنگرانی سۆسیالدیموکرات و هونەرمەندان. لە سۆسیالدیموکراتەکانەوە وەزیری بەرگری پێتەر هولتکڤیست ئەویش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە نارەزایی خۆی بەرامبەر بە ڕێپێوانی نزیستەکان دەربڕی و وتی،  

  • نازیستەکان بزووتنەوەیەکن لەسەر بنەمای کینە و دژایەتیی ئینسان ، لەسەر بنەمای سەیر و سەمەرەی وەک باندی خوێن و نموونەی ئینسانی ناسروشتییەوە درووست بووە. من پێم وابوو کە ئەم بزووتنەوەیە قڵپبوونەتەوە و نەماون بەڵام وا ئەمڕۆ خۆیان نیشان دا، بەڵام ئەمەش بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراتی.      

هاوڵاتییانی بەشدار لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا لە بورلێنگێ سەبارەت بە ڕێپێوانی نازییەکان دەڵێن، ئەم بزووتنەوەیە چارەگرانن و نابێت لەنێوماندا هەبن. بە بینینی ڕێپێوانەکەیان وەک ئەوە بوو ڕێکخراوی تووندڕەوی ئیسلامی داعش شەقامەکانیان داگیر کردبین.

هەر لە ڕێپێوانەکانی یەکی ئایاردا مۆنا سالین سۆسیالدیموکرات و ڕێکخەری نەتەوەیی دژ بە تووندڕەویی وتی بەشداری کردن لە ڕێپێوانەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا گەلێک گرنگە و ڕۆژی خەباتە بۆ دیموکراتی و هاوپشتی، هیوای داهاتوو لەم ڕۆژەدا لە  فوکوسدان.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".