خوێندکارانی بیانیی دەرەوەی یەکێتیی ئەوورووپا لە سوید کەم بوونەتەوە

لەپاش ئەوەی ڕێساکانی خوێندن لە سوید گۆڕا و خوێندکارانی بیانی لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا مەجبوور کران بۆ خوێندن لێرە پارە بدەن، ئەوا ژماری خوێندکارانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە سوید کەم بۆوە. ئەمەیان توێژینەوەیەکی دەزگای فێرگەبەرزەکانی سوید دەریخستووە کە تۆربیۆرن لیندکڤیست شیکارێتی. ئەو دەڵێ ژمارەی خوێندکارانی بەڕێژەی ٨٠ لەسەد کەم بۆتەوە.

لەوەتەی پایزی ساڵی ڕابردۆوە خوێندکارانی وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەبێ بۆ خوێندن لە سوید پارە بدەن. ئەمەش دوو ساڵ لەوەپێش حوکوومەتی سوید بڕیاری لەسەر دا. خوێندن لە فێرگە گەورە و بەناوبانگەکانی سویددا بە شێوەی مامناوەندی ساڵانە سەد تا ١٥٠ هەزار کرۆنی تێدەچێ.

پێشتر خوێندکارانی نێونەتەوەیی بەشێکی گەورەی خوێندکارانی زانکۆکانیی سویدیان لە ماجیستر و ماستردا پێکدێنا. جاوبار زێدەتری خوێندکارانی بیانی خەڵکی وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بوون. شیکردنەوەی دەزگای فێرگەبەرزەکان نیشان دەدات کە ئەو خوێندکارانەی ئێستا لە زانکۆکانی سویددا کەمبوونەتەوە زۆرتر خەڵكی وڵاتانی ئاسیان، هەروەها ئەو خوێندکارانەی لێرە تەکنیکیان دەخوێند. ئەم خوێندکارانە ئێستا سوید بۆ خوێندن هەڵنابژێرن چونکە بەپارەیە.

تۆربیۆرن لیندکڤیست شیکاری دەزگای فێرگەبەرزەکان دەڵێ: لە درێژخایەندا سروشتییە کە ئەمە بە مانای هێنانەخواری ئاستی خوێندنە.