Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

خوێندنگه‌

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 28 augusti 2006 kl 09.46

خوێندننامه‌ له‌ قۆناخێکی زووتردا؟

خوێندنگه‌ پرسێکی گرنگی هه‌ڵبژاردنه‌. خوێندنگه‌ی بنگه‌یی (سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی) (grundskolan) نزیکه‌ی ملیۆنێک خوێندکاری هه‌یه‌، دواناوه‌ندییش ٣٥٠ هه‌زار. زۆربه‌ی زوری خوێندنگه‌کان سه‌ر به‌ کۆمیونه‌کانن. یه‌ک له‌ ده‌یان خوێندنگه‌ی سه‌ربه‌خۆن (friskolor)، به‌و مانایه‌ی که‌ سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت نین و تایبه‌تین. خه‌رجی خوێندنگه‌ هه‌موو ساڵێک نزیکه‌ی ١٠٠ ملیارد کرۆنه‌.

هه‌موو ساڵێکیش گه‌لێک منداڵ و لاو به‌ زانیاریی ناته‌واوه‌وه‌ خوێندنگه‌ به‌ جێ ده‌هێڵن. بۆ نموونه‌ نزیکه‌ی ٩٪ خوێندکار به‌ پله‌ی ده‌رنه‌چوونی یه‌کێکی بابه‌ته‌ کرۆکییه‌کانه‌وه‌ ”زمانی سوێدی و ئینگلیزی و بیرکاری” (kärnämnena) خوێندنگه‌ی بنگه‌یی به‌ جێ ده‌هێڵن. بۆیه‌ هه‌موو پارتییه‌کان ده‌یانه‌وێت کارگه‌ری زێده‌تر بۆ خوێندنگه‌کان دابین بکه‌ن و دژی جوداکاریی کار بکه‌ن.

به‌لام هێڵه‌ جیاکه‌ره‌وه‌ ڕوونه‌کانی نێوانیان خوێندننامه‌کانه‌، که‌ به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی بورژووا ده‌یه‌وێت زووتر له‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ، بدرێن . پارتی گه‌ل و مه‌سیحییه‌دیموکراته‌کان جه‌خت له‌سه‌ر پێویستکردنی ڕه‌وتار و دیسیپلینی تووندتر ده‌که‌ن. به‌ره‌ی هاوپه‌یمان به‌ پارتی ژینگه‌یشه‌وه‌ خوێندنگه‌یه‌کی زێده‌تری تایبه‌تییان ده‌وێت.

حوکوومه‌ت و پارتی چه‌پ و پارتی ژینگه‌ مایه‌گوزاریی له‌سه‌ر کارکردن دژی جوداکاریی له‌ خوێندنگه‌کاندا ده‌که‌ن. ئه‌و خوێندنگه‌یانه‌ی له‌ بارێکی ناله‌باردان ٢٢٥ ملیۆن کرۆنیان بۆ دووساڵی دادێت، ته‌رخان کراوه‌. ئه‌و خوێندنگه‌یانه‌یش که‌ که‌وتوونه‌ته‌ ناوچه‌ ته‌ریکخراوه‌کانه‌وه‌، ده‌بێت هه‌زار کارگه‌ریان بۆ دابمه‌زرێنرێت. پاره‌ به‌ری کۆمیونه‌کانیش ده‌که‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنگه‌ی هاوینه‌ بۆ ئه‌و خوێندکارانه‌ دابین بکه‌ن، که‌ کێشه‌یان له‌ خوێندگه‌دا هه‌یه‌. پارتییه‌کان نایانه‌وێت خوێندننامه‌ له‌ پۆله‌ سه‌ره‌تاییه‌کاندا هه‌بێت، که‌ به‌پێی ئه‌وان هه‌ر لێدوانی په‌ره‌سه‌ندنیان (utvecklingssamtal) به‌سه‌.

به‌لام له‌و کاته‌دا حوکوومه‌ت  و پارتیی چه‌پ ده‌یانه‌وێت بوار و سنووره‌کانی خوێندنگه‌ی تایبه‌تیی وه‌کوو خۆی بهێڵنه‌وه‌ ـ پێیان وایه‌ که‌ نابێت به‌شگه‌ پاره‌ی له‌ کاری فێرکارییه‌وه‌ ده‌ست بکه‌وێت ـ پارتیی ژینگه‌ ده‌یه‌وێت بوار بۆ ئه‌و خوێندنگه‌یانه‌ هه‌موار بکات که‌ به‌ خوێندنگه‌ی سه‌ربه‌خۆ ناوده‌نرێن. له‌م خاڵه‌دا پارتیی ژینگه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆندا دژی حوکوومه‌ت و یاسایه‌کی نوێ هاوپه‌یمانه‌، که‌ ڕێ ده‌دات باخچه‌ی مندالانی تایبه‌ت و خانه‌ی کاتی ئازاد دابمه‌زرێت، که‌ له‌ یه‌کی مانگی جولایی ئه‌مساڵه‌وه‌ کاری پێ کراوه‌. 

