Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ئاستی زانیاریی فێرخوازە سویدییەکان بەرز بۆتەوە

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 6 december 2016 kl 11.00
"دەبێت هەوڵ بدەین باشتر بین"
(4:22 min)
pisa
وێنە: Fredrik Sandberg / TT

لێکۆڵینەوەی جیهانیی (Pisa) ئەمڕۆ دەریخست فێرخوازانی سوید ئاستی زانیاریارییان بەرزبۆتەوە بەڵام جیاوازی نێو گرووپەکانی کۆمەڵگە لەو ڕوانگەیەوە زیادی کردووە.

فێرخوازە پانزە ساڵانەکانی سوید واتا فێرخوازانی پۆلی نۆ لە قۆناغی ناوەندی، ئاستی زانیارییان لە ماتماتیک و زانست، هەروەها خوێندنەوە و تێگەشتن بەرز بۆتەوە، بە پێی ڕاپۆرتی نوێی پیسای جیهانیی. 

لەو ڕاپۆرتەدا کە 72 وڵات تییدا بەشدار بوون سوید 28ەمین وڵاتە لە ڕیزبەندی باشترین وڵاتەکاندا ئەمە بەراورد بە ڕاپۆرتی سێ ساڵ لەمەوبەر کە سوید 38 ەمین وڵات بوو واتا یەکێک بوو لە خراپترین وڵاتەکان لە گەشەپێدانی فێرخوازاندا.

لە ڕاپۆرتی ئەمڕۆدا سەنگافورە لە پێشەنگی وڵاتانی بەشدار دایەوە و دوای ئەوان یابان لە پلەی دووەمدایە و ئینجا ئێستۆنێا.

لەو تاقیکردنەوەیەی پیسادا کە ڕێکخراوی جیهانی بۆ هاوکاری و گەشەی ئابووری وڵاتانی پیشەسازی (OECD) ئەنجامی دەدا و لە ڕاپۆرتی ئەمجارەیان کە ساڵی پار 2015 ئەنجام دراوە، نزیکەی نیو ملیۆن فێرخوازی تەمەن پانزە ساڵ لە 72 وڵاتەوە تێیدا بەشدار بوون.   

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە فێرخوازە سویدییەکان ئاستی زانیارییان لە خوێندنەوە و تێگەشتندا لە سەرو ئاستی ئاساییەوەیە و لە ماتماتیک و زانست وەک فیزیا و کیمیا لە ئاستی ئاسایی پێوانەکاندان.

لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی ساڵی پاردا کە لە ڕاپۆرتی ئەمڕۆدا ڕاگەیەنراوە، فێرخوازە سویدییەکان لە زانیارییدا واتا فیزیا، کیمیا و زیندەوەرزانییدا 493 خاڵیان بەدەست هێناوە واتا لە ئاستی ئاسایی پێوانەکەدان و نۆ نمرەیان لە تاقیکردنەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر زیاترە.

لە خوێندنەوە و تێگەشتندا 500 خاڵ واتا 17 خاڵیان لە تاقیکردنەوەکانی پێشوو زیاترە، لە ماتماتیکدا 494 واتا لە ئاساتی ئاساییدان و 12 خاڵ زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر.  

ئاستی زانیاریی بە پێی پاشخانی ئابووری و کۆمەلایەتیی 

جێی ئاماژەیە لەو ڕاپۆرتەی ئەمڕۆی پیسادا هاتووە کە هەرچەندە ئاستی زانیاریی فێرخوازانی سوید بەرز بۆتەوە  بەڵام جیاوازی لە ئاستی زانیاریی نێوان فێرخوازە زیرەکەکان و کەمتر زیرەکەکان زیادی کردووە، جیاوازی لە نیوان ئاستی فێرخوازان بەپێی هەلومەرجی ئابووری و کۆمەلایەتیی زۆرە، واتا ئەو فێرخوازانەی پاشخانی ئابووری و کۆمەڵایەتییان لەبار نییە ئاستی زانیاریشیان نزمە، هەروەها جیاوازیی ئاستی زانیاریی لە نێوان فێرخوازانی بەڕەگەز سویدی و فێرخوازانی بەڕەگەز بیانیی زیادی کردووە، ئەمە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی بەشدرا بوو.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو جیاوازییە بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئەو فێرخوازانەیە کە بەڕەگەز بیانین بەتایبەت بە هۆی زیادبوونی ژمارەی پەنابەران کە ڕوویان لە سوید کردووە، هەر بۆیە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە کە سوید لەبەردەم ململانێ و ئەرکێکی قورسدایە کە ئاستی ئەو فێرخوازانە و زانیارییان بگەیەنێتە ئاستی ئاسایی فێرخوازە بەڕەگەز سویدییەکان.  

وەزیری پرسی خوێندن گوستاف فریدولین سەبارەت بە ڕاپۆرتی ئەمڕۆی پیسا دەڵێت، هەوڵ و تێکۆشانی زۆر دەرئەنجامی باشی دەبێت ئەوەش لە پۆلدا هەستی پێ دەکرێت و هەروەها لە بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاریی فێرخوازاندا لە دوو ڕاپۆرتی بەرفراواندا سەلماوە.

