سویدییەکان دەڵێن نەخۆشەوانی گرنگترین پرسی سیاسییە

لە گوێن ڕاپرسییەکی دامەزراوەی نووڤووس، نەخۆشەوانی و دەرمان بەلای سویدییەکان گرنگترین پرسی سیاسیی وڵاتە. دواتر کار، فێرگە و چاوەدێریی گەورەساڵان، ئینجا ئابووری بە پلەی پێنجەم.

ڕاپرسییەکە باسی ئەوەش دەکا کە سویدییەکان پێیان وایە باشترین حیزب کە دەتوانێ چارەی پرسگەلی نەخۆشەوانی، کار، فێرگە و چاوەدێریی ساڵمەزنان بکا سوسیالدیموکراتانن بەڵام چارەی کێشە ئابوورییەکان هەر لە مۆدێراتان دێتەوە.

بە گشتی سوسیالدیموکراتان لە ١٥ بواردا و مۆدێراتان لە ٩ بواردا باشتر و کارامەترن. پارتی ژینگە باشترین سیاسەتی لەسەر کەشوهەوا و وزە هەیە و دیموکراتە سویدییەکان خاوەنی باشترین سیاسەتە لە سەر هاوگونجی.

ئەم ڕاپرسییە لە نێوان هەزار کەسی بە ڕێکەوتهەڵبژێردراودا کراوە کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ و ٧٩ ساڵدا بووە و لە نێوان ڕۆژانی ١٩ تا ٢٥ی سێپتمبری ئەمساڵدا ڕایان پرسراوە.