هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گەمێیەکانی یارمەتیگەیێن

كۆماندۆ ئیسرائیلییەکان ئەم بەیانییە بە ڕێی هێلیکۆپەترەوە دابەزینە ناو چەند گەمێیەکی یارمەتیگەیێن کە بە ئامانجی شکاندنی گەمارۆی ئابووریی لێواری غەزە، بەرەو ئەو ناوچەیە لە ڕێدا بوون. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا لە نێوان دە تا بیست کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون.

قسەبێژی دەوڵەتی ئیسرائیل دەڵێ سەرنشینانی گەمێیەکە بە چەکی گەرم هێرشیان کردۆتە سەر کۆماندۆکان و ئەوانیش دەستیان کردۆتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە فەلستینییەکان ئەم هەواڵە وەدرۆ دەخەنەوە.

هەواڵەکان هەروەها باسی کوژرانی راعد سەلاح، یەکێ لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئیسرائیل لەو ڕووداوەدا دەکەن کە ڕێکخراوێکی دینییە و ئامانجی پەرەپێدانە بە ئیسلامە لە ناو فەلەستینییەکانی نیشتەجێی ئیسرائیل.

تلەڤزیۆنی تورکیە هەندێ دیمەنی لەو ئوپراسیۆنە نیشان داوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوێکی ناحوکوومیی تورکیە ئەم کەرەسانەی لە قیبرسەوە بۆ یارمەتیگەیاندن بەڕێکردوون و زوربەی سەرنشینانی گەمێیەکەش، هاووڵاتیانی تورکیە بوون. بارەکانیش بۆ نموونە سیمان و کەرەسەی ساختومانسازی بوون.

سەرچاوەکانی ئیسرائیلی گوتبوویان کە توندڕەوە ئیسلامییەکان لەم کەرەسانە بۆ سازکردنی تونێلی نهێنی بۆ گواستنەوەی نایاسایی چەک، کەڵکوەردەگرن نەک بەو جۆرە یارمەتیگەیێنان دەڵێن بۆ سازکردنەوەی ئەو بینایانەی لە شەڕی ساڵی ٩ـ٢٠٠٨دا وێران کرابوون.

هەندێ هەواڵی سەرچاوە تورکیە، باس لەوە دەکەن کە هێرشی چەکدارانی ئیسرائیلی لە سەد کیلۆمەتریی لێواری غەزە و لە ناو ئاوە نێونەتەوەییەکاندا هێرشی ئەو گەمێیانەیان کردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنرانی وەزارەتی دەرەوەی سوید، یازدە چالاکی سویدی لە گەڵ گەمێی یارمەتیگەیێنی شیپ توو گازا (Ship to Gaza)دا بوون کە ئەم بەیانییە هێرشی کرایە سەر. نووسەر هێنینگ مانکل، ئەندام پەرلەمانی بەڕەگەز تورک مەهمەت کاپلان و پزیشک ڤیکتوریا ستراند لە یەکێکی دیکە لەو گەمێییانەدا بوون. ماتییاس گاردێل، پسپۆڕی مێژووی دینیش ڕێک لەو گەمێیەی تورکییەدا بووە کە تەقە و کوشتارەکەی تێدا کرا. میکایێل لوێڤگرێن بەرپرسی چاپەمەنیی بەشە سویدییەکەی شیپ تو گازا، دەڵێ چەندین سویدیی دیکەش هەر لە هەمان گەمێدا بوون و ئەمە لەو فیلمانەی شەوی ڕابردوو تلەڤزیۆنی تورکیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاوی کردنەوە دەردەکەوێ.

میکایێل لوێڤگرێن بەرپرسی چاپەمەنیی بەشە سویدییەکەی شیپ تو گازا دەڵێ ئەو پێی وانەبوو کە ئیسرائیل سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی کردبووی ئەوا دژی ئاشتیخوازان و چالاکانی مافی مرۆڤ دەست بداتە ئەم ئۆپەراسیۆنە چەکدارییە.

حیزبەکانی بەرەی سەوزوسوور لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا ئەم هێرشەی ئیسرائیلیان مەحکووم کرد و بە پێشێلکردنی یاسانێونەتەوەییەکان ناودێریان کرد. مۆنا سالین کاردانەوەیەکی زۆر توندی لە خۆ نیشان دا و داوای کرد کە یەکێتیی ئەورووپا پێکەوە دژی ئیسرائیل هەڵوێست بگرن و بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵی ڕاگرن.

هانس لیندێ قسەبێژی پارتیی چەپی سوید لە پرسی سیاسەتی دەرەوەدا، داوا لە وەزیری دەرەوە کارل بیلد دەکات کە هێرشەکە مەحکووم بکات و دەڵێ ئیسرائیل بە خوێنی خۆی ئەم مێژووەی نووسی کە ستەمکارترین حوکوومەتی سەردەمی ئێستای ئێمەیە و بە "جەللادی شەیتان" ناوی برد. لارش ئولی سەرۆکی ئەم حیزبەش پشتگیری لە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە کرد.

پێتر ئێریکسۆن سەرۆکی پارتی ژینگە کە ئەندامی حیزبەکەی لە پەرلەمان مەهمەت کاپلان، لەگەڵ ئەم گەمێیەدایە ڕایگەیاند کە لە سەعات پێنجی بەیانییەوە ئیدی هیچ کورتەنامە ـ ئێس ئێم ئێس ـ لە کاپلانەوە نایەن.

بەڵام کارل بیلد وەزیری دەرەوەی سوید لە وتووێژێکدا باسی ئەوەی کرد کە ئەم بارودۆخەی ئێستا جیددی و مەترسیدارە و کارتێکەریی زۆر جیددیشی دەبێ بۆیە پیویستە ئێمە راستییەکان دەرخەین و دواتر هەڵوێست بگرین نەک وا بە پەلە.

کارل بیلد دەڵێ بێگومانە لەوەی کە پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی شارومەندانیان تێیدا کوژراون یا یا مردوون، ناخۆش دەبێت. کاردانەوەی سویدیش هەڵوێستگرتنێکی ئەورووپایی دەبێ. چونکە ڕەنگە سویدییەکان کەمتر خەساریشیان وێکەوتبێ بەڵام ئەوە هاوکارییەکی ئەرووپاییە و کۆدەنگی بەدواوە دەبێ.

کارل بیلد پێی وایە جارێ زوویە و ناکرێ بڵێی کە ئەم ڕووداوە لە ئاوەکانی نێوونەتەوەییدا کراوە. بەڵکوو دەبێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ و گشت ڕاستییەکان وەک خۆی دەرکەون.