لیلباس کۆچی دوایی کرد

2:05 min

لیلباس هونەرمەندێکی خۆشەویستی خەڵک بوو و ئەمڕۆ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەندی خۆشەویستی خەڵک لیلبابس(Lill-Babs)  لە تەمەنی ٨٠ ساڵیداو ماوەیەکی کورت دوای تووشبوونی بە نەخۆشی سەرەتان کۆچی دوایی کرد، ئەمە بە گوێرەی کچەکەی (Kristin Kaspersen) کە لە ئینستا گرام هەواڵەکەی بڵاو کردەوە. 

ئاندەرس ئیلدمان بەرێوەبەری بەرنامە لە رادیۆی سوید دەڵێ ئەوە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ هەموو خەڵکی سوید، کەم کەسم بینیوە هێندەی لیلبابس لای خەڵک خۆشەویست بێ، کاتێکیش دەڵیین یەکێک لە لای خەڵک خۆشەویستە مەبەستمە بڵیم  ئەوانەی بە تەواوی لە دڵی خەڵک دان و بە تەواوی کاریگەریان هەیە،  بۆ نموونە (Astrid Lindgren) و (Evert Taube).

باربرو سڤێنسۆن (Barbro Svensson ) کە بە لیلباسیش ناسرابوو لە ناوەراستی دەیەی پەنجای سەدەی رابردوودا یەکەمین ئالبومی خۆی بڵاو کردەوە و دوای ئەوە بوو بە یەکێک لە هونەرمەندە بە دەنگ و ناوانەی کە لایەنگریەکی زۆری لەناو خەڵک دا بۆخۆی پەیدا کرد.

بە چەند گۆرانیەکی وەک (Är du kär i mig ännu Klas-Göran)( Itsy bitsy Teenie Weenie)( Jag är en tuff brud i lyxförpackning) هەم توانی دڵی خەڵک بەدەست بهێنێ و هەم بوو بە ئەستێرەیەکی هونەری گەش.

 ئەو لە حەوت دەیەی تەمەنی خۆیدا کۆمەڵێک گۆرانی، نمایش و پرۆگرامی پێشکەش بە خەڵکی سوید کرد،  یەکەم نمایشی خۆی لە ساڵی ١٩٥٣ لە رۆژی جیهانی منداڵان دا و لە شوێنی لەدایک بوونی خۆی یەرڤسۆ (Järvsö)پێشکەش کرد، ئەوکات تەمەنی پازدە ساڵ بوو.

باربرو لە ساڵی ٢٠١٤ دا ٦٠ ساڵەی تەمەنی هونەری خۆی جەژن گرت و ساڵی پاریش بۆ(Swedish Music Hall of Fame) لە گەڵ چەند هونەرمەندێکی تر دا هەڵبژێردرا لیلباس لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد،