Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/
دەزگای گواستنەوەی سوید

بریاری نوێ لەسەر گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سوید و کوردستان دەدرێت

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 29 mars kl 14.44
"بە وردی چاودێریی ڕەوشەکە دەکەین"
(4:28 min)
.
وێنە: Johan Nilsson / TT

کۆمپانیای  ئایر جێرمەنی (Germania) داخوازینامەیەکی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سوید بۆ عێراق و کوردستان ئاراستەی دەزگای گواستنەوەی سوید کردووە، بەڵام ئەم دەزگایە داخوازینامەکەی ڕەتکردۆتەوە.

جێی باسە کۆمپانیای (Germania) لە داخوازنامەکەیدا داوای دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاستەوخۆ لە سویدەوە بۆ عێراق و کوردستان و بە پێچەوانەوەی لە ڕێکەوتی ٢٦-٣-٢٠١٧ دا کردبوو. بەڵام ئەم داوایە ڕەتکراوەتەوە.

 دەزگای گواستنەوەی سوید (Transportstyrelsen) سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی داخوازینامەی کۆمپانیای (Germania) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە ڕوانگەی سەقامگیرنەبوونی ئاسایش لە عێراق و دروستبوونی مەترسی لەسەر گەشتیاران، هەروا لەسەر ڕاگرتنی هەموو گەشتە ئاسمانییەکان لە سویدەوە بۆ عێراق و کوردستان بەردەوام دەبێت.

سیمۆن پۆسلوک، بەرپرسێکی دەزگای گواستنەوەی سوید سەبارەت بەو پرسیارەی کە بۆچی دەزگای گواستنەوە هەڵسەنگاندن و بڕیارێکی دیکەی بەراورد بە وڵاتانی ئەڵمانیا و نەمساوە دەردەکات دەڵێ:

  

         ئێمە لە یاسای گەشتە ئاسمانییەکانی سویددا دەستەواژەیەکی بەهێزمان هەیە کە دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت کە بڕیاری وەک ئەوەی ئێستا سەبارەت بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان دەربکەین. بەتایبەت لە ڕوانگەی ئەوەوە کە مەترسی لەسەر گەشتیاران و گەشتە ئاسمانییەکاندا هەبێت. وڵاتانی دیکە بۆ نموونە ئەڵمانیا ئەم ڕێگە یاساییانەیان وەک ئێمە نییە کە بتوانن لە ڕێگەی دەستەواژەیەکی یاساییەوە ڕێگری لە گەشتە ئاسمانییەکان بکەن. بۆ نمونە ئەڵمانیا چەندین جار ڕاسپێری کردووە کە گەشتی ئاسمانی بۆ عێراق یان بەشێکی عێراق ڕابگیرێت. ئەوان بە ڕێنمایی یان ڕاسپێری کاردەکەن و جیاوازن لە ئێمە کە خۆمان بڕیار دەدەین.

 

 جێی باسە لە ڕێککەوتی ١-٢-٢٠١٧دا دەزگای گواستنەوەی سوید بڕیاریدا کە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سوید بۆ عێراق و کوردستان، هەروەها بەپێچەوانەوە، بۆ ماوەیەکی نادیار ڕابگرێت. ئەو کۆمپانیانەی ڕێگەی گەشتکردنیان لێسەندراوەتەوە لەمانە پێکدێن:

کۆمپانیاکانی Iraqi Airways, Germania  هەروەها Zagros jet مۆڵەتی هاتۆچۆیان لە دەست دەدەن.
بەڵام ئێستا تەنها کۆمپانیای (Germania) داوای دووبارە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە سویدەوە کردبوو. لە ئێستاشدا زۆربەی گەشتیاران کە لە سویدەوە بۆ عێراق و کوردستان گەشت دەکەن، دەبێت ڕێگەی دیکە بگرنە بەر، بۆنموونە بچنە وڵاتانی دیکە و لەوێوە گەشتەکانیان ئەنجام بدەن. جێی باسە کە سیمۆن پۆسلۆک سەبارەت بەو هەڕەشانەی دەبنە جێگەی مەترسی لەسەر گەشتیاران، ئامادەنەبووە زانیاری بداتە بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید و ڕایگەیاند کە ئەم زانیارییانە بەنهێێنی پارێزراون و بەپێی یاسا ناتوانن لێدوانی لەسەر بدەن، بەڵام سەبارەت بە کاتی دیاریکردنی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان دەڵێت:

 - ئێمە بە وردی لەو دۆخە دەڕوانین و پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هاوکارانمان لە ئەورووپا و دەزگای گواستنەوەی عێراقدا هەیە. هەروەها پێوەندیمان بە نوێنەرانی فرۆکەخانەکانەوە هەیە کە پێوەندیان پێوە کردووین و باسیان  لە ئاسایشی عێراق کردووە. ئەم پرسە زیاتر پەیوەستە بەو گۆڕانکاریانەی لە ڕوانگەی ئاسایشەوە لە عێراق دێنە ئاراوە. کاتێک زانیاریی نوێمان پێگەیشت کە نیشانیدا کە ڕەوشی ئاسایش باشتر بووە، ئەوا بەزووترین کات ئێمەش هەڵسەنگاندنی دیکە لەسەر ئەم پرسە دەکەین. ئەمەش بۆ ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بە زووترین کات دەست پێبکەنەوە، بەڵام دەبێت هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ مەترسییەکان بکرێت بەر لەوەی گەشتە ڕاستەوخۆکان دەست پێبکەینەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".