وانه‌ی سویدی له‌ فێرگه‌ مامناوه‌ندییه‌کاندا ده‌بێته‌ دوو به‌ش

ـ بێتوو سه‌ردانێکی فێرگه‌یه‌ک له‌ پۆڵۆنیا، ڕووسیه‌ یاکوو فه‌رانسه بکه‌یت ئه‌وا‌ ئه‌مه‌ شتێکی گه‌لێ ئاساییه‌ که قوتابیان ده‌رباره‌ی نووسه‌رانی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان وانه‌یان هه‌بێ و کاریان له‌ سه‌ر بکه‌ن.

ئه‌مه‌ قسه‌کانی یان بیۆرکلوند وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی سوید (Utbildningsminister) بوو که‌ ده‌یه‌وێ به‌ دابه‌شکردنی وانه‌ی زمانی سویدی به‌ دوو به‌شی زمان و ئه‌ده‌ب، ئاستی زانیاریی قوتابیان له‌ سه‌ر ئه‌ده‌بی سویدی به‌رزکاته‌وه‌ و ڕێزیشی لێبگرێ.

بیۆرکلوند هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: له‌ سوید‌ ئه‌م کاره‌ که‌متر بۆته‌وه‌ و له‌ گه‌لێ فێرگه‌دا هه‌ر هیچ ناکرێ. بۆیه‌ پێم وایه‌ ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌و شته‌ بگۆڕین.

ئه‌و کاته‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کاندا چاکسازیی له فێرگه‌ مامناوه‌ندییه‌کاندا کرا (gymnasiereformen)‌ ئه‌و جوداییه‌ی نێوان ئه‌ده‌ب و زمان لابران و ئه‌مڕۆ قوتابیان ته‌نیا نمره‌یه‌ک له‌ وانه‌ی سویدی وه‌رده‌گرن. یان بیۆرکلوند پێی وایه‌ که‌ ئه‌م کاره‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاستی زانیاری له‌ سه‌ر ئه‌ده‌بی سویدی به‌ گشتی دابه‌زێ بۆیه‌ ده‌یه‌وێ شێوه‌که‌ وه‌ک پێشوو لێبکاته‌وه‌. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌رکی توێژینه‌وه‌یه‌کی له‌مباره‌وه‌ خستۆته‌ سه‌ر شانی ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تیی لێکۆڵینه‌وه‌ی فێرگه‌ مامناوه‌ندییه‌کان ناسراو به‌ (gymnasieutredningen).

وه‌زیری په‌روه‌رده ئاواته‌ خوازه‌ که‌ به‌ نمره‌دانی جیاواز بۆ وانه‌ی زانیاریی ئه‌ده‌بیی (litteraturkunskap)‌ قوتابیان هان بدرێن و زیاتر ئه‌ده‌بی سویدی بخوێننه‌وه‌.

ئێڤالیز پرا‌یز (Eva-Liz Preiz) سه‌رۆکی یه‌کێتیی مامۆستایانی سوید (ordförande i lärarförbundet) ڕه‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی دووبه‌شکردنی وانه‌ی سویدی‌ هه‌یه‌ و پێی وایه‌ به‌مجۆره‌ ده‌رسی سویدی گردوکۆ ناکرێته‌وه‌ و ئامانجێکی‌تریش ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی مامۆستایان که‌ به‌ ئه‌نجامی بگه‌یێنن. ئه‌و ده‌ڵێ بۆ قوتابیان دژوارتر ده‌بێ چونکه تێگه‌یشتن له‌ زمان و زانیاریی ئه‌ده‌بیی‌ پێکه‌وه‌ گرێدراون.

ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان له‌ په‌یوه‌ندی و سه‌رجه‌مبوونه‌که‌ی تێبگه‌ن ئه‌وا ده‌بێ هه‌ر دوو به‌ش پێکه‌وه‌ بن و ئه‌مه‌ ئیدی پسپۆڕیی مامۆستایه‌ که‌ بڕیار ده‌دا چۆن ئه‌م هاوسه‌نگییه‌ ڕاگرێ و به‌ چ شێوه‌یه‌ک هه‌ر جاره‌ی و له‌ کاتی پێویستی خۆیدا قورسایی بخاته‌ سه‌ر بارێکه‌وه‌. ئه‌م ئازادییه‌ش ده‌بێ مامۆستاکان هه‌یانبێ. 

حوکوومه‌ت هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێ له‌مه‌ش بکۆڵێته‌وه‌ که‌ ئاخۆ وانه‌ سه‌ره‌کییه‌کان (kärnämnen) وه‌کی ماتێماتیک و ئینگلیزی له‌گه‌ڵ لقه‌ جیاوازه‌کانی‌تردا ده‌گونجێن یان نا، تا قوتابییه‌کی زیاتر ئامانجی خوێندن بپێکن و فێرگه‌ی مامناوه‌ندی به‌ نمره‌ی باش ته‌واو بکه‌ن. بۆ وێنه‌ قوتابییه‌کی لقی ئوتومبێل (fordonsprogrammet) بتوانێ ماتێماتیکێک بخوێنێ له‌ گه‌ڵ ڕشته‌که‌ی ئه‌و بێته‌وه‌ و دواتر ئه‌گه‌ر بیه‌وێ بچێته‌ زانکۆ ئه‌وا بتوانێ ته‌کمیلی بکات. ئا ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تیی لێکۆڵینه‌وه‌ی فێرگه‌ مامناوه‌ندییه‌کان ناسراو به‌ (gymnasieutredningen) لێیده‌کۆڵێته‌وه‌. بێتوو شیکارییه‌کان بگه‌نه‌ وه‌ها ئه‌نجامێک ئه‌وا سیاسه‌تی نوێی فێرگه‌ مامناوه‌ندییه‌کان له‌ پاییزی ساڵی ٢٠١٠وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".