لیژنەی یاسای بنەڕەتی پەرلەمان لێپرسینەوە لە سەرۆک وەزیران دەکات

1:56 min

لیژنەی یاسای بنەڕەتی پەرلەمان سەبارەت بە جۆنیەتیی مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ  ریسواییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە لێپێچینەوە لە سەرۆکوەزیران دەکات.

ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران ستێفان لۆفڤێن لە بەردەم لیژنەی یاسای بنەڕەتیی لە پەرلەمان ئامادەبوو بۆ وڵامدانەوە سەبارەت بە پرسی جۆنیەتیی مامەڵە کردنی حکومەت لەگەڵ ریسواییەکەی بەڕیوەبەرایەتیی هاتوچۆ.

ستێفان لۆفڤین وتەکانی بەوە دەست پێکرد کە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ لە کڕینی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵیانە دا سەرکەوتوو نەبووە و وەک پێشتریش باسم کرد، ئەوە داڕمان بوو.

 لۆفڤێن لە وڵامی ئاندریاس نۆردێن لەسەر لیستی مۆدێراتەکان دووبارە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە درەنگ ئەو زانیارانەی لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ دا  بەدەست گەیشتووە و رەخنەی لە چۆنیەتیی گواستنەوەی ئەو زانیاریانە لە نێو دامودەزگاکانی حکومەت داگرت و راشیگەیاند کە ئێمە ئێستا وێنەیەکی روونمان لەسەر ئەو رووداوە هەیە، ناکرێ لە روانگەی ئێستاوە سەیری ئەو رووداوە بکەین کە ساڵی ٢٠١٥ روویداوە.

سەرۆکوەزیران باسی لەوەش کرد کە دەبوو لە مانگی دووی ٢٠١٦ لەو رووداوە ئاگادار کراباوە، بەڵام ئەم کارە نەکراوە.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە ساڵی رابردوو لایەن رۆژنامەی (Dagens  Nyheter) ئاشکرا کرا کە  وەزارەتی گواستنەوە لە چەند ساڵی رابردوودا بەشێک لە سیستمی ئای ـ تی بۆ چەند ولاتێکی ئوروپای رۆژهەڵات گواستۆتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەرێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ کۆمپانیای (IBM).

ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک زانیاریی نهێنی بگاتە دەست نزیکەی ٨٠ کەسێک کە بۆیان نەبوو دەستیان بەو زانیارییانە ڕابگا، بۆ نموونە وەک ژمارەی تۆماری سەیارە و ناوی خاوەنەکانیان. ئەوەش هەمووی بە رەزامەندی بەرێوەبەرایەتیی  وەزارەتی ناوبراو بووە.

لێکۆڵینەوەکان لەم پرۆسەیە کۆمەڵێک کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەوانە دوو وەزیر (ئەندەرش ئیگێمان وەزیری ناوخۆ و ئاننا یوهانسۆن وەزیری ژێرخانی ئابووری) و سکرتێری سەرۆک وەزیران ئێمما لێنارتسۆن، ناچار کران پۆستەکانیان بەجێ بهێڵن.