سێ کەس ئەکادێمیای سویدییان جێهێشت

2:27 min

سێ کەس ئەمڕۆ کشانەوەی خۆیان لە ئەکادێمیای زمانی سوێدی راگەیاند.

هەردوو نووسەر (Klas Östergren) (Kjell Espmark) لە نامەیەک دا بۆ SVD  کشانەوەی خۆیان لە ئەکادێمیای زمانی سویدی راگەیاند و ماوەیەکی کورت دوای ئەم ڕووداوە (Peter Englund) نووسەر و ئەندام لەم ئەکادێمیەدا لە نامەیەکدا بۆ رۆژنامەی ئافتۆنبلادێت کشانەوەی خۆی لەم ئەکادێمیایە ڕاگەیاند. بە گوێرەی بەرنامە و پەیڕەوی نێوخۆی ئەم ئاکادێمیایە ئەندامەکانی ناتوانن پۆستەکانیان بەجێ بهێڵن.

 نووسەر و پرۆفسۆری بواری ئەدەبیات ئێبا ویت براتسرۆم(Ebba Witt-Brattström) کە هاوسەری پێشووی ئەندامێکی ئەکادێمیاکەشە دەڵێ: ئەوە گورزێکی قورسە و بناخەی ئەکادێمیاکەی لەرزاندووە و لەوانەیە بەسەریەکدا بڕوخێ.

ئەکادێمیای زمانی سوێدی لەم چەند مانگەی دواییدا و بەتایبەت دوای هەڵمەتی Mee too دوچاری کێشەی گەورە بۆتەوە. بە تایبەت دوای ئەوەی رۆژنامەی داگێنس نیهێتەر ئاشکرای کرد کە کەسایەتیی کلتووری (Jean-Claude Arnault) کە پەیوەندییەکی نزیکی بە ئەکادیمیای زمانی سوێدییەوە هەبوو تۆمەتی دەسترێژیی سێکسی بۆ سەر نزیکەی ١٨ ژن خراوەتە پاڵ. ئەو دەسترێژییانەش لەو خانووانەدا ڕوویان داوە کە ئەکادێمیای زمانی سوێدی خاوەنیانە.

کلاس ئۆستێرگرێن(Klas Östergren) لە نامەکەیدا نووسیویەتیی کە ئەکادێمیای زمانی سوێدی لەمێژە کێشەی جیددیی هەیە و ویستوویەتی ئەم کێشانە بە شێوەیەک چارەسەر بکەن کە گومان دەخاتە سەر پەیڕەوی ناوخۆی ئەکادێمیاکە و بەو مانایەیە کە پشتیان لە یاساکانی خۆیان کردووە.

ئەندامانی ئەم ئەکادێمیە ناتوانن نهێنیەکانی دامەزراوەکە ئاشکرا بکەن. شێل ئێسمارک لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ ڕادیۆی سوید دەڵێ لە کاتێکدا بریاردەرانی ئاکادێمیەکە هاوڕێیەتیی دەخەنە پێش سەروەریی دامەزراوەکە، ئەوا ئەو ناتوانێ چی دیکە بەردەوام بێ. شێل رایگەیاند کە پێشتریش چەند کەسێکی دیکە پۆستەکانیان بەجێهێشتوە و شتێکی سەیر نیە بەڵام بەهۆی پابەندی بە پەیڕەوی نێوخۆ نەیتوانی زانیاریی زیاتر بدات.  

ئێستا سەرۆکی ئەکادێمیەکە سارا دانیۆس لە دەروەی وڵاتە و بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید هەوڵی داوە پەیوەندیی پێوە بکا بەڵام بێئەنجام بووە. ئەو کەسانەی ئەمڕۆ ئەکادێمیاکەیان جێهێشت دەڵێن بەهۆی پابەندییان بە ڕێسای پاراستنی نهێنییەوە ناتوانن باس لە وردەکاریی هۆکاری وازهێنانەکەیان بکەن. هەروەها دەشڵێن ئەوە ئەرکی سکرتێری گشتیی ئەکادێمیاکەیە کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی کراوەدا وەڵامی پرسیارەکانی میدیا و جەماوەر بداتەوە.