Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

"بیر لە خۆکوشتن دەکەمەوە"

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 16 maj kl 08.30
چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ نزیکەی ٨٣٠٠ کەس خۆیان بشارنەوە
(8:26 min)
.
عەلی یەکێکە لەو کەسانەی بە نایاسایی لە سوید دەژی. وێنە: شاهۆ موانی

بە هەزاران کەس بڕیاری دەرکردنیان لە سوید دەرچووە و ئەمڕۆ بەنایاسایی لە سوید دەژین. ڕادیۆی سوید لەسەرانسەری وڵاتدا چاوی بە دەیان کەس کەوتووە کە خۆیان شاردۆتەوە و ناگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان. هاوکات هەندێکیان لە سوید بە مووچەی ئێجگار کەم و بەڕەش کار دەکەن.

ئەو کەسانەش زۆربەیان بەهۆی نەببوونی بەڵگەنامەی یاسایی لە سویددا ژیانێکی سەخت و دژوار بەڕێوەدەبن. هەندێکیان بە مووچەیەکی ئێجگار کەم لە بوارە جیاجیاکاندا کاردەکەن، کە دەتوانرێت بووترێت بە نانەسکی کار دەکەن.

 یەکێک لەو کەسانە عەلییە. عەلی دوو ساڵ  بەر لە ئێستا لەگەڵ برا بچووکەکەیدا هاتنە سوید و داوای ئیقامەیان کرد. بەڵام پارساڵ داوای مافی پەنابەرییەکەیان ڕەتکرایەوە و بڕیاری گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق دەرچوو، کەیسەکەیشیان درایە پۆلیس. عەلی باس لەوە دەکا کە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ عێراق. هاوکات ڕەوشی ژیانیانیان لە سوید زۆر خراپە:

        تەرد و ڕەفزم هەیە. نازانیت چارەنووست هەتاوەکو کەی بەردەوام دەبێت و هەتاوەکو کەی دەتوانیت بژیت. ژیان زۆر سەختە بەم شێوە و قەلەقی و دڵەڕاوکێ هەندێ جار وات لێدەکات کە بیر لە خۆکوشتن بکەیتەوە. هەندێک جار کۆنترۆڵ دێتە سەر کارەکەمان و خاوەن کارەکەم دەڵێ ڕاکە! مرۆڤ نازانێت بۆ کوێ ڕاکات. دە جار بە زەوی دەدیت هەتاوەکو دەتوانیت ڕاکەیت.

 عەلی و براکەی لە چێشتخانەیەک لە باشووری سوید کار دەکەن.  هەر لە نێو چێشتخانەکەشدا دەخەون و دەژین. عەلی باس لەوە دەکات کە مانگانە پێنج هەزار کرۆن وەردەگرێت و هەفتەی شەش ڕۆژ کار دەکات. براکەشی سێ ڕۆژ لە هەفتەکەدا کار دەکات و مانگانە دوو هەزار کرۆنی پێدەدرێت. تەنها عەلی و براکەی نین کە بەم شێوەیە بە نایاسایی لە سویددا دەژین.

 بەپێی ئاماری دەزگای کۆچی سوید (Migrationsverket)  ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ٦٠٠٠ کەس بڕیاری دەرکردنیان دەرچووە، بەڵام خۆیان شاردۆتەوە و نەتوانراوە بۆ ئەو وڵاتەی بگەڕێننەوە کە لێیەوە هاتوون. هەر بەپێی پێشبینییەکانی دەزگای کۆچ، چاوەڕوان دەکرێت ئەمسال نزیکەی ٨٣٠٠  و ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ١٢٥٠٠ کەس بە هەمان شێوە، بە نایاسایی لە سویددا بمێننەوە.

 کەیسی ئەم کەسانە بە مەبەستی دەرکردنیان بە پۆلیس دەدرێت. ئیدی لە پاش بڕیاری دەرکردنیان ئەو کەسانە ناتوانن لە کەمپەکانی دەزگای کۆچدا ژیان بەرنە سەر. پاتریک ئێنگستروێم بەرپرسی پۆلیسی سەرسنوور (Gränspolisen) باس لەوە دەکات کە ڕێژەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی لە سوید دەژین بەردەوام لە زیادبووندایە.

 ئەم ڕێپۆرتاژە بەشێکە لە پرۆژەیەکی ڕادیۆی سوید  لە ژێر ناوی (GömdiSverige#) واتە "لە سوید خۆحەشارداودا". 

دەتوانن لە فایلە دەنگییەدا گوێبیستی درێژەی ئەم بابەتە بن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".