"بەچاوی خۆم بینیم هەڕەشە لە چاوەدێری سەر سندوقەکان کرا"

5:38 min

تاکو ئێستا تەواوی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە نەکراوە وا چاوەڕوان دەکرێت کە ئەمڕۆ ئەنجامە بەریاییەکان ڕابگەیەندرێت. بەڵام بە وتەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی هەڵبژارنەکەدا ساختەکاریی بە بەرچاویان ئەنجامدراوە.

ئەنیکا لیلمێتس، ئەندامی پەرلەمانی پێشووی پارتی ژینگە و هاوکات نوێنەری ڕێکخراوی ئەورووپی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن، کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لەوێ بووە  دەڵێ.

     بەچاوی خۆمان بینمان هەڕەشە لە چاودێری سەرسەندوقەکانی دەنگدان کرا و  کێشە سەرەکییەکانیش کە دەشێ لەلایەن پارتە حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدرابن ئەمانەن، لە لیستی دەنگدەراندا ناوی دووبارە، ناوی بێ بنەما و ناوی مردووان هەبووە. ئێمە بەچاوی خۆمان بینیمان چۆن کوڕی گەنج هەوڵی هاتنە ژوورەوەیان بۆ نێو هۆڵی دەنگدان دەدا، لە کاتێکا ئەو گەنجانە مافی دەنگدانیان نەبوو. بۆیە لە ڕووی ئەم کارانەوە هەڵبژاردنەکە وەک پرۆسەیەکی دیموکراتی لەقەڵەم نادرێ.

جێی باسە کە تا ڕادەیەک کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش ڕایانگەیاندووە کە سەرپێچی لە هەڵبژاردندا کراوە و ئەوان ئیجارائاتی خۆیان دەکەن. بۆ نمونە ئەو بنکانەی ساختەکاریان تێدا ئەنجامدراوە دەنگەکانیان پووچەڵ دەکرێتەوە.

 بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان کە دەزگای ڕاگەیاندنی ڕووداو، نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردۆتەوە، ئەنجامەکان تاکو ئێستا بەم شێوەن. پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی هەڵبژاردنەکەیە و نزیکەی لە %٤٥ دەنگەکانی مسۆگەر کردووە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان دووەمە و نزیکەی %٢٠ دەنگەکانی مسۆکەر کردووە، بزووتنەوەی گۆڕان نزیکەی لە %١٢ دەنگەکان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە یەکەمجار بەشداری هەڵبژاردن دەکەن زیاتر لە %٨ دەنگەکانیان مسۆگەر کردووە.

 بەڵام نەوەی نوێ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەت دەکەنەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەوا بەشداری خولی پەرلەمانی داهاتوو ناکەن.

جێی باسە شاندی نێونەتەوەی چاودێرانی هەڵبژاردن کە ئانیکا لیلێمتس لە خۆ دەگرێ هەروەها جەبار ئەمین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سودید لەسەر پارتی ژینگە ئەندامێکی هەمان شاندبووە و باس  لە ئەرکی ڕێکخراوی ئەرووپی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن دەکات. جەبار ئەمینیش بەهەمان شێوەی ئانیکا لیلێمێتس باسی لەوش کرد کە پێشێلکاریی و ساختەکارییەکی زۆر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کراوە، بەڵام سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا بۆچی پەیوەندییان بە کومیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بۆ گەیاندنی سکاڵا نەکردووە، لەوەڵامدا جەبار ئەمین دەڵێ.

      ئێمە دەزانی ئەوان ئێستا سەریانقاڵە و کاریان زۆرە، پاشان دەبێ ئێمە ڕاپۆرتی خۆمان تەواو بنووسین. لە پاش ئەم کارانە هەوڵدەدەین پەیوەندیان پێوەبکەین و ڕاپۆرتی خۆیشمان بۆ ڕای گشتی دەخەینە بەردەست.