ئازاری ویژدانی هۆکاری لەهێزکەوتنە

لێکۆڵەرەوانی زانکۆی ئومیۆ گەشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە پەیوەندییەکی ڕوون لەنێوان ئازاری ویژدانی (dålig samvete) و لەهێزکەوتن (utbrändhet) هەیە.

 ئازاری ویژدانییش زیاتر لە بواری کاری چاودێریی پیراندا بەربڵاوە. هەر لەو روانگەیەوە مێتۆدێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ویژدانی پێشنیاز دەکەن.

لێکۆڵەرەوان ئەو مێتۆدە نوێیەیان لەسەر پێنج گروپ لە کارمەندانی بواری چاودێریی پیران لە ماوەی ساڵێکدا تاقی کردۆتەوە و دەرکەوتووە کە فشاری کار و ئازاری ویژدانی بەرامبەر بە کەموکورتی کارەکەیان دەکرێت بە بەشداری کردنی بەرپرسەکانیان کەم بکرێتەوە. لەبەرئەوەی کە زۆربەی فشاری کار و ئازاری ویژدان پەیوەندی بە خشتەی کار و بەکارهێنانی بودجەی کارەوە هەیە بە شێوەیەکی گونجاو. گوننیلا ستراندباری پرۆفێسۆر لە ئینستیتیوتی پەرستاری لە زانکۆی ئومیۆ دەڵێت گەرسەرچاوەی کەموکورتییەکان بدۆزینەوە ئەوا هەموو لایەک قازانج دەکەن.

 پرۆفیسۆر ستراندباری دەڵێت کارمەندان بەهۆی کەموکورتییەکانی بواری کارەکەیانەوە تووشی ئازاری ویژدانی دێن جا ئەگەر بەر بەو کەموکورتییان بگرین ئەوا کارمەندان تەندورستیان باش دەبێت و بواری چاودیری پیرانیش باشتر دەبێت.