هەندێک وڵات کانابیس یاسایی دەکەن

4:59 min

لە چەند وڵاتێک خەریکە ماددەی هۆشبەری کانابیس یاسایی دەکرێت، هاوکات لەگەڵ ئەمەدا کڕینی مادەی هۆشبەری وەکو سپایس لە ڕیگەی ئینتێرنێت بە خێرایی زیاد دەکات.

بەڵام سوید هێشتا پێی باشە ماددە هۆشبەرەکان هەر نایاسایی بمێننەوە. زیادبوونی فرۆشی ماددە هۆشبەرەکانی بۆ نموونە وەکو سپایس لە ڕێگەی ئینتێرنێتەوە، کێشەی زۆری بۆ سوید ناوەتەوە. هاوینی پار ماددەی سپایس بووە هۆی مەرگی چەند لاوێک کە سەرنجی زۆریان پێ درا، ئیتر بە دوای ئەوەدا سپایس نایاسایی کرا و وەک نارکۆتیک مەزەندە دەکرێت. بە ڕای کای کنودسۆن پزیشک لە نەخۆشخانەی سالگرێنسکا ئەم قەدەغەکردنە کاریگەری باشی هەبووە، چوونکە بە شێوەیەک ترس دەخاتە دڵی مرۆڤەکان و ئەمەش ڕێگاچارەیەکەی باشە.

بەڵام لە چەند ویلایەتێکی ئامریکا ماددەی هۆشبەری کانابیس یاسای کراوە، هەم لە ڕوانگەی دەرمانییەوە و هەم بۆ بە کارهێنانی شەخسی. بەڵام یاسایی کردنی کانابیس و ماریوانا لە وڵاتانی ئەوروپی ئەوەندە خێرا ناچێتە پێش، هەرچەندە چەند وڵاتێک لە سەر سنووری یاساییکردنیدان. بەڵام پێدەچێت سوید هەریاسا سنووردارەکەی خۆی بهێڵێتەووە. ئەمەش کای کنودسۆن خۆشحاڵ دەکات و پێی وایە قەدەغەهێشتنەوەی ئەم ماددە هۆشبەرانە بە قازانجە، چوونکە زانست لایەنە نیگاتیڤەکانی سەلماندووە و زیاتریش لاوەکان دەکەونە گێژاوی ئەم ماددانەوە. کنودسۆن دەیشڵێت بە ڕای من هەتا زیاتر ئەم ماددانە قەدەغە بن باشترە، هەرچەندە تێدەگەم کە لە ڕوانگەی سیاسییەوە پێویسیتە لێکۆڵێنەوە لە سەر ئەم پرسانە بکرێت. ئەو کات دەکرێت بۆ نموونە کەڵک لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەربگیرێت کە وا خەریکن ماددەهۆشبەرەکان یاسایی دەکەن.

بەڵام ماتیاس سڤەنسۆن، ڕۆژنامەوان و نووسەر دیدێکی تری هەیە و پێی باشترە دام ودەزگاکان زیاتر جەخت بخەنە سەر کۆنترۆلکردنی کڤالیتەی ماددەکان، بۆ ئەوەی متەرسییەکان کەمتر بنەوە. نەک سزای بەکارهێنەرانی بدەن. هەرچەندە ماتیاس سڤەنسۆن لەو بڕوایەدا نییە کە هەڵوێستی سوید بگۆڕدرێت، ماددە هۆشبەرەکان هەر قەدەغە دەمێننەوە.

لایەنە پۆزیتیفەکانی ئەم پرسە پێیان وایە یاسایی کردنی ماددە هۆشبەرەکان پێش بە کڕین و فرۆشی نێوان تاقمە تاوانکارەکان دەگریت. بەڵام فرێد نیبەری پرۆفێسۆری بواری گیرۆدەیی بایۆلۆجیکی لە زانستگەی ئوپسالا لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نییە و نموونەی ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە ئامریکا دەهێنێتەوە. فرێد نیبەری دەڵێت گەر بێت و ماددە هۆشبەرەکان یاسایی بکرێن و لە ڕێگەی دەزگا دەوڵەتییەکانەوە بفرۆشرێن دەبێت باجیان لێ بدرێت و ئەمەش داهاتێکی باشە بۆ دەوڵەت، بەڵام ئەو کەسانە هەر دەمێننەوە کە لە ڕێگەی نایاسایی و لە بازاڕی ڕەش و بە نرخێکی هەرزانتر ماددە هۆشبەرەکان دەفرۆشن بۆ ئەوەی باجی لێ نەدەن. بۆیە پێم وا نییە بەیاسایی کردنی ماددەکان، کڕین و فرۆشی نایاسایی کەمتر ببێتەوە. بەڵام فرێد نیبەری پێی وایە ڕیگاچارەیەکی دیکە هەیە، سزادان دەتوانێت کاریگەری خراپی هەبێت. باشتر وایە گیرۆدەیی کەسەکان بە چارەی دەرمانیی ئەنجام بدریت. بە بڕوای من زۆر گرنگە ئەو سزایەی دەدرێت بە مەبەستی مافخواردن نەبێت، بەڵکو سزایەکی چارەکردنی دەرمانی و هاوکاریی بێت. ئا لێرەدایە پێویستە بیرو ڕای کۆمەڵگا بگۆڕدرێت.