کارمەندانی گرتووخانەکان خولیان دژ بە تووندڕەوی بۆ دەکرێتەوە

2:42 min

بۆ ئەوەی ڕێگری لە زیندانییەکان بکرێت تاوەکو نەکرێنە ئسیلامیی ڕادیکاڵ، کارمەندانی گرتووخانەکان لەسەرانسەری وڵاتدا خولی تایبەتیان سەبارەت بە پرسی تووندڕەوی بۆ دەکرێتەوە.

دوو ساڵ بەر لە ئێستا دەزگای چاودێریی تاوانکاران (Kriminalvården) لەلایەن حکوومەتەوە ئەرکی ئەوەیان پێسپێردراوە کە کار و چالاکیان دژ بە تووندڕەوی لە زیندانەکاندا تووند بکەنەوە.

 ئێستاش دەزگای چاودێریی تاوانکاران چەندین چارەسەری بەر دەست خستووە. لەوانە کردنەوەی خولی فێرکاری تایبەت بە ڕادیکاڵکردن بۆ کارمەندانی گرتووخانەکان. هەروەها زیاتر کۆنترۆڵکردنی ئەو کەسانەی لە بواری چارەسەری ڕۆحیدا کە لە گرتووخانەکاندا  کار دەکەن بۆ نمونە، ئیمام و قەشە ئەنجام دەدرێت.

هاوکات دەزگای چاودێریی تاوانکاران سەبارەت بەم بابەتە هەستاوە بە کۆکردنەوەی ئەزموون لە وڵاتانی دیکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەزگاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە مەترسی ڕادیکاڵکردنی زیندانییەکان لە سوید بۆ نمونە بەراورد بە وڵاتانی بەلیجکا و فەرەنسا زۆر کەمە. لەبەر ئەوەی گرووپی نێو گرتووخانەکان لە سویددا زۆر کەمترە و ڕێژەی کارەمەندی پێویست لە گرتووخانەکاندا هەیە کە لە نزیکەوە ئاگای لە زیندانییەکانە.

جێی باسە تاوەکو ئێستا زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەسەر تاوانی تیرۆر لە سویددا لە زینداندان لە گرتووخانەی کووملان. کێنت گوستاڤسۆن بەرپرسی گرتووخانەی کووملا ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی ڕادیکاڵکردن هەڵوێست دەگرن و دەڵێت.

        لەبەر ئەوەی گرووپەکان بچوون بەباشی ئاگاداری جمووجوڵین، بەڵام ئەگەر لامان ئاشکرا بوو بەندکراوێک هەوڵ دەدرێت کاریگەریی لەسەر بکرێت، ئەوا چەند ڕێگە چارەیەک دەگرینە بەر. لەوانە گفتووگۆکردن لەگەڵیدا، ئەگەر هاتوو دەرئانجامی نەبوو ئەوا کەسەکە دەگوێزینەوە گرووپێکی دیکە یان جێگەیەکی دیکە کە دەزانین کاریگەر کردن لەسەر کەمترە.

 ئەمڕۆ گرتووخانەکان ئەرکەکانیان لەو پێکدێت کە ڕێگری لە زیندانییەکان بکەن هەتاوەکو نەکرێنە ئسیلامیی ڕادیکاڵ، تووندڕەوی چەپ یان ڕاست. جێی باسە دەزگای چاودێری تاوانکارن باسی لەوە کردووە کە ئەوان هەوڵی گۆڕینی بیروو بۆچوونی ئەو زیدانییانە نادەن، بەڵکو هەوڵ دەدەن هەڵسووکەوتی تووندوتیژی کەم بکەنەوە.

هەر بە وتەی دەزگای چاودێری تاوانکاران ئەمڕۆ نزیکەی ٢٠ زیندانیکراوێک لە گرتووخانەکانی سویددا دەیانەوێت بەندکراوەکان بە ئیسلامیی ڕادیکاڵ بکەن یان هەوڵ دەدەن کاریگەریان بەشێوەیەکی خراپ لەسەریان هەبێت.