
خێرایی ئۆتومبێلەکان لەو ڕێگایانەی ساز دەکرێنەوە کێشەن
زۆربەی ئوتومبێلەکان لەسەر ئەو ڕێگانەی چاک دەکرێنەوە زیاد لە پێویست خێرا لێ دەخوڕن.
لە بەدواداچوونێکی رادیۆی سوید و کۆمەڵەی سەلامەتیی ڕیگاوبان (NTF) دەرکەوتووە کە چوار لە دەی ئۆتۆمبێلەکان لەکاتی نزیکبوونەوەیان لەو ڕێگانەی کە چاک دەکرێنەوە بە هەمان خێرایی ڕێگا ئاساییەکان لێ دەخوڕن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵانە 300 ڕووداوی هاتووچۆ لە ڕێگاکانی بیناسازیدا روو دەدەن جا یان ئەوەتا پیادەیەک یاخود پاسکیلوانێک کراوە بەژێرەوە یان ئۆتۆمبێلەکان هێندە لەیەک نزیک دەبنەوە لە یەک دەدەن. ئەو جۆرە ڕووداوانە مردنیشی لێ کەوتۆتەوە. گوننار ڤیکستریۆم بەرپرس لە دەستگەی ڕێگاوبان دەڵیت بەڕاستی ئەم بارودۆخە ترسناکە کە شۆفێرەکان ناتوانن لە خێراییان کەم بکەنەوە و بیر لەوە ناکەنەوە کە لە شوێنی بیناسازیدا دەبێت خێرایی کەم بکرێتەوە.