مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر پابلیک سێرڤیس له‌ سوید

دوێنێ ئه‌و توێژینه‌وه‌ ده‌وڵه‌تییه‌ی له‌ سه‌ر شه‌ریکه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وه‌شانی ڕادیۆ تله‌فزیۆنیی بۆ خزمه‌تگوزاریی گشتیی، پابلیک سێرڤیس، کراوه‌ پێشکه‌ش کرا. توێژینه‌وه‌که‌ بۆ نموونه‌ پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌کا که‌ شه‌ریکه‌ پابلیک سێرڤیسه‌کان، یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تی وه‌رگرن به‌ڵام سه‌رۆکانی ئه‌و شه‌ریکانه‌، زۆر دژن.

سه‌رۆکی تله‌فزیۆنی سوید، ئێڤا هامیلتۆن، ده‌ڵێ ئه‌م یارمه‌تیدانه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ناوابه‌سته‌یی ئێمه‌ که‌م بێته‌وه‌.

گرنگترین و دژوارترین خاڵی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ لێکۆڵه‌ر پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ با شه‌ریکه‌کانی پابلیک سێرڤیس، جگه‌ له‌ پاره‌ی خاوه‌نێتیی ڕادیۆ و تله‌فزیۆن (تێڤێ لیسێنس)، یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تیش وه‌رگرن. واتا ئابوورییه‌کانیان به‌ شێوه‌یه‌کی تێکه‌ڵ، دابین بکرێن. یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تی شتێکه‌ که‌ نه‌ ڕادیۆی سوید ده‌یه‌وێ و نه‌ تله‌فزیۆنی سویدیش. چۆنکه‌ ده‌بێته‌ هۆی وابه‌سته‌یی ئێمه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی.

ئێڤا هامیلتۆن ده‌ڵێ: ئێمه‌ نامانه‌وێ وه‌زیری دارایی سوید، ڕۆژێک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زی له‌ ڕاپۆرتێکی تله‌فزیۆن نه‌کردووه‌، بۆ سبه‌ینییه‌که‌ی بڕیار بدات که‌ با ئه‌وه‌نده‌ له‌‌ پاره‌ی پابلیک سێرڤیس که‌م بکرێته‌وه‌.

توێژینه‌وه‌که‌ پێ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێ که‌ پابلیک سێرڤیس ده‌بێ هه‌ر وه‌ک رابردوو، پێگه‌یه‌کی به‌هێزی هه‌بێت و ئالترناتیڤێکی بێ ڕیکلام بێت.

ئه‌وه‌ی که‌ شه‌ریکه‌ پابلیک سێرڤیسه‌کان، دژین ئه‌و پێشنیازه‌یه‌که‌ با ڕێسایه‌که‌ی نوێی زێده‌باج بیانگرێته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ که‌ سه‌ر له‌ ئاخر، شه‌ریکه‌کان به‌شێک پاره‌ له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ ڕێی یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تییه‌وه، دابین بکرێت. شه‌ریکه‌کان هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌یان له‌و پێشنیازه‌ش هه‌یه‌ که‌ بودجه‌‌ی ساڵانه‌یان ته‌نیا دوو له‌ سه‌د زیادبوونی هه‌بێت، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ له‌ به‌ر چاو بگیرێ که‌ نرخه‌کان چه‌نده‌ زیاد ده‌بن.

ئه‌م پێشنیازه‌ وا ده‌کات که‌ ده‌ستپێوه‌گرتن به‌ پاره‌ و بودجه‌‌ی دیاریکراوی شه‌ریکه‌ پابلیک سێرڤیسه‌کان، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش زیاتر بێت. که‌چی به‌ گوێره‌ی توێژینه‌وه‌که‌، ده‌کرێ بودجه‌که‌ که‌مبکرێته‌وه‌ به‌ڵام کوالیتی هه‌روا بمێنێته‌وه‌. شه‌شتین برونبه‌ری سه‌رۆکی ڕادیۆ سوید، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ نییه‌.

ـ پێم وایه‌ ئه‌مه‌ بۆ گوێگران به‌ واتای دابه‌زینی کوالیتیی به‌رنامه‌کانه‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌موو کاناڵه‌که‌ لۆکاله‌کانمان نه‌مێنن، هه‌روه‌ها هه‌موو ڕاپۆرتوانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌توانن درێژه‌ به‌ کاره‌کانیان بده‌ن. یان ئه‌وه‌ی ئۆرکێستری رادیۆ سوید نه‌توانێ گشت کارمه‌نده‌کانی ڕاگرێ. ئه‌م جۆره‌ پرسیارانه‌ ده‌بێ من و ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی ڕادیۆ لێی قووڵ بینه‌وه‌.

nasser.sina@sr.se