دوو مێرمنداڵ، تاوانی قەتڵیان دراوەتە پاڵ

ئەمڕۆ دوو کوڕی مێرمنداڵ لە یۆتێبۆری بە تاوانی کوشتنی گەنجێکی ٢٤ ساڵە بە چەقۆ لە بەر دەم بانکی ڕاگوزەر، بانکۆمات لە لێنسمانس تۆریەتی ئەم شارە، لە مانگی فێبرواریی ئەمساڵدا، مەحکەمە کران. مێرمنداڵەکان ١٧ و ١٨ ساڵەن و هەردووک، تاوانی قەتڵیان دراوەتە پاڵ. هەرچەند بە پێی قسەکانی دادستێن، هۆکان یووانسۆن، چەقۆکە بە کوڕە ١٨ ساڵەکە بووە، بەڵام هەردووکیان تاوانی هاوبەشی دزی و قەتڵیان لە سەرە.

هۆکان یووانسۆن دەڵێ ١٧ ساڵەکە بەتەواوی ئاگای لە بەکارهێنرانی چەقۆ و توندوتیژییە بەرنامە بۆ چنراوەکە هەبووە و ئەم توندوتیژییەش، مەرگی کابراکەی لێ کەوتۆتەوە.

شاهیدانی ڕووداوەکە دەڵێن کە ئەم دوو میرمنداڵە، پاش دزییەکە ٢٣ کرۆنیان لێ دزیوە.

مەحکەمەکراوان نکۆڵی لە کوشتنەکە دەکەن بەڵام نەیانگوتووە کە لە شوێنی ڕووداوەکە نەبوون. کوڕە ١٨ ساڵەکە، پێبوونی چەقۆکەشی سەلماندووە.

شیاوی باسە کە هەر ئەو مێرمنداڵە ١٨ ساڵەیە، گومانی دوو دزیی تر لە زستانی ڕابردووشی لێ دەکرێ.