فریدولین هەروەها سەبارەت بە زیادبوونی جیاوازییەکان لە نێوان گرووپەکانی کۆمەڵگەدا دەڵێت بەپێی ڕاپۆرتی پیسا، هەلومەرجی پەروەردە و ئەو ژینگەیەی کە تێیدا گەورە دەبیت کاریگەریی لەسەر ئاستی خوێندنت هەیە ئەم هۆکارە لە سویددا بەراورد بە وڵاتانی دیکەی بەشداربوو زۆر گەورەترە، ئەمە شتێکە کە هەرگیز قبوڵی ناکەین.  

بۆ ئەوەی ئاستی خوێندن لە فێرگاکانی سویددا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت و دوانەکەوێت وەزیری خوێندن گوستاف فریدولین دەڵێت، لە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی مامۆستایان و یاسایەکی نوێش بە ناوی گەرەنتی فێربوونی ماتماتیک، خوێندنەوە و نووسین، دەخەینە کار کە بەو پێیە مامۆستایان هەر لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنەوە هەوڵەکانیان بۆ فێرکردنی ئەو زانیارییانە بخەنە گەڕ.

هۆکارەکانی دواکەوتن لە ڕاپۆرتی سێ ساڵ لەمەوبەردا

سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنی فێرخوازە سویدییەکان لە ڕاپۆرتی سێ ساڵ لەمەوبەردا کە سوید تێیدا ئاساتێکی زۆر نزمی هێنا بوو، ئاماژە بەوە کرابوو کە دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسێتییەکان لە بواری خوێندن و خوێندنگاکاندا نا ڕوونە و هەروەها کە ڕۆڵی دەوڵەت لە گەشە و پرۆسەی خوێندنی فێرگاکانی سویددا دەبێت پەرەی پێ بدرێت.

ئاماژە بەوەش کرا بوو کە فێرخوازە سویدییەکان لە فێرخوازی هەموو وڵاتانی دیکە زیاتر کات لە ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەسەر دەبەن.

پرۆژە وهەوڵەکان بۆ پێشخستنی خوێندن

لەسەر ئاستی سویدیشدا لە ساڵی 2010 لێکۆڵینەوەک لەلایەن دەستگەی دەوڵەتی بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەتی خوێندن و بازاڕیکار ساز درا سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی فێرخوازان لە وانەی ماتماتیک و زانیارییدا، تێیدا ئاماژە بەوە درا بوو کە فێرخوازان زیاتر خۆیان بەرپرسن لە وانەکانیان و مامۆستا ڕۆڵی لە بەڕێوەبردنی وانەکاندا کەم بۆتەوە.

هەر ئەوە وای کرد کە گفتوگۆیەکی گەرم لەسەر پرسی ئاستی زانیاریی فێرخوازان دەستی پێکرد و بڕیار درا کە سەرۆکایەتی کۆمۆن و پارێزگاکانی سوید (SKL-Sveriges kommuner och landsting) پرۆژەیەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاریی فێرخوازان دەست پێ بکەن.

لەو پرۆژەیەدا 80 کۆمۆن بەشدرا بوون و پار ئارنێ ئەندەرشۆن بەرپرسی بەشی خوێندن و بازاڕیکار دەڵێت، دەرئەنجامی ئەو پڕۆژەیە دەریخستووە کە حەوت کۆمۆن کە خۆیان ئاستی زانیاریی فێرخوازانیان باش بوو زۆر نەگۆڕاون بەڵام 79 کۆمۆنەکەی دیکە هەوڵی باشتریان داوە و ئاستی زانیارییان باشتر بووە.

لێکۆڵینەوەی پیسا

بەبیر دێنمەوە، پیسا (Programme for International Student Assessment) لێکۆڵینەوەیەکی جیهانییە بۆ پێوانی ئاستی زانیاریی فێرخوازانی قۆناغی ناوەندی واتا پۆلی 9 لە وانەکانی ماتماتیک، زانست (naturvetenskap) وەک  فیزیا و کیمیا و ژیانناسی، هەروەها توانای خوێندنەوە و تێگەشتن (läsförståelse).

ئامانج لەم لێکۆڵێنەوەیە کە سێ ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەیە تا وڵاتان ئاستی زانیاریی فێرخوازەکانیان بزانن کە ئاخۆ لەگەڵ زانیارییەکانی سەردەمدا گوونجاوە یان نا، زانیاریی فێرخوازان سەبارەت بە جیهان و دەورووبەریان چەندە، هەروەها ئاخۆ فێرخوازان دەتوانن ئەو زانیاریانەی لە فێرگا فێری دەبن لە بواری دیکەی ژیاندا دەتوانن بەکاریبهێنن و بەکەڵکیان دێت یان نا. بەو هیوایەی کە وڵاتان بتوانن لە ڕوانگەی ئەم لێکۆڵینەوەیەوە شێوازی خوێندن و پەروەردە پەرە پێ بدەن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".