Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ڕێککەوتنی نێوان سوید و ناتۆ ڕەنگە دوا بخرێت

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 23 maj 2016 kl 10.04
"ئەو ڕێککەوتنە مەترسییە بۆ بەندەکانی دەستوور"
(2:28 min)
Nato
Foto: TT

دیموکراتەکانی سوید و پارتی چەپ لەگەڵ ئەوەدا نین کە سوید میوانداریی هێزەکانی ناتۆ بکات.

پارتی چەپ سەبارەت بە هەڵوێستی نەرێنییان بەرامبەر بە ڕێککەوتننامەی ناسراو بە (Värdlandsavtalet) میوانداریی سوید لە هێزەکانی ناتۆ دەڵێن کە ئەو ڕێککەوتنەی نێوان سوید و ناتۆ واتا گۆڕانکاریی لە یاساکاندا ئەو گۆرانکارییانەش مەترسییە بۆ ئەو ماف و ئازادییانەی لە دەستوردا چەسپێنراون.

هەرچی پارتی ناسراو بە دژە بیانیی دیموکراتەکانی سویدە دەڵێن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان سوید و ناتۆ سیاسەتی بێلایەنیی سوید دەخاتە مەترسییەوە و متمانەی وڵاتانی جیهان لە دەست دەدەین.  

بەو شێوەیە هەردوولا بەپێی بەندێکی دەستوور داوای (Vilandeförklaring) واتا دواخستنی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەتنە بۆ ماوەی ساڵێک دەکەن، بەپێی یاساش تەنها ساڵێک دەتوانرێت دوابخرێت.

مافی داوای دواخستن بەشێکە لە دەستووری وڵات کە شێوازی حوکوومڕانی دیاری دەکات و بەشێک لەو یاسایە بریتییە لە پاراستنی مافی کەمینە، واتا کەمینەیەک لە حوکوومەتدا دەتوانن داوای دواخستنی یاسایەکی پێشنیازکراو بۆ ماوەی ساڵێک بکەن.

لەم حاڵەتەی ڕێککەوتنەکەی نێوان سوید و ناتۆ پارتی چەپ بە 21 ئەندام و دیموکراتەکانی سوید 48 ئەندامی پەرلەمانیان هەیە کەواتە دەتوانن داوای دواخستنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان ناتۆ و سوید بکەن.

ڕێککەوتنی نێوان ناتۆ و سوید (Värdlandsavtalet) کە لە 4 ی سێپتەمبەری ساڵی 2014 ئیمزا کراوە، بریتییە لە چەند بنەمایەک بۆ ئەوەی هێزەکانی ناتۆ بتوانن بنکەیان لە سویددا هەبێت و بە هاوپشتیی هێزی سویدی. بەو پێیە ڕێ بە ناتۆ دەدرێت کە بۆ نموونە هەلیکۆپتەر، فڕۆکە و پاپۆڕ لە هەرێمی سویدەوە بگوازێتەوە. بەڵام مافی ئەوەی نییە چەکی ئەتۆمی لە خاکی سویددا دابنێت.  

بەکورتی ئەو ڕێککەوتنە بۆ هاوکاری سەربازیی نێوان سوید و ناتۆیە لە کاتی قەیران و جەنگ لە سوید یاخود هەرێمەکانی دەورووبەری سوید، کە بەو پێیە بۆ نموونە لە کاتی پێویستدا ڕی بە چالاکی و ڕاهێنانی سەربازیی هێزەکانی ناتۆ لە سویدا دەدرێت. تا ئێستا 25 وڵات لەو جۆرە ڕێککەوتنەیان لەگەڵ ناتۆدا ئیمزا کردووە.

بەگشتی بنکەدانانی ناتۆ لە سوید بە مۆڵەت و لەسەر بانگهێشتی سوید خۆیەتی.

ئەم میواندارییەی سوید لە هێزەکانی ناتۆ مانای گۆرانکارییە لە یاساکاندا کە دەبێت پەرلەمان بڕیاریان لەسەر بدات. بە پێی ئەو یاسا پێشنیازکراوانە کارمەندانی ناتۆ لە سویددا مافەکانیان بە یاسا دەپارێزرێت و بۆ نموونە لە یاساکانی باجدان، یاساکانی گومرگ هەروەها یاساکانی تایبەت بە بەکارهێنانی ئوتومبێل هەندێک تایبەتمەندییان هەیە.

جێی باسە دەبوا لە 25 مای لە پەرلەمان بڕیار لەسەر ڕێککەوتنەکەی نێوان سوید و ناتۆ بدرایە و یەکی یولی داهاتوو بخرێتە کار، بەڵام گەر پارتی چەپ و دیموکراتەکانی سوید سوور بن لەسەر هەڵوێستەکەیان ئەوا جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ساڵێک دوا دەخرێت. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".