مۆدێراتەکان کۆمەکی پەنابەران و بیمەی بێکاری کەم دەکەنەوە

1:56 min

ئەمڕۆ مۆدێراتەکان بوودجەی سێبەریان پێشکەش کرد و تێیدا کۆمەکی تایبەت بە پەنابەران کەم کراوەتەوە.

 لەو پێشنیازانەی کە مۆدێراتەکان پێشکەشیان کردووە و تایبەتە بە پرسی پەنابەریی، بۆ نموونە ئەو منداڵە بەتەنهاهاتووانەی تەمەنیان دەبێتە 20 ساڵ نابێت چیتر لە خانەی سەرپەرشتیی منداڵاندا (HVB) بمێننەوە، چونکە هەر ڕۆژێک مانەوە لەو خانەیەدا نرخەکەی 2000 کرۆنە و دەوڵەت دەیدات. لەبری ئەوە کۆمۆنەکان دەبێت خانووی دیکەیان بۆ بدۆزنەوە.

بیمەی دایکوباوکایەتی (föräldrarpenning) تەنها بەو پەنابەرانە بە تەواوەتی دەدرێت کە کاریان هەیە و ئیقامەی هەمیشەییان وەرگرتووە. هەروەها بڕە پارەی قەرەبوو بۆ ئەو منداڵانەی بێسەرپەرشتن (Efterlevndestöd) ئەو منداڵ و مێردمنداڵە پەنابەرانە ناگرێتەوە کە لە خانەی سەرپەرشتیی منداڵاندا دەژین.

هەر لە بوودجەی سێبەردا هاتووە بە پێچەوانەی حووکومەتی سەوزوسوورەوە، کە مۆدێراتەکان دەیانەوێت (a-kassa) بیمەی بێکاری و بیمەی نەخۆشی کەم بکەنەوە. ئەوەشی کە پێی دەڵێن (karensdag) واتا یەکەم ڕۆژی نەخۆشی کە نەخۆش بۆی نییە بیمەی لەسەر وەربگرێت بکریتە دوو ڕۆژ، ڕۆژی یەکەمین و ڕۆژی 15 هەمینی نەخۆشنووسی.

مۆدێراتەکان بەنیازن بە پێی ئەو بوودجەیەی پێشکەشیان کردووە تا ساڵی 2020  خەرجییەکانی دەوڵەت هێندە کەم بکەنەوە کە 28.6 ملیارد کرۆن بۆ کاسەی دەوڵەت پاشەکەوت بکەن.