پۆلیسی تایبەت لە وڵاتێکی تر ئاگای لە هێرشە تیرۆریستیەکەی سوید بووە

2:35 min

 چەند ڕۆژێک بەر لە هێرشە تیرۆریستیەکەی مانگی چواری ساڵی رابردوو زانیاری جاسوسی لە لای پۆلیسی تایبەتی وڵاتێکی دیکەی یەکیەتی ئوروپا لە بارەی ئەو هێرشەوە هەبووە. ئەمە بە گوێرەی هەواڵێکی بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید.

ئەم زانیاریە جاسوسیانە هێندە جدی بوون کە دەکرا وەک هەڕەشەیەکی لەناکاو سەیر بکرێن پاش لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لە لایەن شارەزایانەوە ئەم زانیاریانە دراون بە تیمێکی پۆلیسی تایبەتی لە وڵاتێکی دیکەی یەکیەتیی ئوروپا، یەکێک لە پۆلیسە بە ئەزموونەکانی ئەو تیمە بە باسی ئەو زانیاریانە بۆ بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید دەکات:

"ئێمە دەمانزانی هەڕەشەیەک لەئارادایە، بەڵام تەواو دڵنیا نەبووین، دەشمانزانی کە خانەیەکی تیرۆریستی یان کەسێک دەتوانن هێرشی تیرۆریستی بکەن."

ئەم زانیاریە جاسوسیانە لە کۆبوونەوەیەکی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دزەیان کردبووە دەرەوە کە گوایە کەسێکی بیانی لایەنگری داعش ئامادەیە بۆ ئەوەی لە شەقامێکی قەرەباڵغی ستۆکهۆڵم هێڕش بکات و ئەوەندەی دەتوانێ خەڵک بکوژێ. ئەوە بە گوێرەی قسەکانی پۆلیسە تایبەتیەکە، بەڵام ناوی ئەو کەسە ئاشکرا ناکا کە دەیویست هێرشەکە بکات، ئەو دەڵێ بە لێشاو زانیاریمان بەدەست دەگەیشت و ناوەکانیش ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دەهات.

بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید دەنگێکی دیکەی لە بری ئەو پۆلیسە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی شوێن و ناسنامەی ئاشکرا نەبێ و هاوکات پۆلیسەکە کە ئەزموونێکی زۆری لە بەرهەڵستی کردنی تیرۆریزم دا هەیە  باس لەوەش دەکات کە ڕێوشوێنی تایبەتی خۆیان هەیە کە چۆن لە کاتی پێگەیشتنی زانیاریەکی لەم شێوەیەدا وڵاتەکانی تری یەکیەتی ئوروپا ئاگادار بکەنەوە.بەڵام نازانێ سەرۆکەکانی ئەو کارەیان کردووە یان نا. کاتێک هێرشەکەش روویدا ئەم پۆلیسە پیی وایە کە هەمان هێرش بووە کە لە زانیاریە جاسوسیەکاندا باس کراون. 

بە شێوەیەکی ئاسایی ئەوە پۆلیسی ئاسایشی سویدە(Säpo) کە ئەم زانیاریانە وەردەگرێت، بەڵام فرێدریک هاڵسترۆم سەرۆکی بریکار لە سێپۆ کە کار لەسەر ئەو کەسانە دەکات کە لە رووی ئیدۆلۆژیەوە هان دەدرین ئاگای لەم زانیاریانە نیە:

ڕێک ئەوەی ئەتۆ باسی دەکەی ئەمن ئاگام لێ نیە کە گوایە ئەو زانیاریانە پەیوەندیان بە هێرشەکەی درۆتنینگگاتانەوە هەبووبێ، بەر لە هێرشەکە و دوای هێرشەکەش هیج زانیاریەکی لەو چەشنەمان نەبووە.