دوو گومانلێکراوی خراپکاری له‌ دامه‌زراوه‌ی ناوکیی ئۆسکارهامن، به‌ردران

رۆژی رابردوو، هه‌ر به‌ هه‌ڵکه‌وت و به‌ بێ هیچ کۆنترۆڵیکی دیاریکراو و به‌رده‌وامی ئاسایش، بۆ ماوه‌یه‌کی کورت، دوو کارمه‌ندی کاتیی دامه‌زراوه‌ی ناوکیی ئۆسکارهامن، خه‌ڵکی ئورێبروو، به‌ گومانی خراپکاری گیران و ئه‌مڕۆ به‌ردران به‌ڵام ئه‌و گومانه‌یان هێشتا هه‌ر له‌ سه‌ر ماوه‌.

به‌ پێی ڕێساکانی ئاسایشی ئه‌م ناوه‌نده‌، ده‌بێ هه‌موو کارمه‌ندێکی ئه‌وێ و گشت ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ هه‌ر ناوێک ده‌چنه‌ ژوورێ، کۆنترۆڵ بکرێن به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ک یا ته‌قه‌مه‌نییان پێ نه‌بێ.

رۆگر به‌ریمان به‌رپرسی زانیاریی دامه‌زراوه‌ی ناوکیی ئۆسکارهامن ده‌ڵێ ئێمه‌ به‌ هه‌ڵکه‌وت ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌بێ کۆنترۆڵ بکرێن هه‌ڵده‌بژێرین و دواتر به‌ ده‌زگای تایبه‌تیی دۆزینه‌وه‌ی ئاسنه‌واڵه‌، ده‌یانپشکنین.

ده‌ستووری ناوخۆیی ئه‌و مه‌رجه‌ی داناوه‌ که‌ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی دێنه‌ ژوورێ ده‌بێ کۆنترۆڵ بکرێن که‌ هیچ ته‌قه‌مه‌نییه‌کیان پێ نه‌بێ و که‌س چه‌ک نه‌هێنێته‌ ژوور. ئه‌م بڕیاره‌ له‌ سه‌ری ساڵه‌وه‌ گیراوه‌، به‌ڵام دامه‌زراوه‌ی ناوکیی ئۆسکارهامن، داوای کردبوو که‌ هه‌تا سه‌ره‌تای ٢٠١١ ئه‌م بڕیاره‌ نه‌خرێته‌ ژیانه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵیکدایه‌ که‌ ستیگ ئیساکسۆن، توێژه‌ری حوکوومه‌ت بۆ کاروباری ناوکی، ئه‌م داوایه‌ی به‌لاوه‌ په‌سند نه‌بوو هه‌ر بۆیه‌ش دامه‌زراوه‌ی ناوکیی ئۆسکارهامن، ده‌ستووری به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م بڕیاره‌ی پێدرابوو.

ده‌ستووره‌که‌ به‌و مانایه‌یه‌ که‌ دامه‌زراوه‌ی ناوکیی ئۆسکارهامن، به‌ر له‌ ١٥ی دیسه‌مبری ئه‌مساڵ ده‌بێ هه‌موو ئه‌و داموده‌زگا و که‌ره‌سانه‌ی بۆ کۆنترۆڵی هاتوچۆکه‌ران پێویسته‌ دایانمه‌زرێنێ. ده‌نا دامه‌زراوه‌که‌ لێبڕاو ده‌کرێ یه‌ک میلیۆن کرۆن بدات و سه‌دهه‌زار کرۆنیش بۆهه‌رهه‌فته‌یه‌کی ئه‌‌و ماوه‌یه‌ی که‌ره‌سه‌کان دانه‌مه‌زراون.

به‌ڵام ئاخۆ به‌ کۆنترۆڵی به‌هه‌ڵکه‌وت که‌ ئێستا ده‌کرێ، ئیمکانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ بتوانی پێشی بردنه‌ ژووره‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نیی بگریت؟ توێژه‌ری حوکوومه‌ت بۆ کاروباری ناوکی، ستیگ ئیساکسۆن ده‌ڵێ گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ کۆنترۆڵێکی سه‌داسه‌د ناکرێت.

ستیگ ئیساکسۆن هه‌روه‌ها ده‌ڵێ هه‌موو ناوه‌نده‌ ناوکییه‌کانی دیکه‌ کۆنترۆڵی ته‌واویان بۆ پرسی ئاسایش هه‌یه‌، بۆیه‌ش هیچ ڕیزپه‌ڕێک نابێ له‌گۆڕێدا هه‌بێت.

ئه‌وه‌ی دوێنێ روویدا و که‌شفی بوونی ته‌قه‌مه‌نی له کاتی کۆنترۆڵی به‌ هه‌ڵکه‌وت کرا، ته‌نیا ڕێکه‌وتێک بوو. سیسته‌می ئاسایشی سوید له‌ سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه‌ دانراوه‌ که‌ پێشی دزه‌کردن بگرێ و کرده‌‌ تیرۆریستی  و خراپکارییه‌کان وه‌دوا بخات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ که‌ دامه‌زراوه‌ی ناوکی، خاوه‌نی پارێزوانیی چه‌کدارانه‌ نییه‌. دامه‌زراوه‌ی ناوکیی ئۆسکارهامن ئێستا هاتۆته‌ سه‌ر ئه‌م ڕایه‌ که‌ له‌ پاییزدا کاری پارێزگه‌ریی خۆی، به‌ ئه‌نجام بگه‌یێنێ.

ناسری سینا

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".