وردەکاریی زیاتر لە سەر ئابلۆقه‌کانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا دژی کۆماری ئیسلامی

هەروەک پێشتریش باسمان لێوە کرد ڕۆژی ڕابردوو وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، گەمارۆ نوێیەکانی سەر کۆماری ئیسلامی لە بواری وزەیان پەسند کرد. زوربەی ئەو ئابلۆقانە‌ش هەر لە سبەینێوە دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ناو ئەو گەمارۆیانەدا دەتوانرێ ئاماژە بە قەدەغەبوونی فرۆشرانی کەرەسە، تەکنیک و ئەو خزمەتانە بکرێ کە لە بواری وزەدا بەکاردەهێنرێن. لەم ناوەدا وێستگەکانی پاڵاوتنی کۆماری ئیسلامی و کاری کەشف و بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی ئەم وڵاتە، تووشی دژواری دەبن. هەروەها سەرمایەگوزاری لە بواری وزەی ئێرانیش قەدەغە دەکرێ.

چەند نموونەیەکی تری ئەم گەمارۆیانە بریتین لە:
قەدەغەبوونی ڤیزە بۆ کاربەدەستانی گەورەی ئێرانی وەک محەمەد عەلی جەعفەری سەرۆکی سوپای پاسداران، مستەفا محەمەدی نەجار وەزیری پێشووی بەرگری، غلامرضا آقازادە سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، هەروەها پسپۆڕانی وزەی ئەتۆمی و تەکنیکی فەزایی.

وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هەروەها پێشنیاریان پی دەکرێ کە ئیزنی نیشتنەوە نەدەن بە فڕۆکە بارییەکانی ئێران. کڕینی هەر چەشنە پشکی دەوڵەتی ئێران، بانکی ناوەندی یا بانکەکانی تر یا خود ئەو پشکانەی دەوڵەت گەرەنتیی کردوون، تەنانەت یارمەتیدانی فرۆشیشییان قەدەغەیە. هەناردە و هاوردەی چەک، مادە، تەکنیک و کەرەسەی تەقەمەنی، یا خود فایلی کۆمپیوتێری کە بۆ زەنگینکردنی ئورانیۆم چ لە بواری مەدەنی یا خود سوپاییدا مەمنووعە. گواستنەوەی پارەی زیاتر لە چل هەزار یۆرۆ لە ئێران یا خود بۆ ئێران بە بێ ئیزننامەی یەکێتیی ئەورووپا قەدەغەیە. هەروەها پێبوونی زیاتر لە دە هەزار یۆرۆ بۆ کڕینی خواردەمەنی، داودەرمان و کەسەرەی پزیشکی دەبێ ڕاپۆرت بدرێ.

ڕوانگەکان دەربارەی کارتێکەریی ئەو گەمارۆیانە لە سەر ئێرانییەکانی سوید و بازرگانانی ئێرانی لە سوید، گەلێ لێک جیاوازە.