ئەمساڵ هەستیاریی بە گەردەی گوڵ و گیا زۆر دەبێ

4:40 min

بەهار وەدرەنگی کەوتووە و زستانی سارد و دوورودرێژ زیاتر ماوەتەوە ئەوەش بۆی هەیە گەردەی گوڵ و گیاکان (pollen) هەموو بە یەکجار و بە چریی بڵاو ببنەوە، ئەمەش بۆ ئەو کەسانە ناخۆش دەبێ کە بە گەردەی گوڵ و گیا هەستیارن.

دیار قادری خوێندکاری زانکۆ لە کارلستاد یەکێک لەو کەسانەیە کە بە گەردەی گوڵ و گیا هەستیارە و ساڵانە ناچارە لە سەرەتای بەهاردا و لە کاتی وادەی شکۆفە کردنی دارەکان، داو دەرمان بەکار بهێنێ.

درەختە جۆراوجۆرەکان لە سەرەتای بەهار دا و لە کاتی جیاواز دا چرۆ دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی دواکەوتنی بەهارەوە بۆی هەیە هەموویان لە یەک کاتدا چرۆ بکەن و بەمەش رێژەیەکی زیاتر لە گەردی تۆوی گوڵ و دارەکان بڵاو دەبێتەوە، ئەوە وادەکات کە هەستیاری لە ئاست گەردەی گوڵ و گیادا زیاتر ببێ، ئەمە بە گوێرەی وتەکانی د.رەنج حەمید پسپۆڕی لە نەخۆشیەکانی سینگ و هەناسە لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکا بەشی هودینگە لە ستۆکهۆڵم لە وتووێژێک دا لەگەڵ بەشی کوردی رادیۆی سوید. 

 د. رەنج حەمید هەروەها باس لەوەدەکات کە نیشانەکانی هەستیاریی لەگەڵ هەڵامەت دا زۆر لێک دەچن، بەڵام چەند جیاوازیەک هەیە کە وادەکات تووشبوو هەستیاری لەگەڵ هەڵامەت لێک جیا بکاتەوە، لە هەڵامەت دا نەخۆش تا و بەڵغەمی هەیە، بەڵام لە هەستیاری دا زیاتر چاو دەخورێ و ئاو لە لووت و چاو دێت.

لە درێژەی وتووێژەکەمان دا لەگەڵ دکتۆر رەنج ئاماژەی بەوەش دا کە زۆر جار کەسانێک کە دێنە سوید لە تەمەنێکی گەورەتریش دا تووشی هەستۆکی گەردەی گوڵ و گیا دەبن و بۆ دڵنیابی دەتوانن پەیوەندی بە نزیکترین ناوەندی تەندروستیەوە بکەن یا تەلەفۆن بۆ ژمارەیی رێنمایی تەندروستی ١١٧ بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوە کە هەستیاریان هەیە یان نا.

تەنانەت  دەرمانفرۆشیەکانیش لە سەروبەندی کۆتایی هاتنی زستان و گەرمبوونی ئاووهەوا و بڵاوبوونەوەی گەردەی گوڵ و گیا هەست بەوە دەکەن کە خەڵکێکی زیاتر داوای دەرمانی هەستۆکیی دەکات، گەلاوێژ عەبدوڵازادە خاوەنی دەرمانخانەیە:

"لەم حەفتەیەوە کە هەوا هێندێک گەرمتر بووە خەڵک زیاتر بۆ کڕینی دەرمانی هەستیاریی روومان تێ دەکەن."

هەستیاریی بە گەردەی گوڵ و گیا(pollen) کاری کردۆتە سەر ژیانی رۆژانەی دیار قادری و بۆ ئەوەی سەرنجی لە سەر دەرسەکانی بێت یان بتوانێت وەرزش بە ڕێک و پیکی بکات ناچارە بەر لە وەرزش یان چوونە زانکۆ دەرمان بەکار بهێنێت.