فێرگایەک داوای لە مامۆستاکانی کردووە پاکوخاوێنی ئەنجام بدەن

2:40 min

مامۆستاکانی سەربە فێرگای هێلارید لەسەر داوای بەڕێوەبەری فێرگاکە دەستیان بە پاکوخاوێن کردنەوەی فێرگاکە کردووە. ئێستا ئەمە بووەتە جێگای ڕەخنەی سەندیکاکانی مامۆستایان.

لێنا ساندگرێن سەرۆکی سەندیکای مامۆستایانی کارلسهامن بە بیستنی ئەم کارە سەری سوڕماوە

ـ جیگای باوەڕ نییە، چۆن مامۆستایان بۆ کارێکی وەها بەکارهێناوە؟

ساندگرێن لە بەردەوامی قسەکانیدا دەیشڵێت

ـ سەرەڕای ئەوەی کە دەزانین مامۆستاکان چەندە فشاریان لەسەر، ئەوجار کاری پاکوخاوێنیشیان پێ بکرێت. بە ناوی مامۆستاکانەوە ئێمە بێزاریی و تووڕەیی خۆمان نیشان دەدەین.

بە وتەی مامۆستاکان لە کاتی بەشداریکردنیان لە خولێکی خوێندنی فێرگای هێلارێد لە هەرێمی بلێکینگە، بەڕێوەبەری فێرگاکە داوایان لێ دەکات دەست بکەن بە پاکوخاوێن کردنەوەی فێرگاکە. هەرچەندە بەڕێوەبەری فێرگاکە یەنی ئالتین ئەم داواکارییەی خۆی بە هەڵە نابینێت و پشت بە بەرنامەی کۆنترۆڵ و پاکوخاوێنڕاگرتنی کۆمۆنەکان دەبەستێت 

ـ مامۆستاکان ئەرکی زیاتر و نوێیان پێ نەسپێردراوە، هەڵە تێگەیشتنێک بووە. کۆمۆنەکان بەرنامەیەکیان داناوە بۆ پاکوخاوێنڕاگرتنی فێرگاکان. هەندێک ئەرک لەسەر خۆمانە و ئێمە تەنها ڕوونکردنەوەی زیاترمان لەم بارەیەوە بە مامۆستاکان داوە، ئەمەش شتێکی تازە نییە.

بەڵام لێنا ساندگرێن سەر بە سەندیکای مامۆستایان باوەڕی بەم پاکانەیە نییە و دەڵێ

ـ بەکارهێنانی مامۆستاکان بۆ پاکوخاوێنکردنەوە قابیلی قەبووڵ نییە، هەر بۆیە ئێمە لە دەستەی بەڕێوەبەریی داوا لەم خاوەنکارە دەکەین لە هەڵوێستەکەی پاشگەز بێتەوە. 

جێی باسە بەڕیوەبەری فێرگاکە داوای کردووە مامۆستاکان جێگاکانی خۆیان، وەکو سەرمێز، لێوارەی پەنجەرەکان و ئەو جێگایانەی کە زۆر ئاڵۆزن پاک بکەنەوە.  بە ڕای سەندیکاکانی مامۆستایان ئەمە ئەرکی مامۆستاییەک نییە.