مه‌رجی هه‌ڵسه‌نگاندنی زمانی په‌ناخواز لێده‌کۆڵرێته‌وه‌

ده‌ستگه‌ی کۆچ ئیتر خۆیان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ ده‌که‌ن که‌ تایبه‌تن به‌ زمان و دیالێکتی په‌ناخوازان ئه‌مه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (Dagens Nyheter) ی ئه‌مرۆدا هاتووه و ‌ پاش ئه‌و ڕه‌خنانه‌ دێت که‌ دادگانی کۆچ له‌ بڕیاره‌کانی ده‌ستگه‌ی کۆچیان گرتووه‌. ڕه‌خنه‌کان‌ سه‌باره‌ت به‌ که‌موکورتی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی زمان و دیالێکتی په‌ناخوازاندا که‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ مافی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌، ئیقامه‌ وه‌رنه‌گرن. بۆ نموونه‌ دادگای کۆچ له‌ شاری مالمیۆ چه‌ند جارێک که‌موکورتیان له‌و لێکۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و دادگای کۆچ به‌ پێچه‌وانه‌ی بڕیاری ده‌ستگه‌ی کۆچه‌وه‌ داوای ئیقامه‌ی په‌ناخوازانیان قوبوڵ کردووه‌.

ده‌ستگه‌ی کۆچ له‌لایه‌ن ئامنێستیشه‌وه‌ ڕه‌خنه‌یان لێگیراوه‌ که‌ له‌کاتی بڕیاری مافی مانه‌وه‌ سه‌نگێکی زۆریان خستۆته‌ سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی زمان و دیالێکتی په‌ناخواز، ئامنێستی شکیان له‌ کارامه‌یی و درووستی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانیش هه‌یه‌. 

کۆمپانیای (SprakAB) لێکۆڵینه‌وه‌کانی ده‌ستگه‌ی کۆچ له‌سه‌ر زمانی په‌ناخواز به‌ڕێوه ‌ده‌بات و به‌ڕێوه‌به‌ری گشی ئه‌و کۆمپانیایه‌‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ له‌سه‌ر رێنمایی و مه‌رجه‌کانی ده‌ستگه‌ی کۆچ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین هه‌ربۆیه‌ گه‌ر که‌موکورتی هه‌بن ئه‌وه‌ ده‌ستگه‌ی کۆچ نه‌ک ئێمه‌ ده‌بێت مه‌رجه‌کانی بگۆرێت.