گەنجانی بیانیڕەگەز زۆر بە ئاسانی دەکەونە ناو کێشەی‌ ماده‌ی سه‌رخۆشکه‌رەوە

گەنجانی بیانیڕەگەز زۆر بە ئاسانی دەتوانن بکەونە ناو کێشەی گیرۆدەییەوە. ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی هاسێلا سولیداریتێت لێوەی دەدوێ کە لەسەر کێشەی گەنجان و گیرۆدەیی کار دەکات. بۆیەش ئەو ڕێکخراوەیە پرۆژەیەکی تایبەتی دەست پێکردووە کە بەرەو ڕووی ئەو گەنجە بیانییانە دەبێتەوە کە تازە هاتوونەتە سوید.

یێنی ئاندربەری، بەرپرسی چالاکییەکانی ئەم پرۆژەیە دەڵێ ئەم دیاردە دڵتەزێنە، پەیوەندیی بە کولتووری ئەو کەسانەوە نییە بەڵکوو بەر لە هەموو شت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەپەراوێزخراوییەی لە کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها هەندێکیش ئەو هەژارییەی ئەو کەسانە تێیدەکەون.

بە ڕای یێنی ئاندربەری ، یەکێ لەو هەنگاوانە بەشدارکردنی ئەو گەنجانەیە لە ژیان و چالاکییەکانی ناو کۆمەڵەکاندا، ناودێر بە svenska föreningslivet.