لە ڕوانگەی سەرۆکوەزیرانەوە قەیرانەکەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ جددییە

2:50 min

ستێفان لوڤێن سەبارەت بە قەیرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ ڕایگەیاند کە مەسەلەکە جددییە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەر لەسەرەتای قەیرانەکەوە هەوڵی چارەسەری کێشەکەیان داوە. لوڤێن هاوکات متمانەی خۆشی بۆ ئەندامانی کابینەکەی دووبارە کردەوە.

سەرۆکوەزیرانی سوید، ستێفان لوڤێن سەبارەت بە قەیرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ، هاوڕێ لەگەڵ هەریەکە لە بەرێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ، بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی ئاسایش و فەرماندەی گشتی سوپا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بەرێوە برد.

سەرۆکوەزیران دەڵێ کە ئەو لە سەرەتای ئەم ساڵەوە سەبارەت بەم مەسەلەیە زانیاری پێ دراوە. ئەو پێی وایە پرسەکە زۆر جددییە و هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکەش بەدوادچوونی بۆ کراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی چارەسەری کێشەکەیان داوە. هاوکات، سەرۆکوەزیران باسی لەوە کرد کە پۆلیسی ئاسایش-سێپۆ ڕاسپێردراوە تا بەدواداچوون بۆ ئەوە بکات کە کامانەن ئەو کێماسیانەی بووتە هۆی ئەوەی نەتوانرێ ئەو زانیاریانە بە پارێزراوی بمێننەوە. 

لای خۆیەوە بەرێوەبەری گشتی هاتووچۆ لەگەڵ پێداگری لەسەر جددی بوونی مەسەلەکە ڕایگەیاند کە لە ڕاستیدا ئەو زانیاریانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەواندا تۆمار دەکرێن دەبێ کراوە بن بۆ هاوڵاتیانی سوید، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا پێویستە زانیاریەکان پارێزراو بن. ئەو گوتیشی بە پێی زانیاری ئەوان، هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەست نییە تا ئەوە پشتراست بکاتەوە کە زانیاریەکان کەوتبنە بەر دەستی کەسانی تر. هاوکات ئەو ئاماژەی بەوە دا کە سەرجەم کەرەستە و هۆکارەکانی گواستنەوەی وڵات لای ئەوان تۆمار دەکرێن، بەڵام تۆمارکردنی کەرستەکانی گواستنەوەی سوپا ناکەونە ناو چوارچێوەی سیستمی تۆماری بەرێوەبەرایەتییەکەی ئەوان. 

سەرۆکی سیپۆ بە نۆرەی خۆی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا سەبارەت بە مەسەلەکە گووتی کە ئەوان بۆ وەرگرتنی زانیاری پێوست سەبارەت بەم مەسەلەیە پەیوەندیان بە وەزارەتی بەرگرییەوە کردووە. هاوکات گوتیشی ئەوان پێشنیاری ئەوە بۆ حکومەت دەکەن تا چوارچێوە و سنووری بەرێوەبەرێتیەکان و مامەڵەیان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان دیاری بکات.

فەرماندەی سوپاش ڕایگەیاند کە ئەوان دڵنیایی دەدەن بە ڕای گشتی کە ئۆتۆمبێل و هۆکەرکانی گوازتنەوەی سوپا لە سیستمێکی تایبەت بە سوپای سوید دا تۆمار دەکرێن و ناچنە ناو چوارچێوەی کاری بەرێوەبەرایەتی هاتووجۆووە. بە پێی لیکۆڵینەوەکانیشیان زانیارییەکان سەبارەت بەو بەشە لە کەرەستەکانیان کە لە هەردوو سیستمدا تۆمار کراون نەکەوتوونەتە دەست کەسانی تر.

ستێفان لوڤێن لە کۆتای قسەکانیدا گوتیشی کە ئەو بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لەوە دەکات مەسەلەکە ڕەوانەی کۆمیسیۆنی یاسای بنەڕەتی لە پەرلەمان بکرێت، هاوکات ئەو سەرۆکی هەموو پارتەکانی بانگ کردووە تاکوو سەبارەت بەم مەسەلەیە زانیاری پێویستیان بداتێ.

لە لایەکی ترەوە و لە یەکەم کاردانەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بەم لێدوانانە، یان بیۆرکلوندی سەرۆکی پارتی لیبرالەکانی سوید ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەوە بەرپرسیارییەتی خودی حکومەتە کە شکستێکیی ئاوا و لەو ماوە درێژەدا ڕوویداوە.

یوناس خۆستێد سەرۆکی پارتی چەپیش پێی وایە کە ئەوە لاوازیەکی حکومەتە کە نەیتوانییوە سەبارەت بە مەسەلەیەکی ئاوا لایەنەی پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت ئاگادار بکاتەوە.