سێ گومانلێکراوەکە بەتاوانی تیرۆر دەست بەسەر دەکرێن

1:41 min

دادگای بەرایی سۆلنا کەمێک بەر لەئێستا ڕایگەیاند ئەو سێ کەسەی ڕۆژی دووشەممە بە گومانی خۆ ئامادەکردنی بۆ تاوانی تیرۆریستی پۆلیسی دەستگیریکرد، بەهۆی بەهێزیی گومانەکان بە دەست بەسەری دەمێننەوە و لێکۆڵێنەوە بەردەوام دەبێت.

ئەو گومانلێکراونە دوانیان لە شاری ستۆکهۆڵم و ئەوی دیکەیان لە هەرێمی یەمتلاند دەستگیر کران. بە پێی زانیارییەکانی بەشی هەواڵەکانی تەلەڤیزیۆنی سوید ئەم گومانلێکراوانە هەر سێکیان بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئوزبەکستانن. بەپێی هەمان سەرچاوە یەکێکیان پەیوەندی بە ڕەحمەت ئەکیلۆڤەوە هەبوو. لێپێچینەوە بەراییەکان ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ لە دادگای بەرایی سۆڵنا بەڕێوە دەچن.

رۆژی دووشەممە پۆلیسی ئاسایشی سوید بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیس لە هەڵمەتێکی هەمەلایەنە لە چەند شوینێکی سوید دا چەند کەسێکیان لە سترۆمسوند و ئاکالای ستۆکهۆڵم دەستگیر کرد کە گومانی ئامادەکاریی بۆ تیرۆریان لەسەربوو، ئەمڕۆش پارێزەری گشتیی(åklagaren) پێر لێندکڤیست  رایگەیاند:

لێکۆڵینەوەیەکی ئاڵۆز لە ئارادایەوە چونکە ئەو کەسانەش بە گومانی تاوانی زۆر جدیی دەستگیر کراون لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا بە دەستبەسەری دەمێننەوە

 بە گوێرەی پۆلیسی ئاسایشی سوید بەرنامەڕێژیەکە بۆ داهاتوویەکی نزیک نەبووە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەش ئاستی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی سویدی بەرز نەکردۆتەوە، هاوکات هەر سێ کەسەکەش تۆمەتی ئامادەکاریی بۆ تیرۆریان رەت کردۆتەوە.