به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی بورژووا ده‌یه‌وێت:

ـ خوێندننامه‌ زووتر و له‌ قۆناخێک زێده‌تردا بهێنێته‌ ئاراوه‌ (ته‌نیا مه‌سیحییه‌دیموکراته‌کان قۆناخیان دیاری کردووه‌: له‌ شه‌شه‌م ساڵی خوێندندا)

ـ ئامانجی ویزاریی ”تاقیکردنه‌وه‌” (nationella mål) بۆ زمانی سوێدی له‌ سێیه‌م ساڵی خوێندنه‌وه‌ بهێنرێته‌ ئاراوه‌.

ـ قۆناخی کۆنترۆلکردن له‌ سێیه‌م و پێنجه‌م و هه‌شته‌م ساڵی خوێندندا، له‌گه‌ڵ تاقیکردنه‌وه‌ی زۆره‌کیی ویزارییدا بهێنرێته‌ ئاراوه‌.

پارتیی گه‌ل ده‌شیه‌وێت هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌وتار له‌ خوێندننامه‌دا هه‌بێت و ئه‌و بواره‌ی فێرکردنه‌یش بڕه‌خسێنرێت که‌ کچان له‌ کوڕان جیا بکرێنه‌وه‌. مه‌سیحییه‌دیموکراته‌کان هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسراوی ڕه‌وتاریان له‌ یه‌که‌م ساڵی خوێندنه‌وه‌ ده‌وێت (به‌و خۆزگه‌یه‌وه‌ خوێندننامه‌ئاسا بێت) و تێیدا ئاماژه‌ به‌ ڕۆژانی ئاماده‌نه‌بوون له‌ خوێندنگه‌دا بدرێت.

گوتنه‌وه‌ی زمانی زگماک

حوکوومه‌ت و پارتیی چه‌پ و ژینگه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێککه‌وتوون که‌ پاره‌ به‌ خوێندنگه‌ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن وانه‌ی (بۆ نموونه‌ بیرکاری) به‌ زمانی زگماکی خوێندکار بڵێنه‌وه‌ و مامۆستای زمانی زگماکیش په‌ره‌ به‌ لێهاتووییه‌که‌ی بدرێت.

بێجگه‌ له‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ پارتیی چه‌پ و حوکوومه‌ت ده‌یانه‌وێت دۆخه‌که‌ وه‌کوو خۆی بمێنێته‌وه‌. به‌لام پارتیی ژینگه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو منداڵێکی خوێندنگه‌ی بنگه‌یی مافی وانه‌ی زگماکی هه‌بێت، نه‌ک هه‌ر له‌و بارودۆخانه‌دا که‌ مه‌رجه‌کانی تێدا ڕه‌خساون (یاسا به‌ پێویستی ده‌زانێت که‌ مامۆستایه‌کی شیاو هه‌بێت و به‌لای که‌مه‌وه‌ پێنج خوێندکاریش له‌ کۆمیونێکدا که‌ بیانه‌وێت زمانی زگماک بخوێنن، به‌و مه‌رجه‌وه‌ که‌ زانیارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی زمانه‌که‌یان هه‌بێت).

مه‌سیحییه‌دیموکراته‌کان ده‌یانه‌وێت، ته‌نانه‌ت خوێندکاری دواناوه‌ندییش مافی خوێندنی زمانی زگماکیان پێ بدرێت و، داوای ڕه‌خساندنی ئه‌م مافه‌ له‌ کۆمیونه‌کان بکرێت به‌و مه‌رجه‌یشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ پێنج منداڵ که‌متر خوێندنی ئه‌و زمانه‌ زگماکه‌یان بوێت.

پارتیی سه‌نته‌ر ده‌یه‌وێت ئه‌و خوێندنگه‌یانه‌ی ئه‌زموونێکی باشیان له‌ بابه‌تگوتنه‌وه‌ به‌ زمانی جیا له‌ سوێدیش هه‌یه‌، وه‌کوو خۆێندنگه‌ی خانه‌خوێ خوێندکاری خوێندگه‌ی تر وه‌خۆوه‌ بگرن، تاکوو ئه‌م خوێندنه‌یان له‌ دووره‌وه‌ بۆ هه‌موار بکرێت.

تێبینی! ئه‌رکی سه‌ر کۆمیونه‌کانه‌ که‌ گوتنه‌وه‌ی زمانی زگماک بۆ خوێندکاری زمانی سامێ و فینله‌ندیی تورنێدال یان زمانی رومیی دابین بکه‌ن، با ژماره‌یان له‌ پێنج خوێندکاریش که‌متر بێت. گوتنه‌وه‌ی ئه‌م زمانانه‌، که‌ زمانی که‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی پێک ده‌هێنن، ده‌بێ بگوترێنه‌وه‌ با زمانێکیش بێت که‌ خوێندکار ڕۆژانه‌ پێی نائاخێوێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".