بۆ تازەهاتووەکان سەختە داهاتی زیاتر لە کارکردن دا بەدەست بهێنن

1:33 min

رێژەی ئەو پارەیەی کە تازەهاتوویەک لە کاتی کارکردن دا بەدەستی دێنێ تارادەیەک یەکسانە بەو داهاتەی کە لە وەرگرتنی کۆمەکە دارییەکان دا هەیەتی.

زۆر جار چاوەڕوانی و راستییەکان یەک ناگرنەوە، لە لایەکەوە هەوڵ دەدرێ  کە بیاینیە تازەهاتووەکان زوو بکەونە سەر کار و لە لایەکی دیکەشەوە هێندێک رێساو یاسا وادەکەن کە کارکردن دەرامەتێکی کەمتری لە کۆمەک و یارمەتیەکانی پێشتری لێ بکەوێتەوە.

ئەوە بە پێی راپۆرتێکی (ESO) تیمی شارەزا بۆ لێکۆڵینەوە لە ئابووریی فەرمی کە لە لایەن (Eva Löfbom) نووسراوە، بە پێی ئەو راپۆرتە ئەو کەسەی کە دەست بە کارکردن دەکا ناتوانێ هیچ لەو داهاتەی بەدەستی دێنێ پاشەکەوت بکا بە بەراوردکردن لەگەڵ ئەو کاتەی کە لە رێگەی کۆمەک و یارمەتیی دەوڵەتییەوە بژێوی دابین دەکرد.

بۆ نموونە ئەگەر پەنابەرێکی تازەهاتوو لەگەڵ هاوژینەکەی و چوار منداڵ دا بژی و هیچ یەک لە دایک و باوکەکەش کاریان نەبێت بەڵام دواتر یەکێک لە دایک و باوکەکە دەست بە کارکردن بکەن ئەوا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتی مانگانەیان نابێ، ئەوەش مەیلی کارکردن لە نێو تازەهاتووەکاندا کەم دەکاتەوە.

هۆکارەکەش ئەوەیە کە لە کاتی کارکردن دا کۆمەکەکانی وەک کۆمەکی جێگیربوون(etableringsersättning) و کۆمەکی بژێوی(etableringsersättning) دەبڕدرێن و رێژەی ئەو کۆمەکەش کە لادەچێت یەکسانە بەو داهاتەی کە لە کارکردن بەدەستی دەهێنن.

لە راپۆرتەکەدا چەند رێگە چارەیەکیش خراونەتە بەرچاو، بۆ نموونە ئەو زیادەیەی دەخرێتە سەر کۆمەکی جێگیربوون و دەدرێ بەو تازەهاتووانەی کە منداڵیان هەیە و منداڵەکەش لەگەڵیان دەژیت، پێداچوونەوەی پێدا بکرێ و  بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی منداڵەکە کەم بکرێتەوە نەک هەمووی ببڕدرێت، ئەم رێگە چارەسەرە زیاتر رووی لە ژنانە بۆ ئەوەی ئاسانتر بێنە بازاڕی کارەوە و لە کاتێکیش دا کە هاوسەرەکانیان دەست بەکار  دەکەن بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

لە ئێستادا کۆمەکی جێگیربوون بۆ تازەهاتووان ٧٠٠٠ کڕۆنە و هەر منداڵێکیش لە نێوان ٨٠٠تا ١٥٠٠ کرۆنی وەک زیادەی کۆمەکی جێگیربوون پێ دەدرێ، بە مەرجێک لە ٤٥٠٠ کرۆن زیاتر نەبێ.