گرووپێکی فەیسبووک ژنێکیان لە توندووتیژی ڕزگار کرد

6:37 min

ماوەیەک پێش گروپێکی تایبەت بە کچانی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بە ناوی  (Kurdiska tjejgruppen) چیرۆکی دایکێکیان بڵاو کردەوە، کە بە نهێنی داوای ئامۆژگاریی و ڕینمایی لە ئەندامانی گروپەکە کردبوو.

هێلین مەهمی یەک لە سێ بەڕیوەبەرانی گروپەکە، یەکەم کەس بوو کە پەیامەکەی وەرگرت. لە سەرەتاوە کەمێک گوومانی لە بەسەرهاتەکە بوو بەڵام زۆر کەوتە ژێر کاریگەریی ئەو چیرۆکە دەڵتەزێنە.

 ئێوارە درەنگان بوو کاتێک هێلین پەیامەکەی لە سەر دیواری گروپەکەیان بڵاو کردەوە. ئەندامانی گروپەکە زۆر خێرا چالاک بوون و بە ئامۆژگارییەکانیان هەوڵیان دەدا یارمەتی ئەو دایکە لێقەوماوە بدەن.

جێی باسە ئەم ژنە لە تەمەنی منداڵیدا بە زۆر دراوە بە شوو و ئێستا سێ منداڵی هەیە. ژیانی لەگەڵ هاوسەرەکەی پڕ بوو لە بێڕێزیی و زۆر جار لێی دەدرا. بەڵام بڕیاری جوودابوونەوە لە ناو بنەماڵەی ئەواندا مەحاڵە. هەر بۆیە ئەم دایکە، بێڕێزیی و ئازارەکانی تەحەموول دەکرد. تا ماوەیەک لەمەوپێش، مێردەکەی داوای لێ کرد سەفەرێکی کورت بۆ کوردستان بکەنەوە. کاتێک دەگەنەوە ئەوێ، پیاوەکە پاسپۆرتەکان دەبات و هیچ پارەش ناداتە ژنەکەی. ماڵ و ژیانی ئێرەشیان هەروا بەجێ هێشتووە. جگە لە بێڕێزیی و لیدانەکان لە کوردستان ئەم ژنە لە خەمی ژیانی سویدیش بوو. هەر بۆیە وەک دوایین ڕێگاچارە پەنای بردە بەر ئەو گروپە تایبەتەی فەیسبووک.

 ئەڤین چراییش یەکێکی تر لە بەڕێوەبەرانی گروپەکەیە و دەڵیت لە سەرەتاوە چەند کەس لە گرووپەکەدا باوەڕیان بەم چیرۆکە نەدەکرد. پێیان وابوو درووستکراوە و تەنیا بە دوای پارەوەیە. بەڵام پێشنیاری پارە کۆکردنەوە لە لایەن ئەندامانی گروپەکەوە دەستی پێکرد.  

 کاتێک پێشنیاری پارە کۆکردنەوە هات، لە ماوەی ڕۆژێکدا پارەیەکی زۆر کۆ کرایەوە. ئەندامانی گرووپەکە بە خەمخۆرییەوە پارەیان بۆ هێلین فەهمی دەنارد و دوواتر پارەکە بۆ ئاشنایەکی ژنەکە لە کوردستان بەڕێ کرا.

 لە ماوەی دوو سێ ڕۆژدا ژنەکە بە هاوکاری ئاشنایەکیان لە کوردستان، پاسپۆرتەکانی دۆزیەوە و بلیتی کڕی. ڕۆژی سەفەرەکە، کە ماڵ چۆل بوو کەڵکی لەو دەرفەتە وەرگرت و لەگەڵ منداڵەکانی لە ماڵ چووە دەر. هەر ئەو ڕۆژە کاتێک گەیشتەوە سوید پەیوەندی بە هێلینەوە گرت و بە دەنگی خۆشحاڵی و لەرزانەوە سپاسی خۆی دەربڕی.

 بەڕیوەبەرانی گرووپەکە ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشن کە ژنێکی بێدەسەڵاتیان لە دەستی زۆڵم ڕزگار کردووە. ئەڤین، کامیار و هێلین شەوانە خەویان خۆشە، شانازی بەو گرووپەوە دەکەن و دڵخۆشن گەر توانیبێتیان ببن بە پەناگای کەسانی لێقەوماو.