چارەسەرسازیی دەروونی کەمهێنە

بواری چارەسەرسازیی نەخۆشییە دەروونییەکان لە مالمیۆ کەموکورتی تێدایە بەڕادەیەک کە سەلامەتیی نەخۆش لە مەترسیدایە.

  • سەبارەت بە فشاری کار دەکرێت وا لێکبدرێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش پێویستییان بە چارەسەرە بەڵام بە دیوێکی تردا دەکرێت مانای کەموکورتی بێت لە پەیوەندیی نێوان بوارەکانی چارەسەرسازی وەک نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان. هانس پێتەر موفۆرش بەرپرسی کۆمەڵەی دەروونناسسانی سویدی دەڵێت چەند سەردانگایەکەی پزیشکیی کراوە هەیە لەهەمانکاتدا چەند بنکەیەکی چارسەری سەرەتایی (Primärvård) هەیە، جا بۆ ئەوەی نەخۆشەکان سوود لەو چارەسەرانە وەربگرن دەبێت هەموو بواری تەندورستیی بە گشتیی کارا بێت و لایەنێکی پێشوازیی کراوە هەبێت کە هەمیشە لە پەیوەندیدا بێت.

بەپێی بەدواداچوونێکی نوێی دەستگەی پشکنینی نەخۆشەوانی و چاودێری، بارودۆخی نەخۆشەوانیی دەروونیی لە مالمیۆ ڕەخنەی لەسەرە بە شێوەیەک سەلامەتیی نەخۆش لە مەترسیدایە.

لەماوەی یەک ساڵدا نۆ نەخۆشی دەروونیی خۆیان کوشتووە، هەشت لەنۆی ئەو کەسانەش لەکاتی مۆڵەتدا  واتا کە لەدەرەوەی نەخۆشخانەبوون خۆیان کوشتووە. لە چەند لێکۆڵینەوەیەکدا کە نەخۆشخانەکە خۆی سکاڵای لە خۆی کردووە بەناوی لێکس مارییا (Lex Maria) دەرکەوتووە هۆکاری کەمتەرخەمییەکان نەبوونی پلان و نەخشەی نەخۆشەوانی، تۆمارکردنی زانیاری بەشێوەیەکی ڕێکوپێک نەکراوە هەروەها ئەگەری خۆکوشتن لە بەرچاو نەگیراوە. هەر لەو لێکۆڵینەوانەدا دەرکەوتووە کە ستریس و کاری زۆری کارمەندانیش هۆکار بووە و هەڵسەنگاندنی نەخۆش لەلایەن پزیشکی نەشارەزا و بێئەزموونەوە ئەنجام دراوە.

جێی سەرنجە سکاڵای بەناو (Lex Maria) بەو بڕگەیە دەوترێت کە لە یاسای تایبەت بە سەلامەتی نەخۆشدا هاتووە و بەوپێیە نەخۆشخانە و بواری خزمەتگوزاریی نەخۆشەوانی ناچارن و دەبێت لەکاتی ڕوودانی هەڵە و کەمتەرخەمیدا زانیارییەکان بگەیەننە دەستگەی پشکنینی نەخۆشەوانی و چاودێری.

بەڵی دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو ڕۆتینانەی بواری چارەسەرسازیی دەروونیی پەیڕوە بکرێت بەڵام ئەوە بەس نییە بەڕای هانس پێتەر موفۆرش بەرپرسی کۆمەڵەی دەروونناسسانی سوید.

  • کاری تری گرنگ جگە لە پەیڕەوکردنی ڕۆتینەکانی کار ئەوەیە کە بتوانرێت هەڵسەنگاندنێکی گونجاو بۆ باری نەخۆشەکە بکرێت، پڕکردنەوەی فۆرم بەس نییە، جا بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی گونجاو بۆ نەخۆشەکە و چارەسەرسازیییەکەی بکرێت دەبێت ژمارەی کارمەندی پێویست هەبێت، کە ئەمە بۆخۆی مەترسی کەموکورتییە لە بواری چارەسەریی دەروونیدا.

لە بواری پزیشکیدا جا گەر پزیشکیی بەدەنی یاخود دەروونیی بێت چەند ڕێبازێکی کار هەیە کە دەبێت پەیڕەویی لێ بکرێت، یەکێک لەو ڕێبازانە ئەوەیە کە پزیشکیی گشتیی واتا ئەو کەسەی کە هێشتا پسپۆڕیی لە بوارێکی پزیشکییدا وەرنەگرتووە دەبێت لەکاتی پێویستددا کەسانی سەرو خۆی ئاگادار بکاتەوە کە نەخۆشەکە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی کەسێکی پسپۆڕ و شارەزا هەیە، پێ ناچێت لەم جۆرە پەیڕەوییە و لەم جۆرە پەیوەندییە لەنێوان بەشە جیاکانی نەخۆشەوانیی دەروونیدا ڕووی دابێت، بۆیە لەو جۆرە کەموکورتییانە دەکەونەوە بۆ نموونە خۆکوشتنی نەخۆشەکان.

گرنگی پەیوەندی و دیالۆگ تەنها بۆ بەشە جیاکانی چارەسەرسازیی نەخۆشیی دەروونی نییە بەڵکە ئەو جۆرە پەیوەندی و دیالۆگە لە نێوان پزیشک و کەسوکاری نەخۆشیشدا دەبێت هەبێت. گەر بێت و لایەنێکی پێشوازیی کراوە هەبێت کە پەیوەندیی لەگەڵ کەسوکاری نەخۆشەکەدا هەبێت و ئاگاداریان بکاتەوە لەکاتی وەرگرتنی مۆڵەت ئەوا مەترسیی خۆکوشتنەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە. بەڕای هانس پێتەر موفۆرش بەرپرسی کۆمەڵەی دەروونناسسانی سویدی

لە شاری مالمیۆ ژمارەی جێگای نەخۆشە دەروونییەکانیان کە دەبێت لە نەخۆشخانە بمیننەوە کەم کردۆتەوە، بەڵام ئەمە تەنها هۆکاریی کەموکورتییەکان نییە بەڵکو لەم ساڵانەی دواییدا کێشەی ئاڵۆزتر هاتوونەتە پێش و هەندێک نەخۆش تراومای جەنگیان هەیە کە پێدەچێت بواری دەروونناسیی سویدی ئامادەیی بۆ پێشوازیی لەم جۆرە نەخۆشانە و چارەسەرکردنییان نەبووبێت. پرسیارەکە ئەوەی کە ئاخۆ ئەمە فشاری کاری زیاتر کردووە؟

  • وەڵامێکی ئاسان بۆ ئە وپرسیارە نییە، موفۆرش دەڵێت دەکرێت لە هەندێک شوێن ئەوە هۆکاری زیادبوونی فشاری کار بێت بەڵام ئەوەشی دەیبینین ئەوەیە کە بەگشتی و لەم ساڵانەی دواییدا خەڵکێکی زیاتر داوای چارەسەریی دەروونیی دەکەن کە ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت کە ئێستا وەک جاران نەخۆشی دوروونیی وەک عەیبە چاوی لی ناکرێت و خەڵکی دەوێرن داوای چارەسەر بکەن.

جێی ئاماژەیە لە دوای ئەو ڕەخنانەی لە بواری تەندورستیی نەخۆشیی دەروونی لە شاری مالمیۆ گیران، سەرۆکایەتیی چارەسەرسازیی دەروونیی لە مالمیۆ چەند گۆرانکارییەکان لە ڕۆتینەکانی کارکردندا ساز داوە.