Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

سوید لەگەڵ ئەفغانستان بۆ گەڕاندنەوەی ئەفغانەکان ڕێککەوت

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 6 oktober 2016 kl 16.22
هەزاران پەنابەری ئەفغانی چاوەڕوان دەکرێ بۆ ئەفغانستان بگەڕێنرێتەوە
(2:24 min)
.
وێنە: Susanne Lindholm/TT

کەمێک بەر لە ئێستا ڕاگەیەندرا کە سوید لەگەڵ ئەفغانستان سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەو ئەفغانانەی مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە و بڕیاری دەرکردنیان بۆ ئەفغانستان دەرچووە ڕێککەوتنامەی تۆمار کردووە.

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ بەهەزاران پەنابەری ئەفغان کە داوای مافی پەنابەرییەکەیان لەسوید ڕەتکراوەتەوە دەبێ سوید بەجێ بهێڵن، ئەگەر نا بەناچاری سوید دەریان دەکات و بۆ ئەفغانستان دەیان گەڕێنێتەوە. وەزیری داد و کۆچ مۆرگان یۆهانسسۆن بە بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید ئێکۆتی ڕاگەیاندووە کە ئەو ڕێککەوتنامەی سوید لەگەڵ ئەفغانستان تۆماری کردووە تایبەتە بەوەی کە ئەفغانستان هاوڵاتیانی خۆی وەرگرێتەوە.

جێگەی باسە کە لە کۆنفرانسی تایبەت بە کۆمەکە مرۆییەکان بۆ ئەفغانستان کە هەفتەی ڕابردوو لە برۆکسل ئەنجامدرا، حکومەتی ئەفغانستان ڕێککەوتنامەی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپادا سەبارەت بەوەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی خۆی کە لە وڵاتانی ئەورووپا داوا مافی پەنابەرییەکەیان ڕەت دەکرێتەوە وەربگرێتەوە تۆمار کردووە.

جێگەی باسە هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بۆ ئەوەی بتوانن پەنابەرە ئەفغانییەکان کە داواکانیان ڕەتکراوەتەوە و بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرچوو دەبێ هەر وڵاتەو بەجیا لەگەڵ ئەفغانستاندا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەر ئەفغانانە ڕێککەوێ.

بەپێیی ئامارەکانی دەستگەی کۆچ ساڵی ڕابردوو ٤٠٠٠٠ ئەفغان داوای مافی پەنابەرییان لەسوید کردووە و ئەمساڵیش ٢٤٠٠ پەنابەر بەهەمان شێوە هاتوونەتە سوید و داخوازینامەی پەنابەریان بەدەستگەی کۆچ داوە.

لەو ڕێژەیەش لە ئێستادا ٢٠٠٠ ئەفغان داوا مافی پەنابەرییەکەیان ڕەتکراوەتەوە و بڕیاری گەڕاندنەوەیان لەلایەن سویدەوە بۆ ئەفغانستان بۆ دەرکراوە. ئەم ڕێژەیەش چاوەڕوان دەکرێ زۆر زیاد بکەت. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە پۆلیسی سوید دەست بە پشکنین بۆ ئەو پەنابەرانەی ئەم بڕیاریان دەیانگرێتەوە و خۆیان حەشاداوە دەکات.

 هەروەها بەپێیی پێشبینییەکانی کۆمیسیۆنی یەکێتی چاوەڕوان دەکرێ لە دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا نزیکەی ٨٠٠٠٠ پەنابەری ئەفغان بۆ ئەفغانستان لە ئەورووپاوە بگەڕێنرێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی ئەفغانستان تەرمیناڵێکی تایبەت لە فرۆکەخانەی کابوولی پایتەخی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".