ساڵێک بە سەر هێرشە تیرۆریستیەکەی ستۆکهۆڵم دا تێپەڕی

2:27 min

سبەی ٧ی ئاپریل ساڵێک بە سەر هێرشە تیرۆریستیەکەی شەقامی درۆتتنینگ گاتان لە  شاری ستۆکهۆڵم تێدەپەڕی

دوریس دالکڤیست(Duris Dahlqvist) ئەم بەیانیە لە شەقامی درۆتنینگگاتان بوو و لە وتوێژێک دا لەگەڵ بەشی کوردی رادیۆی سوید بەم شێوەیە دوا:

"باسمان لەوە کرد ئەم بەیانیە لە رێگەیەکی دیکەوە بڕۆین، لە ئۆستێرمالمستۆری بووین،  ناخۆشە کە لە ژیانی رۆژانەدا روودەدا، ئێستاش هەرچەند ترسێکمان نەماوە  بەڵام بیری لێ دەکەینەوە"

لەو رۆژەدا رەحمەت ئەکیلۆڤ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری بە خێراییەکی تووندی لە شەقامی درۆتتنینگگاتان لێخوڕی و لە ئەنجام دا پێنج کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەی ١٤ کەسێک بە سەختی بریندار بوون.

ئێرنا دانیەلسۆن (Erna Danielsson) یاریدەدەری پرۆفسۆر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەیران (RCR)لە ئۆستەرسوند کە لێکۆڵینەوە لە سەر کاردانەوەی مرۆڤەکان دەکا لە کاتی قەیران دا  و چەند مانگێک بەر لە ئێستا تاقیگەیەکیان درووست کردووە کە لەوێدا لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتیی بەرەورووبوونەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ قەیرانەکان دا دەکەن.

ئیرنا باس لەوەدەکات کە تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس راهێنراون لە کاتی قەیرانەکاندا چۆن هەڵوێست بگرن، بەڵام ئەم تاقیگەیە بۆ ئەو  کەسانەیە کە بڕیاریان بەدەستە و پێشتر ئەو ڕاهێنانەیان نەکردووە، بەم شێوەیە دەتوانن راهێنان لە سەر کاردانەوەکانیان و بڕیارەکانیان بکەن و لە کاتی قەیران دا ئامادەیی و بەرچاوروونی زیاتریان هەبێ .ئەوەش لە رێگەی دەنگ و ئەو بۆن و لەرینەوە و رووناکییەوە کە بەهەمان مەبەست لە تاقیگەکەدا جێگیر کراون.

هەر بۆ یادکردنەوە لە قوربانییانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە سبەی بەیانی کاتژێر ١٢ بۆنەیەکی یادکردنەوە لە کلیسای ئادۆڵف فرێدریک بەڕێوە دەچێ، لە نێو بانگهێشتکراوان دا کەسوکار و نزیکەکانی قوربانیان و ئەوانەش کە بە تووندی کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو رووداوە یان هێزەکانی فریاگوزاری وەک پۆلیس و ئامبوڵانس و هێزە فریاگوزاریەکان بەدی دەکرێن.

هاوکات نوێنەری و حکومەت و پارت و دامەزراوە فەرمییەکان دەبینرێت. پاشان کاتژمێر ١٤،١٥ کۆنسێرتێکی یادکردنەوە لە باخچەی پاشا(Kungsträdgården) بەڕێوە دەچێت، بڕیارە سەرۆک وەزیران ستێفان لۆفڤێن وتارێک پێشکەش بکا، پاشان بە پێشکەش کردنی موزیک و گۆرانی لە لایەن (Malena Ernman) (Stephen Simmonds ') (Lars Winnerbäck) چەند کەسێکی دیکە درێژە دەخایەنێت.

شایەنی باسە دادگاییکردنی ئەکیلۆڤ دەستی پێ کردووە و تا ئێستا دادگاییکردنەکە بەردەوامە، ڕەحمەت ئەکیلۆڤ  پەنابەرێکی ئوزبەکستانییە و بە تاوانی هێرشە تیرۆریستییەکەی ستۆکهۆڵم دادگایی دەکرێ.