ڕۆمانی مردووشۆر بە سویدی بڵاو بۆوە

7:07 min

سارا عومەر نووسەر و ڕۆماننوسی کورد بۆ ناساندنی ڕۆمانەکەی لە ستۆکهۆڵم بوو، رۆمانێک کە باس لە کلتووری ناموسپەرستی و کۆمەڵیک پرسی هەستیاری دیکە سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردی و دیاسپۆرای کوردی دەکا.

 نووسەر و ڕۆماننوسی کورد سارا عومەر بۆ ناساندنی ڕۆمانەکەی، کە بەو دواییانە بە زمانی سویدی بڵاوکراوەتەوە لە ستۆکهۆڵم بوو، رۆمانێک کە باس لە کلتووری ناموسپەرستی، ئایین، داب و نەریت، باوکسالاری و کۆمەڵێک پرسی هەستیاری دیکە سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردی و دیاسپۆرای کوردی دەکا، چۆن پێشگیری بکرێ لەوەی  ڕۆمانێکی لەم شێوەیە لە لایەن گرووپە تووندڕەوەکانەوە کەڵکی خراپی لێوەرنەگیرێ.سارا لە وتوێژێک دا ولامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.   

 ئێمە لە ناوەندی شار و لە کتێبخانەیەک کە وێنەی گەورە کراوەی  سارایان لە چواردەوری ژووری سێمینارەکان دانابوو و کۆمەڵێک کتێبیشیان لەسەرمێزێک ریز کردبوو ، لە وتوێژیک دا باسی ڕۆمانی مردووشۆر  (DÖDSTVÄTTERSKAN) مان کرد.

رۆمانی مردووشۆر لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ بە زمانی دانمارکی بڵاو بۆووە و پاشان بە نۆروێژی و ئێستاش بە زمانی سویدی ، لە وڵامی پرسیارێکی ئێمەدا لە بارەی کاردانەوەکانی دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانێکی لەم چەشنە کە ڕەخنە لە ئایین و داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردی دەگرێ و ئایا ئەگەری ئەوەی هەیە ئەم ڕۆمانە لە لایەن ڕەگەزپەرست و ئەو کەسانەی ئیسلامۆ فۆبیان هەیە خراپ کەڵکی لێوەربگیرێ سارای رۆماننوس هێلی خۆی جیا دەکاتەوە و دەڵێت:

"رەگەزپەرستەکان دەیانهەوێ ئێمە ڕەخنە لە ئیسلام و پەنابەرەکان بگرین بۆ ئەوەی رەگەزپەرستی خۆیانی پێ بەهێز بکەن، من هەم بەرەنگاری ئەوان بوومەوەتەوە، هەم بەرەنگاری ئیسلامیە توندڕەوەکان بوومەوە."

 مردوو شۆر بۆ سەر چەند زمان وەرگێردراوە و سارا هیوادارە تا کۆتایی ئەمساڵ بە کوردیش بڵاو بکرێتەوە.

کلیک لە سەر فایلە دەنگیەکە بۆ گوێگرتن لە هەموو وتوێژەکە.