ئێران پرسێکی گرنگی کۆبونه‌وه‌کانی ستۆکهۆلم بوو

کۆبونه‌وه‌ نافه‌رمییه‌که‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی 27 وڵاتی ئه‌ندامی یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپا که‌ هه‌فته‌ی ڕابوردوو له‌ ستۆکهۆلم به‌ڕێوه‌ چوو، ڕۆژی شه‌ممه‌ کۆتایی هات، شایه‌نی باسه‌ کیشه‌ی ئه‌فگانستان و پرسی ئاشتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا  ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی گفتۆگۆکانی ئه‌و کۆ‌بونه‌وانه‌ بوون.

 سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئه‌فگانستان باس له‌ زیادکردنی پاره‌ی ته‌رخانکراو بۆ چالاکییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان له‌ ئه‌فگانستان کرا، جێی باسه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی تا ئێستا بۆ ئه‌و کارانه‌ ته‌رخانکرابوو ملیاردێک یوروه‌

شایه‌نی باسه‌ له‌ چوارچێوه‌ی باسه‌کان سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئاشتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جگه‌ له‌ کێشه‌ی خانوبه‌ره‌ دروستکرد‌نه‌کانی ئیسرائیل له‌ خاکی فه‌له‌ستیندا که یه‌کیه‌تیه‌که‌ ‌ داوای وه‌ستاندنی ده‌کات، پرسی ئێران گه‌رم بوو. 

جێی گوتنه‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کاڵ بیلد له‌ گفتوگۆکانیدا سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ی ئێران به‌ هۆشیارییه‌وه‌ دواوه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن زۆربه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی یه‌کییه‌تی ئه‌وروپاوه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ی خرایه‌ به‌رده‌ست که‌ یه‌کیه‌تییه‌که‌ ده‌بێت ئابڵوقه‌ ئابوریه‌کان له‌سه‌ر ئێران توندتر بکاته‌وه‌. له‌ ڕوانگه‌ی فه‌ره‌نسه‌ و ئه‌ڵمانیاوه‌  گه‌ر بێت و ئێران تا مانگی ئۆکتۆبه‌ر ئاماده‌ی گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ پرۆگرامی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته‌ نه‌بێت ئه‌وا ئابڵوقه‌کان ڕه‌نگه‌ نارده‌ی به‌نزینی ئێرانیش بگرێته‌وه‌.