Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

وەزیری کۆچ: تورکیا دەبێت مەرجەکانی ئەورووپا پڕ بکاتەوە

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 4 maj 2016 kl 10.07
لە ترسی هاتنی پەنابەر ڕەنگە ئەورووپا لە تورکیا خۆشبن
(4:13 min)
Migrationsminister Morgan Johansson och flyktingar
Foto: TT

مورگان یوهانسۆن وەزیری کۆچ دەڵێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیی تورکی بەبێ ڤیزا بتوانن سەردانی وڵاتانی یەکییەتیی ئەورووپا بکەن دەبێت تورکیا مەرجەکانی یەکییەتییەکە پڕ بکاتەوە.  

بڕیارە ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی یەکییەتیی ئەورووپا پێشنیازێک پێشکەش بکات کە بەو پێیە لە هاوینی داهاتووەوە هەموو هاوڵاتییەکی تورکی بۆی هەبێت بەبێ ڤیزا سەردانی وڵاتانەی یەکییەتی ئەورووپا بکات. ئەمە مەرجی تورکیایە لەسەر یەکییەتییەکە تا لە بەرامبەردا تورکیا ئەو پەنابەرانەی خۆیان گەیاندۆتە یۆنان بە مەبەستی هاتن بۆ ئەورووپا بگەڕێندرێنەوە تورکیا. 

وەزیری کۆچی سوید و چەند وڵاتێكی دیکەی ئەندامی یەکییەتیی ئەورووپا ڕەخنەیان لەم پێشنیازەی یەکییەتیی ئەورووپا هەیە و دەڵێن تورکیا دەبێت مەرجەکانی یەکییەتیی ئەورووپا کە 72 مەرجە بۆ ئەوەی وڵاتێک مەرجی ڤیزای لەسەر لاببرێت، پڕ بکاتەوە. 

مورگان یوهانسۆن وەزیری کۆچ دەڵێت یەکییەتیی ئەورووپا نابێت لە مەرجەکانی خۆی پاشەکشە بکات. ئەو دەڵێت دەبێت هەڵوێستمان ڕوون بێت بەرامبەر بە تورکیا کە دەبێت مەرجەکان پر بکاتەوە بۆ ئەوەی مەرجی ڤیزا لەسەر هاوڵاتییانی لاببرێت.  

بەڵام کێشەیەکی دیکە هەیە مورگان یوهانسۆن دەڵێت ئەویش ئەوەیە کە تورکیا لابردنی ڤیزای وەک مەرجێک لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی کۆچبەرەکانی یۆنان داناوە، واتا ئەگەر مەرجی ڤیزایان لەسەر بمێنێت ئەوا دیسانەوە ڕێگەکانی یۆنان  بۆ کۆچبەران دەکرێنەوە و بە سەدەها کەس لە دەریاکاندا دەخنکێن.

لە نێوان ئەم دوو پرسەدا کە هەر یەکەیان تایەکی تەرازووەکەی گرتووە وڵاتانی یەکییەتییەکەش دابەش بوون، ماوەتەوە ئەوەی کە وڵاتانی یەکییەتییەکە دەبێت گفتوگۆ بکەن و بگەنە ئەنجامێک.

بەو پێیە مەترسیی ئەوە هەیە کە وڵاتانی یەکییەتیی ئەورووپا چاو لە مەرجەکانیان بەرامبەر بە تورکیا بپۆشن بۆ ئەوەی تورکیا نەهێلێت پەنابەران ڕوو لە ئەورووپا بکەن.

یەکێک لە ڕەخنەگران لەم هەڵوێست و پێشنیازەی ئەورووپا سیسیلیا ڤیکستریۆمە ئەندامی یەکییەتیی ئەورووپا لەسەر لیستی لیبرالەکان دەڵێت هەرکات تورکیا توانی مەرجەکانی یەکییەتییەکە پڕ بکاتەوە ئەوکاتە با مەرجی ڤیزای لەسەر لاببرێت، ڤیکستریۆم ڕەخنەگرانە دەپرسێت بۆچی ئەو مەرجانە لەسەر هەموو ئەو وڵاتانە هەبێت کە داوای لابردنی ڤیزا دەکەن بەڵام لەسەر تورکیا نەبێت؟  ئەو هەروەها دەڵێت تا ئیستا تورکیا هەشت مەرجی گرنگ ماون کە نەیتوانیوە پڕیان بکاتەوە کە یەکێکیان بۆ نموونە نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانانە.

ڤیکستریۆم بەردەوامە و دەڵێت تورکیا بارودۆخێکی وەک بارمتەی هێناوەتە ئارا، بەشێوەیەک تورکیا مەرجی نادروست لەسەر یەکییەتییەکە دادەنێت و دەڵێت ئەگەر مەرجەکەم پەسەند نەکەن منیش دەرگای پەنابەرانتان لێ دەکەمەوە.

ئەو هەروەها دەلێت ئەوەی ئەورووپا پێی وایە کە تورکیا دەتوانێت بەر لە پەنابەران بگرێت و بە چارەسەری کێشەی شەپۆلی پەنابەریی دادەنێت دروست نییە چونکە پەنابەر دەرگایەکی لێ دابخەیت پەنجەرەیەکی دیکە دەدۆزێتەوە و ڕێگەیەکی دیکە دەگرێتە بەر، ئێستا ڕێی یۆنانیان لێگیراوە بەڵام لە لیبیاوە ڕێگەیەکی دوورودرێژتریان گرتۆتە بەر و هەر لەم ماوەیەدا بە سەدان کۆچبەری دیکە لە دەریاکاندا بەرەوە ئەورووپا خنکاون.

لە بەرامبەردا گوننار هیۆکمارک ئەندامی یەکییەتیی ئەورووپا لەسەر لیستی مۆدێراتەکان دەلێت ڕاستە تورکیا هەموو مەرجەکانی پڕ نەکردۆتەوە بەڵام دەبێت بیر لەو کۆچبەرانەش بکەینەوە کە ژیانیان لەمەترسیدایە، ئەوەشمان بیر نەچێت کە گرنگە یەکییەتیی ئەورووپا ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیادا هەبێت لەبەرئەوەی ئەوە ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی تورکیا گۆڕانکاری بەسەرخۆیدا بهێنیت و هەروەها بۆ ئەوەی کۆچبەرەکانیش لە دەریای ناوەڕاستتدا نەخنکێن.


بۆ پاشخانی ئەم هەواڵە سەیری لینکی هاوپێچ بکە!


بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".