باڵه‌کانی نێو سۆسیالدیموکراته‌کان له‌به‌رده‌م شه‌ڕێکی ناوخۆدان

"قه‌یرانی سۆسیالدیموکراته‌کان ته‌نها دۆزینه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌کی گونجاو بۆ مۆنا سالین نییه‌، به‌ڵکه‌ قه‌یرانی پێکهاتنیشه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تێکی نوێ که‌ جه‌ماوه‌ری تۆراویان لێ ئاشت بکاته‌وه‌. داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تێکی نوێی سۆسیالدیموکراتیش مانای که‌وتنه‌وه‌ی جه‌نگێکه‌ له‌ نێوان باڵه ‌سیاسییه‌ جیاوازه‌کانی نێو ئه‌م پارتییه‌." ئه‌مه‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆی ڕۆژنامەی داگه‌نسنیهێته‌ر (Dagens Nyheter) نووسیویه‌تی که‌ هه‌روه‌ها تێیدا هاتووه‌ که‌سه‌ی به‌‌ سه‌رۆکی داهاتووی سۆسیالدیموکراته‌کان هه‌ڵده‌بژێردرێت ڕێڕه‌وی سیاسی نوێی ئه‌و پارته‌ش دیاری ده‌کات.

ئیدریس ئه‌حمه‌دی مامۆستای زانکۆی ستۆکهۆلم له‌ بواری سیاسه‌تناسیدا له‌ گفتوگۆیه‌کی دوێنێی زایه‌ڵه‌دا ئاماژه‌ی به‌ هه‌مان ئه‌گه‌ر ‌دا. 

هه‌ر ئه‌م بۆ چونه‌ له‌لایه‌ن لارش سته‌ینکڤیست سکرتێری کۆنی سۆسیالدیموکراته‌کان که‌ ئێستا به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمۆنی نۆرشێۆپینگه‌ له‌ داگه‌نسنیهێته‌ری ئه‌مڕۆدا ئاماژه‌ی پێ دراوه‌، ئه‌و ده‌ڵێت دوو باڵه‌ جیاوازه‌که‌ی سۆسیالدیموکراته‌کان که‌ باڵی چه‌پ و ڕاسته‌ به‌ دوو دیدی جیاواز له‌ داهاتووی ئه‌م پارته‌ و ڕێڕه‌وی سیاسی ده‌ڕوانن، هه‌رچی باڵی ڕاسته‌ ده‌ڵێن کۆمه‌ڵگه‌مان وا به‌ره‌و پێش بردووه‌ که‌ ئیتر تاکه‌کان خۆیان ده‌توانن به‌شێکی زۆری ئه‌رکه‌کان بێ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له‌ ئه‌ستۆ بگرن ، واتا داڕشتنه‌وه‌ی سۆسیالدیموکراتیی ڕوانگه‌یه‌کی ئیندیڤیدوالیست، تاکگه‌رایی، ئه‌م باڵه‌ی سۆسیالدیموکرات تاکگه‌رایی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر یه‌کسانی کۆمه‌ڵگه‌ نابینن به‌ڵکه‌ ده‌ڵێن گوڕوتینێکه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی پرسی یه‌کسانی.

نه‌خێر ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌ته‌ ده‌توانێت ئه‌م یه‌کسانییه‌ بپارێزێت نه‌ک تاک، هه‌ر بۆیه‌ کۆمه‌ڵگه‌ پێویستی به‌ ده‌وڵه‌تێکی به‌ده‌سه‌ڵات و به‌هێزتر هه‌یه‌، ئه‌مه‌ به‌ڕای باڵی چه‌پ که‌ ده‌ڵێن یه‌کسانی نێوان گروپ و چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ به‌ده‌ست ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزه‌. ئه‌مان‌ له‌ ڕوانگه‌یه‌کی گشتگه‌رایی ،کۆلێکتیڤیسمه‌وه‌ له‌ سۆسیالدیموکراتی ده‌ڕوانن.

نه‌خێر قه‌یرانه‌که‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ و دابه‌شکردنی سۆسیالدیموکراته‌کان ئا به‌و ئاسانییه‌  واتا باڵی ڕاست و چه‌پ، تاک به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت نییه‌. به‌ڵکه ئانێ ماریا لیندگرێن به‌ڕێوه‌به‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ی بیرکاری بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری (Arbetarrörelsens tankesmedja) بۆ داگه‌نسنیهێته‌ر ده‌ڵێت قه‌یرانه‌که‌ له‌ ڕوانگه‌ی سیاسی جیاوازی ڕاست و چه‌پی سۆسیالدیموکراته‌کاندا نییه‌  به‌ڵکه‌ نه‌بوونی ئاڕاسته‌ و تێگه‌شتنێکی ڕوونه‌ بۆ هه‌ندێک له‌ پرسه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان بۆ نموونه‌ پرسی باج و سیستێمی خۆشگوزه‌رانی.  سیاسه‌تناس ئیدریس ئه‌حمه‌دیش هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بۆ زایه‌ڵه‌ دوا.

