توندترکردنەوەی سزاکان: بۆ بەرگرتن بە تاوان؟ یا خود دەنگهێنانەوەی هەڵبژاردن؟

حوکوومەتی سوید ئەمڕۆ پێشنیاری ئەوەی کرد کە لەمەودوا سزای قورستر بۆ هەندێ تاوان، لەبەرچاو بگیرێ. هه‌روه‌ها ناوێکی دیکەش بخرێته‌ ناو کتێبی یاساوه‌: ئازارپێگەیاندنی یەکجار قورس (synnerligen grov misshandel).

ئێستا تاوانی ئازارپێگەیاندنی قورس (grov misshandel)، دەتوانێ حوکمی یەک تا دە ساڵ زیندانی بەدواوە بێ، بەڵام بە گوێرەی توێژینەوەیەکی دەوڵەت، دادگەکان زۆرتر نزیکەی ساڵێک تا ساڵ و نیوێک حوکمی زیندان بۆ ئەم جۆرە تاوانە دەبڕنەوە. ئێستا حوکوومەت دەیەوێ سزای قورستر بۆ تاوانی ئازارپێگەیاندنی زۆر جیددی، لەبەرچاو بگیرێ و حوکمەکە بکرێتە چوار ساڵ.

 بەڵام ئەو تاوانانە چین؟ وەزیری داد بیاتریس ئاسک وەڵام دەداتەوە:

بیاتریس ئاسک دەڵێ: کاتێ تاوانەکە زۆر گەورە بێت، کاتێ بۆ نموونە دەسدرێژی دەکرێتە سەر کەسێکی کەمئەندام یا بە ساڵاچوو، یا خود ئازارلێدانەکە لە ئەشکەنجە نزیک دەبێتەوە.

حوکوومەت هەروەها پێشنیاری ئەوەش دەکات کە هەندێ سزاش توندتر بکرێن بۆ نموونە گوشارخستنی یەکجار زۆر، کە ئەمڕۆ لانی زۆر شەش مانگ حوکمی زیندانی پێوەیە، بکرێتە لانی کەم ساڵێک زیندان.

ئالوگۆڕێکی دیکەش ئەوە دەبێت کە دادگەکان بە گشتی بۆیان ئاسانتر دەلوێت کە کاتێ تاوانەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەڕێوە چووبێت ئەوا حوکمی قورستر ببڕنەوە. بیاتریس ئاسک وەزیری داد، وەها پێناسەی سزاتوندترکراوەکان دەکات:

ئێمە داوای سزای ڕەوا و ژیربێژییانەی وا دەکەین بە عەقلدا بچێ و شیاوی ئەو تاوانە قورسە بێت کە تاوانکارەکە کردوویەتی.

کەوابێ ئەوەش لە بەرچاو گیراوە کە خەڵکەکە چۆن لەو سزایە دەڕوانێ؟ وەزیری داد دەڵێ ڕێک وایە!

جێرزی سارنێتسکی پرۆفیسۆری تاوانناسی لە زانستگای ستۆکهۆڵم پێی وایە کە ئامانجی حوکوومەت لە توندترکردنەوەی سزاکان و زێدەکردنی تاوانی ئازارپێگەیاندنی یەکجار گەورە، لە پلەی یەکەمدا ڕازیکردنی خەڵکە نەک ئەوەی هەوڵ بۆ گێڕانەوە لە ئەنجامی تاوان بکەن.

سارنێتسکی دەڵێ من تەنانەت دڵنیا نیم لەوەی حوکوومەت باش بۆ ڕوانگەی خەڵکیش چووبێ. توێژینەوەکان هەردەم نیشانیان داوە کە کاتێ لە خەڵک دەپرسی ئایا پێتان وا نییە کە سزای تاوانی توندوتیژی، کەم بێت، ئەوا هەموو دەڵێن با کەمە. کەچی کاتێ بۆیان بەتەواوی ڕوون دەکەیتەوە کە مەبەستت لە تاوانەکە چییە و ئینجا هەڵسەنگاندنی نێوان داوەریی خەڵک و حاکمان دەکەی، ئەوا دەبینی کە خەڵک، سزایەکی کەمتری لەبەر چاو گرتووە. واتا کێشەکە لێرەدا لەوە دایە کە جۆری تاوانەکە بۆ خەڵک ڕوون نەکراوەتەوە.

سارنیتسکی دەڵێ لە بیرمان نەچێ کە ئێستا لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە و کاتی وەیە هێزی دەسەڵاتدارێتی بنوێنرێت. بۆیە حوکوومەت وەها پرسێک بەرز دەکاتەوە تا دەنگی پێ بێنێتەوە. من ئەم پێشنیارە وەها هەڵدەسەنگێنم.