دەستپێشخەریی ئاشتی لە نێوان تورکیا و کوردەکان: هیوایەکی نوێ

7:38 min

رۆژی ڕابردوو ڕێکخراوی ناودێر بە دەستپێشخەریی ئاشتیی نێونەتەوەیی کۆنفرانسێکی بۆ دەستپێشخەریی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و کوردەکاندا لە بروکسل پێکهێنا و بانگەوازێکیشی بڵاوکردەوە کە گەلێ کەسایەتیی بەدەنگوناوی ئەورووپای باکوور وەک سەرۆکوەزیری بەرێی فینلاند پاڤۆ لیپۆنەن، سەرۆکوەزیری پێشووی دانیمارک ئانکەر یۆرگنسن، شێل ماگنێ بوندەڤیک سەرۆکوەزیری پێشووی نەرویژ، سەرۆکوەزیری پێشووتری سوید ئینگڤار کارلسۆن و خەڵاتوەرگرانی ئاشتیی نۆبێلوەک دێسموند توتو، ڕامۆس هۆرتا و دالایلاما هەروەها چەند سەرۆکی پێشووی وڵاتانیش دەبینرێ، لەوانە جیمی کارتری ئەمریکایی، سەرۆکی ڕێکخراوی سوسیالدیموکراتی شین فین لە ئیرلەند جێری ئادامس، سەرۆکی پێشووی تەیمووری رۆژهەلات.


شەڕی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لە ساڵی ١٩٨٤ەوە بەردەوامە و تا ئێستا نزیکەی چل هەزار کەس لە هەر دوو لایەن تێیدا کوژراون. پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لە لایەن وڵاتە یەگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە مۆری ڕێکخستنێکی تیرۆریستیی لێدراوە.

دانوستاندنی ئاشتی لە نێوان ئەم دوو لایەنە لە نوروێژ لە ساڵی ٢٠٠٩دا ڕاوەستا و بە شەڕێکی دژوار شکایەوە. واژۆکارانی ئەم نامەیە داوای بەردەوامیی دانوستاندنەکان دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی سەقامگیر.

ئیسا مووسا قازییەکی خەڵکی ئەفریقای باشوورە و یەکێ لە دەسستپێشخەرانی ئەم ئاشتییە. ئەو دەڵێ ئێمە دەستمان بە دەستپێشخەرییەکی نێونوتەوەیی ئاشتییمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی هانی هەردوولایەنی دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە بدەین کە پێکەوە دابنیشن و هەوڵ بدەن چارەسەرییەکی ئاشتییانە بۆ پرسی کورد لە تورکیا بدۆزنەوە.

ئینگڤار کارلسۆن سەرۆکوەزیری پێشووتری سوید لە حیزبی سوسیالدیموکرات دەڵێ بە بڕوای من ئەوە بۆ دەوڵەتی تورکیا یەکجار زۆر گرنگە کە بە دنیا نیشان بدات کە دەیەوێ و دەتوانێ کێشەکە چارەسەر بکات.

هەواڵنێری تلەڤزیۆنی سوید لێی دەپرسێ کە بێت و چاو بە ڕابردوودا بخشێنینەوە، ئایا پێت وایە تورکیا ویستوویەتی چارەی کێشەکە بکات؟ کارلسۆن دەڵێ ئەوەی ویستوویەتی یان نا، ئەوا زۆر لێی دڵنیا نیم بەڵام بێگومان کافی نەبووە و نەیتوانیوە بە ئەنجامی بگەیێنێ. بۆیە ئەمجارە هەندێ لەوەی پێشتر کراوە زیاتری دەوێ. دیارە هەڵبەت لەلایەنی کوردەکانیشەوە.

ئەڤین چەتین چاوەدێری یەکەمی سوسیالدیموکراتان لە هەرێمی دالارنا دڵی بەم ڕێچارەیە زۆر خۆشە!

تورکیا ئەمڕۆ ژمارێکی یەکجار زۆر ڕۆژنامەوانی زیندانی هەیە، زیاتر لە هەموو وڵاتێکی جیهان. دەستگیرکرانی بەکۆی سیاسەتوانانی کوردیش لە ساڵی ٢٠٠٩وە بەردەوام بووە. هاوکات شەڕی چەکدارانە لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە توندوتیژتر بۆتەوە. ئەمساڵیش بە خوێناویترین ساڵی ئەم ناوبەینە و لەدوای دەردەستکرانی سەرۆکی ئەم پارتییە عەبدوڵلا ئوێجەلان لە سێزدە ساڵ لەوە پێشدا دادەنرێ.

ئینگڤار کارلسۆن سەرۆکوەزیری پێشووی سوید دەڵێ من پێم وایە ئێستا شانسی ئەوە هەیە بۆ هەر دوولای ئەم شەڕە کە بزانن ڕێچارەی ئەم کێشەیە، بە چەک و بە ڕێی لەشکرەوە ناکرێ، بەڵکوو تەنیا بە ئاشتی و بەڕێی دیالۆگ لە نێوان هەردوو لایەندا چارەی دێ.