خەڵاتی ئابووری بە یادی نۆبێل، بەشێنرا

دوو ئابووریزانی ئەمریکایی بە ناوانی ئێلینور ئوستروم و ئولیڤر ویڵیامسن بە شێوەی هاوبەش، خەڵاتی ساڵانەی ئابووری بە یادی ئالفرید نۆبێل وەردەگرن. هەر دوو برەوە، لەبەر ئەو شرۆڤەیەی لەسەر ڕێکخستنی ئابووری کردوویانە خەلات دەکرێن. ئوستروم لە بەر لێکدانەوەی ئابووری لە ڕێکخراوە هەرەوەزییەکاندا و ویڵیامسۆن لە بەر شرۆڤەی ئابووری بە تایبەت لە سنووری نێوان شیرکەتەکاندا.

ئێلینور ئوستروم کە یەکەم ژنە ئەم خەڵاتە جیهانییەی لە بواری ئابووریدا دەدرێتێ، مامۆستای زانکۆی ئیندیانایە لە ئەمەریکا و ئولیڤر ویڵیامسۆن، مامۆستای زانکۆی کاڵیفۆرنیایە هەر لە ئەمەریکا و تیۆریی خۆی لە سەر شیرکەت وەک ڕێی چارەسەریی دژبەرییەکان بینا ناوە.

لە گوێن داخوویانیی ئەکادیمیای زانستیی پاشایەتیی سوید، توێژینەوەکانی ئەم دوو کەسە بوونەتە بناغەیەک بۆ بە ڕێکخراوەکردنی ئابووری. سەرجەمی بڕی ئەم خەڵاتە دە میلیۆنە کە هەر کام لە برەوەکان، پێنج میلیۆنیان پێدەگات.