Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

جیاوازیی نێوان دەوڵەمەند و هەژار لە زیادبووندایە

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 16 februari kl 10.19
"دەبێت هەلومەرجی یەکسان بۆ هەموو کۆمۆنەکان بڕەخسێنرێت"
(2:01 min)
.
وێنە: Anders Wiklund/TT

ژمارەی ئەو خێزانانەی ئاستی ئابوورییان مامناوەندییە تا دێت کەم دەبێتەوە و جیاوازیی ئابووریی نێوان شار و کۆمۆنەکانیش لە زیادبوونادیە.

ڕۆژنامەی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ (Dagens Samhälle) لە پرسی جیاوازیی مووچە و ئابووریی خێزانەکانی سویدی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابوردوودا کۆڵیوەتەوە و دەرکەوتووە کە جیاوازیی ئابووریی نێوان گرووپەکانی کۆمەڵگە لە زیادبووندایە.

گرووپی ناوەڕاست یاخود ئەوانەی ئابوورییان مامناوەندییە ژمارەیان کەم بۆتەوە لە کاتێکدا ژمارەی گرووپی هەژار و دەوڵەمەندەکان لە زیادبووندایە.

- جێی نیگەرانییە کە لە ماوەی نە تەنها پێنج ساڵ بەڵکو لەم دە ساڵەی دواییدا جیاوازییەکان زیادی کردووە، ئەو جیاوازییەش نەک هەر لە نێوان گرووپەکانی کۆمەڵگە بەڵکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە سویددا بەدی دەکرێت. ئەمەش ئاستی متمانە و پەیوەندیی نیوان گرووپەکانی کۆمەڵگە لاواز دەکات. وەزیری پرسی مەدەنی ئەردەڵان شەکەرابی دەڵێت.

 بە پێی ئەو بەدواداچوونەی ڕۆژنامەی (Dagens Samhälle) لەو 20 کۆمۆنەی کە زۆرترین ژمارەی خاوەن مووچەی بەرزیان هەیە 14 کۆمۆنیان دەکەوێتە پارێزگای ستۆکهۆڵمەوە، دوانیان لە دەرەوەی شاری مالمۆ و یەکێک لە دەرەوەی شاری یۆتۆبۆری.

ژمارەی ئەو خێزانانەی موچەیان نزمە زۆرترینیان لە سکۆنێ، ڤارملاند و یامتلاندن.

بۆ ئەوەی باری ئابووریی نێوان گرووپ و ناوچە جیاکانی سوید یەکسان بکرێتەوە هەوڵمان داوە بۆ نموونە کار بۆ کەمکردنەوەی بێکاری بکەین، بیمەی کۆمەڵایەتی پتەوتر بکەین، هەروەها باشکردنی باری ئابووریی ئەو کەسانی مووچەیان نزمە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە هەلومەرجی گوونجاو و یەکسان بۆ هەموو کۆمۆنەکان بسازێنرێت.

 جێی باسە لەو کۆمۆنانەی کە ژمارەی پەنابەری تێدا زۆرە واتا زۆرترین ژمارەی پەنابەریان وەرگرتووە ئاستی هەژاریی بەرترە. هەر بۆیە حکوومەت لە هەوڵی ئەوەدایە کە پشتگیریی ئابووریی بۆ ئەو کۆمۆنانە زیاد بکات تا سیستێمی خۆشگوزەرانی تییاندا پتەو بێت. بۆ ئەوەش 10 ملیارد کرۆن تەرخان کراوە. وەزیری پرسی مەدەنی ئەردەڵان شەکەرابی دەڵێت.

Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.