
سوسیالدیموکراتەکان بەرەوڕووی ڕەخنەی بەرفرەی ناوخۆیی بوونەتەوە
ڕەخنەی ناوخۆیی ناو پارتیی سوسیالدیموکراتەکان پاش ئەو ئاکامە گەلێ خراپەی هەڵبژاردنی سێپتامبری ڕابردوویان، هەر دێ و بەرفرەتر دەبێتەوە.
یەکێتیی لاوانی ئەم پارتییە (SSU) هەفتەی ڕابردوو داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکایەتیی حیزبی لە کۆنگرەی ئاوارتەی ساڵی داهاتووی کرد. ئەوا ئێستاش کەسایەتییەکی گرنگی ناو ئەم حیزبە واتا "هۆکان یووهۆڵت" هەر هەمان داوای هێناوەتە گۆڕێ و زۆر بە جێشی دەزانێ. یووهۆڵت سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگریی پەرلەمانە و یەکێ لە سەرۆکانی ئەم پارتییە.
هۆکان یووهۆڵت دەڵێ من پشتگیری لە داوای (Jytte Guteland) سەرۆکی یەکێتیی لاوان دەکەم کە دەڵێ دەبێ گشت ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەم حیزبە واز بێنن، تەنانەت هۆکان یووهوڵتیش دەبێ دەست لە کار بکێشێتەوە و جێی خۆی بداتە کەسانی شیاو. دەبێ سەرۆکایەتییەکی نوێ لە کۆنگرە ئاوارتەکەی داهاتوودا هەڵبژێردرێ. من هیچ شتێکم دژی وەها هەڵوێستیک نییە و پێم وایە زۆریش ژیربێژانەیە.
بە گوێرەی "ئاکتوێل"، بەرنامەی دەنگوباسی تلەڤزیۆنی سوید، تەنانەت کۆمیسیۆنی ئیجراکاری سوسیالدیموکراتەکانیش گفتوگۆی لە سەر ئەم مەرجە کردووە کە هەموو سەرۆکایەتیی پارتییەکە دەست لە کار بکێشنەوە، بە مۆنا سالینەوە کە وا دەبێ بە دوای کۆنگرەی نائاسایی پارتی لە ساڵی داهاتوودا واز بێنێ. ئەم ڕەخنە و داوایەش هەرگیز وا بەرفرە نەبووە.
هاوکات دوو سەرۆکی کۆمیسیۆنی قەیرانی پارتیی سوسیالدیمۆکرات، ئەردەڵانی شەکەرئابی و ئاننا یوانسۆن، ئەمڕۆ لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی داگێنزنیهێتر بڵاویان کردۆتەوە ڕەخنەیان لە حیزبەکەیان گرتووە و نووسیایانە: "ئەو وێنەیەی حیزبەکە دەیداتە دەست، واتا نوخبەیەکی دەسەڵاتداری موحافەزەکاری جێخۆشکردووی داتەپیو، ڕەنگە گەورەترین دوژمنی حیزبەکە بێت." ئەم دوو کەسە کە لە پارتییەکەدا خاوەن قورسایی تایبەتیین، داوای پێکهێنانی ئالوگۆڕیان لە حیزبەکەیاندا کردووە.
ئەردەڵان شەکەرئابی سەرۆکی پێشووی یەکێتیی لاوانی سوسیالدیموکرات و یەک لە دوو سەرۆکی ئێستای کۆمیسیۆنی قەیرانی ئەم حیزبە ئەمڕۆ لە بەرنامەی بەیانی باشی رادیۆ سویددا گوتی کە ئەمە حەیاچوونە بۆ سوسیالدیموکراتان کە هەڵبژاردنێکی وەها خراپیان کرد و ئەمە دەبێ دانی پێدا بنرێ!
ڕەخنەی ناوخۆیی ناو سوسیالدیموکراتەکان لە سەرۆکایەتیی حیزبەکە، ئێستا ئیدی لەوە دەرچووە شتێکی ناوخۆیی بێت، بەڵکوو زۆر بە کراوەیی و لە سەر لاپەڕەی هەواڵ و گفتۆی زوربەی ڕۆژنامەکاندا دەکرێ. لە گوێن بۆچوونی یێنی مادەستام (Jenny Madestam) مامۆستای سیاسەت لە زانستگای ستۆکهۆڵم، ئەمە ستراتیژییەکی بەدانستەیە کە بەڕیوە دەچێ.
مادەستام دەڵێ ئەمە زۆر گرنگە کە سیگناڵی پێویستبوونی ئەم ئاڵوگۆڕە، بەرەو دەرەوە بەڕێ بکرێ. چونکە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٦یش هەر هەڵبژاردنێکی خراپ بوو. ئەو کاتیش هەروا گوترا کە دەبێ ئالوگۆڕ بکەین و گرووپیان چێ کرد و گفتۆگۆیان لیر و لەوێ وەڕێخست. بەڵام هیچ نەکرا و کەسیش هیچی نەبیستەوە. بەڵام ئێستا بە پێچەوانەیە و دەیانەوێ نیشان بدەن کە ئەمجارەیان بەڕاستە و دەبێ کاری ئاڵوگۆڕ بەهێزەوە بەڕیوە بچێ.
مادەستام پێی وایە ئەو ئاڵۆگۆڕەی وەختی خۆی مۆدێراتەکان کردیان و پارتی نوێی مودێراتەکانیان لێ کەوتەوە شتێکی جیاواز لەوەی سوسیالدیمۆکراتانە چونکە مودیراتان هەرگیز وەک سوسیالدیموکراتان پارتییەکی دەسەڵاتدار نەبوون و قەیرانەکەشیان وەک یەک نەچووە. ئەمەی سوسیالدیمۆکراتان بۆ گشت خەڵکی سوید، بەرچاو وبووە.