بەرازەوانیی نەشیاو

لە بواری بەخێوکردنی ئاژەڵدا، کەمایەسییەکی زۆر لە سویدیش هەیە بە تایبەت لە بەرازەوانیدا، هەرچەند پێشتر ئەم ڕاستییە نەکەوتبووە بەر چاو. ئەمە بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە ڕێکخستنی ناودێر بە Djurrättsalliansen واتا هاوپەیمانیی مافی ئاژەڵ کردوویەتی و بەشی ناوەندیی دەنگوباسی ڕادیۆی سوید لێی ئاگادار کراوەتەوە.

یەکێ لەو مەزرایانەی لێی کۆڵراوەتەوە هی سەرۆکی ڕێکخراوی بەرهەمهێنەرانی گۆشتی سوید (Swedish Meat) و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخراوی تەندروستیی ئاژەڵ، لارش هولستروێمە، کە بەرازی لێ بەخێو دەکات.

ناوەوەی ئەو گەوەڕی بەرازان، یەکجار زۆر پیسە، تەنگوترشە، چەند بەرازێک ماوەیەکە پێیان شکاوە، لە پیسایی خۆیاندا دەگەوزن، گەوەڕەکە ئالیفی لێ نییە، بەرازێک مرداربۆتەوە و لەشی هەڵمساوە. چەند بەرازێکیش تێی ئالاون و بە ددان دەیئەنجنن و دەیخۆن. ئەم وێنەیە لە لایەن چالاکانی ڕێکخستنی هاوپەیمانیی مافی ئاژەڵ بە فیلم گیراوە و ڕادیۆی سوید ڕاستیی فیلمەکە دەسەلمێنێ. یوان بێک فریس (Johan Beck Friis) لە فیدراسیۆنی ئاژەڵپزیشکانی سوید بە بینینی ئەو فیلمە زۆر خەفەتبار بوو.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لارش هولتسروێم، دان بە هەبوونی چ کەمایەسییەک لە گەوەڕەکەی خۆی یا ئەوانی تری سوید نانێت و هیچ کۆمێنتارێک نادا.

ساڵی رابردوو رادیۆ سوید لە قاوی دا کە سەرەڕای چاوەدێریی کاربەدەستان، لە چل لەسەدی گەوەڕەبەرازەکانی سویددا کەمایەسیی بەربڵاو هەیە و ئەو خواردنەی پێیان دەدرێ تا زووتر پێی گۆشت بگرن، نەخۆشیان دەکات.