گۆڕانکاری لە پەیڕەوی نێوخۆی ئەکادیمیای زمانی سویدی دا دەکرێ

2:23 min

 ئەم بەیانیە ئەندامێکی ئەکادیمیای زمانی سویدی داوای بە یەکجاری چوونە دەری لەم دامەزراوەیە کرد، ئەمە دوای گۆڕانکاریی لە پەیڕەی نێوخۆی ئەکادێمیاکە کە دوێنێ لە لایەن پاشای سویدەوە ڕاگەیەنرا.

 لۆتا لۆتاس(Lotta Lotass) لە داوانامەیەکی رەسمی دا داوای چوونە دەری لە ئەکادێمیای زمانی سویدی کرد، ئەمە بە گوێرەی هەواڵەکانی رۆژنامەی داگێنس نیهێتەر، لۆتا لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ئەندامی ئەکادێمیای زمانی سویدیە و بەر لە دوو ساڵ پۆستەکەی بەجێ هێشتبوو و بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەکادیمیاکەدا نەدەکرد پاش ئەوەی دوێنێ کارل گوستاف پاشای سوید لە پەیامێکی رۆژنامەوانیی دا ڕایگەیاند کە دەیهەوێ بە شێوەیەک گۆڕانکاری لە پەیڕەی نێوخۆی ئەکادیمیاکەدا بکا کە ئەندامەکانی بۆیان هەبێ پۆستەکانیان بەجێ بهێڵن، شایەنی باسە بە پێی ئەم پێرەوی نێوخۆیییە ئەندامەتیی لە ئەکادێمیادا هەمیشەیی بوو. بە گوێرەی ئەم گۆڕانکارییە ئەو کەسانەس کە پێشتر ئەکادیمیاکەیان بەجێ هێشتووە بەڵام پۆستەکانیان هەرماوە، دەتوانن بە یەکجاری دامەزراوەکە بەجێ بهێڵن، لۆتا یەکەم کەسە کەدوای ئەم گۆڕانکاریانە ئەم داوایە پێشکەش دەکات.

بیۆرمن ویمان(Björn Wiman ) بەرپرسی هەواڵە کلتووریەکانی رۆژنامەی داگێنس نیهێتەر پیی وایە:"بەهۆی ئەم  پێشنیارە وێنەی ئەکادێمیاکە  دەگٶردرێ چونکە پێگەی ئەم دامەزراوەیە لە سەر دوو بابەتە، یەکەمیان ئەوەی کە خەڵاتی نۆبێل دابەش دەکەن و دووهەمیشیان ئەوەی کە ئەندامەتیی لەم ئەکادێمیایەدا هەمیشەییە، ئێستا ئەندامەتیی وان هەر وەک ئەندامەتیی لە هەر گروپێکی دابەش کردنی خەڵات دا شتیکی ئاساییە"

چاوەڕێ دەکرێ ئەم ئێوارەیە خەڵکێکی زۆر بە کراسی قردێلەدارەوە لە بەردەم خانەی ئەکادیمیای زمانی سوید لە ستۆکهۆڵم  کۆببنەوە کە هاوکات ئەکادیمیاکە کۆبوونەوەی خۆی دەگرێت، ئەمە بۆ پشتیوانی لە سەرۆکی ئەکادیمیاکە سارا دانیوس کە حەوتتوی ڕابردوو وازهێنانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەکادێمیاکە ڕاگەیاند،

هاوکات زۆرکەسیش چاوەڕێی بۆچوونی ئەکادێمیاکەیە لەسەر ئەنجامەکانی لێکۆلینەوەی پارێزەر سەبارەت بە پەیوەندی ئەندامانی ئەکادیمیاکە بەو کەسایەتییە کلتووریەی کە بە دەسرێژیکردنە سەر نزیکەی ١٨ ژن تۆمەتبار کرابوو ، هەرچەند تا ئێستا ڕوون نیە کەی ئەم ئەنجامە رادەگەیەنرێ.

 .