ئەمڕۆ سەرۆکپەرلەمان دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ پارتەکان

1:42 min

ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی پەرلەمان ئاندرێیاس نۆرلێن لەگەڵ سەرۆکپارتەکان دەکەوێتە گفتوگۆ سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ.

تەواوی ڕۆژی ئەمڕۆ، پێنجشەممە تەرخان دەکرێت بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە و نۆرلێن پێشنیوەڕۆی داناوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ پارتی سۆسیالدیموکراتەکان و مۆدێراتەکان.

ـ ڕیزبەندی دانیشتنەکانم بە پێی گەورەیی پارتەکە داناوە.

هەر بۆیە نۆرلێن کاتژمێر دەی ئەم بەیانییە بە سوسیالدیموکراتەکان دەست پێ دەکات و لە کۆتایی ڕۆژدا نزیک ساعەت پێنجی دوانیوەڕۆ چاوی بە پارتی ژینگە دەکەوێت.

نۆرلێن هیواخوازە گفتوگۆکانی ئەمڕۆ سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت و سیاسەتی داهاتووی سوید باسی بەپێزیان لێ بکەوێتەوە.

ـ ئەمڕۆ سەرەتای گفتوگۆکانە و زیاتر لەسەر دۆخی سیاسی و پرسی حکوومەت بە گشتی دەدوێین.

جێی ئاماژەیە ئاندرێیاس نۆرلێن لە دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی پارتەکان ساعەت چارەک بۆ شەشی ئەم ئێوارەیە لە کۆنفەرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە دەرئەنجامی باس و لێدوانەکان و شیکردنەوەکانی خۆی دەدات.