 به‌ڵێ سۆسیالدیموکراته‌کان له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی سێپته‌مبه‌ری ڕابوردووه‌وه به‌خۆدا ده‌چنه‌وه‌ و له‌ شێوه‌ و ڕیڕه‌وێکی نوێ بۆ پارته‌که‌یان ده‌گه‌ڕێن، له‌و کاته‌وه‌ لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی قه‌یران پێک هێنراوه‌ که‌ کاری پێداچونه‌وه‌یه‌ به‌ سیاسه‌تی 20 ساڵی ڕابوردووی سۆسیالدیموکراته‌کان و به‌ڵام 20 ساڵی داهاتووی ئه‌م پارته‌ش لێک ده‌درێته‌وه‌. ئه‌م لیژنه‌یه‌ له‌ چواری مانگی دێسه‌مبه‌ری داهاتوودا ڕاپۆرتی خۆی سه‌باره‌ت به‌ قه‌یران و لێکدانه‌وه‌یان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌خه‌نه‌ ڕوو، پاشان له‌ مانگی مارسی ساڵی داهاتوودا کۆنگره‌یه‌کی تایبه‌ت له‌ ستۆکهۆلم ده‌به‌سترێت تێیدا مۆنا سالین ده‌ست له‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کێشێته‌وه‌ و ئه‌ندامانی سه‌رکرادایه‌تییه‌کی نوێ هه‌ڵ ده‌بژێردرێت.

تا ئه‌و کاته‌ چی له‌ توانامدا بێت بۆ ڕاگرتنی سۆسیالدیموکراته‌کان و به‌ره‌وپێشخستنی گۆرانکارییه‌کان درێخی ناکه‌م، ئه‌مه‌ مۆنا سالین له‌ گفتوگۆیه‌کی داگه‌نسنیهێته‌ردا له‌ کۆنگره‌ی سۆسیالئینته‌رناسیوناڵ له‌ پاریسه‌وه‌ ده‌ڵێت. سالین ده‌ڵێت به‌ڵێ ده‌کرێت سه‌رۆکێکی نوێ له‌بری من بدۆزرێته‌وه‌ به‌ڵام نابێت کارمان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بێت به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ناوه‌ڕۆکی سیاسه‌تی سۆسیالدیموکراته‌کانه‌، گه‌ر وا نه‌که‌ین مانای ئه‌وه‌یه‌ دۆراندنی هه‌ڵبژاردنه‌کانمان به‌ هه‌ند نه‌گرتووه‌.

ئه‌م پێداچونه‌وه‌یه‌ به‌ ناوه‌ڕۆکی سیاسه‌تی سۆسیالدیموکراته‌کاندا و قوڵبوونه‌وه‌مان به‌ ڕۆخی گۆڕانکاری ڕادیکاڵانه‌ مه‌ترسی ده‌نێته‌وه‌ به‌ڕای ئه‌رده‌لان شه‌که‌رابی و ئانا یوانسۆن به‌ڕێوه‌به‌رانی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ قه‌یرانی سۆسیالدیموکارته‌کان و چه‌ند ئه‌ندامێکی تریان  که‌ پێیان وایه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌خۆدا چونه‌وه‌دا مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پرسه‌ گرنگه‌کان له‌ یاد بکرێن و له‌ هه‌وڵی گۆڕانکاری به‌رفراواندا نوقوم ببێت، ‌ ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ بکه‌ین گه‌شيپێدان و نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌ند ساڵه‌یه‌ی سۆسیالدیموکراته‌کانه‌ که‌ چه‌ندین ساڵه‌ متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری بردۆته‌وه‌ نه‌ک سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێ کردنه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت کات و شێوازی کارمان جیاوز بێت، به‌ڕای ئانا یوهانسۆن.

وه‌سییه‌تنامه‌که‌شم بۆ سه‌رکردایه‌تی داهاتووی سۆسیالدیموکراته‌کان مۆنا سالین له‌ گفتوگۆکه‌ی داگه‌نسنیهێته‌ردا ده‌ڵێت له‌ چواری دێسه‌مبه‌ردا ئاشکرا ئه‌که‌م و ئه‌و کات به‌ وردودرشتی روانگه‌ی خۆم له‌سه‌ر چۆنییه‌تی گۆران و سه‌رکه‌وتن ده‌خه‌مه‌ ڕوو. هه‌رچی چاره‌نووسی هاوپه‌یمانییه‌ سه‌وزووسووره‌که‌یه‌‌ سالین ده‌ڵێت ئه‌وه‌ با سه‌رکردایه‌تی نوێ دیاری بکات به‌ڵام به‌ڕای من ده‌بێت فێری پێکهێنانی هاوپه‌یمان ببین و پێشم وایه‌ هاوپه‌یمانی داهاتوو جیاواز ده‌بێت.

قەیرانی پارتیی سوسیالدیموکراتی سوید، قەیرانی ڕوانگە یا سەرۆکایەتی؟ ئەم بابەتە لەگەڵ شەماڵ کاوە مامۆستای مێژووی ئەندێشە لە ستۆکهۆڵم تاووتوێ دەکەین.