ژنان زیاتر ئه‌رکی سه‌ربازی به‌ جێ ئه‌هێنن

ساڵی ڕابردوو 5119 که‌س ئه‌رکی سه‌ربازی خۆیان به‌ جێ هێنا، 403 که‌س له‌م سه‌ربازانه‌ ژن بوون. به‌ڵام ژنان زیاتر له‌و ژماره‌ ئاماژه‌ پێکراوه‌ حه‌ز ئه‌که‌ن ئه‌رکی سه‌ربازی به‌ جێ بێنن. به‌ گوێره‌ی پرسنامه‌ی ده‌زگای ئه‌رکی سه‌ربازی  واته‌ pliktverket، زیاتر له‌ 5000 ژن هۆگری چوون بۆ سه‌ربازیین.

ترێ کوردوستانی 20 ساڵه‌ و  تا مانگێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ ستۆکهۆڵم ئه‌ژیا.

ئه‌و کوردی ڕۆژهه‌ڵاته‌ و به‌ مناڵێ هاتووه‌ بۆ سوێد. ترێ له‌ strängnäs‌، که‌ شارۆچکه‌یه‌کی نزیک به‌ ستۆکهۆڵمی پایته‌خته‌ سه‌ربازی ئه‌کات. شه‌ممه‌ و یه‌کشه‌ممانه‌ پشووی هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ستۆکهۆڵم.

ترێ خان چۆن بوو بیرت له‌وه‌ کرده‌وه‌ بچی بۆ سه‌ربازی؟

ئه‌مه‌ویست به‌ دیسیپلینتر و خۆڕاگرتر بم و  ملمانێ له‌ گه‌ڵ سه‌ختییه‌کانی سه‌ربازیدا بکه‌م. هه‌ست ئه‌که‌م زیاتر سویدییم. سه‌ربازی کردن ئه‌زموونێکه‌ و  زۆر درگای تازه‌  بۆ مرۆڤ ئه‌کاته‌‌وه‌‌.

ترێ خان وه‌کوو کچێک چۆن پێشوازییان لێ کردووی؟

زۆر زۆر باش، له‌ باری ده‌روونیه‌وه ئه‌وه‌ هه‌ر‌ زۆر شادم، به‌ڵام له‌ باری فیزیکه‌یه‌وه‌ فشارم بۆ هاتووه‌. به‌ڵام چوونکه‌ سه‌ربازی کردن ململانێ کردنه‌ و  زۆر شتی تازه‌ فێر ئه‌بم ته‌حه‌موولی ئه‌که‌م. سه‌ربازی کردن وام لێ ئه‌کات  زیاتر هه‌ست به‌  سۆێدی بوون بکه‌م و زۆر ڕازییم.

بۆچی هه‌ست ئه‌که‌یت زیاتر سۆێدییت؟

نازانم،  به‌ڵام شانازی ئه‌که‌م له‌ سۆێد ئه‌ژیم و به‌شێکێم له‌م کۆمه‌ڵگایه‌.

گوایه‌ ئه‌فسه‌ره‌کان زۆر سه‌ختگیرن بۆیه‌ زۆر که‌س سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ربازی کردنیان پێ خۆشه‌، هه‌م له‌ باری ده‌ررونی و هه‌م له‌ باری فیزیکیشه‌وه‌ پێیان دژواره‌. چۆنه‌ هه‌ست به‌ فشاری ده‌روونی ناکه‌یت؟

ڕاسته‌، وا باوه‌، به‌ڵام ئه‌فسه‌ر و سه‌روانه‌کانی ئێمه‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان زۆ باشه‌، سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی سه‌ختگیرن، هێشتاش مێهره‌بانن و ئه‌زانن چۆن ڕه‌فتار بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌ستێکی ناخۆشمان لا دروست نه‌بێت.

له‌وه‌ ئه‌چێت سه‌ربازی کردن  جیاوازی به‌ینی ژن و پیاو بمرێنێ. ترێ و سێ کچی تری سۆێدی  نه‌ک هه‌ر دیوی تایبه‌ت به‌ کچانیان نیه‌،  له‌ یه‌ک گه‌رماویشدا دووش ئه‌گرن.

وایه‌، و ڕاستییه‌که‌ی من ئه‌وه‌ به‌ گرفتێک نازانم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کچێک نه‌یه‌وێت، ئه‌توانێت داوا بکات که‌ له‌ شوێنکی تر دووش بگرێ، هه‌ر چه‌ن  ئه‌و شوێنه‌ زۆر دووره‌ له‌ ماڵه‌که‌مانه‌وه‌.

باشه له‌ ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا‌ قه‌ت هه‌ستت به دیسکریمینێرینگ واته‌ ‌ هه‌ڵاواردن  کردووه‌  به‌ بۆنه‌ی ژن بوونته‌وه‌؟

به‌ هیچ جۆرێک،  هه‌ر وه‌ک یه‌ک ڕه‌فتارمان له‌ گه‌ڵ یه‌که‌ن.

ترێ 9 مانگی تری ماوه‌ سه‌ربازییه‌که‌ی ته‌واو کات. به‌ڵام هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌ست ئه‌کات که‌سێکی تره‌.

هه‌ست ئه‌که‌م باڵه‌کانم به‌ هێزتر بوون، هه‌روه‌ها قاچه‌کانم. که‌ره‌سته‌یه‌ک هه‌ڵئه‌گرین که‌ کێشی 25 کیلۆیه‌و ساکێکی تری ئامێری شه‌ڕ که‌ 12 تا 14 کێلۆیه‌، ئه‌بێ هه‌میشه‌ پێمان بێت کاتێک ته‌مرینی شه‌ڕ ئه‌که‌ین، هه‌روه‌ها کاتی شه‌ڕی مه‌یدانی و ته‌مرین کردن به‌ چه‌ک.

ئازارت پێ ناگات ئه‌و شته‌ قورسانه‌ هه‌ڵئه‌گری؟

با ، پشتم زۆر ئێش ئه‌کات، له‌شم شین ئه‌بێته‌وه‌و بریندار ئه‌بێ. به‌ڵام من له‌ به‌رده‌وام بوون زیاتر شتێکی تر به‌ ماقووڵ نازانم.

ترێ خان، چی به‌و کجانه‌ ئه‌ڵێی که‌ حه‌ز ئه‌که‌ن سه‌ربازی بکه‌ن، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌نه‌ شتی ناخۆشیان  بیستێبیت که‌ ویسته‌که‌یانی کوشتێبێت. تۆ چی به‌ ئه‌و كچانه‌ ئه‌ڵێیی؟

مرۆڤ ئه‌توانێ، ئه‌و هه‌سته‌ نه‌رێنییه‌ زیاتر له‌ مێشکدایه‌. له‌ ئه‌وه‌ڵه‌وه‌ پێویست نیه‌ به‌ هێز بیت. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ ڕاستی بته‌وێ سه‌ربازی بکه‌یت. کێشی  من 50 کیلۆیه‌. من هه‌ر ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ هه‌ڵئه‌گرم که‌ کوڕی کێش 100 کیلۆیی هه‌ڵیئه‌گرن. ئه‌و ته‌مرینه‌ فیزیکیانه‌ی ئه‌وان ئه‌یکه‌ن منیش ئه‌یکه‌م. هیچ ڕیزپه‌ڕ و لادانێک بۆ کچان نیه‌. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ باری ده‌روونیه‌وه‌ ئاماده‌یی بێبێت و هه‌ڵوێستێکی پوسیتیڤی هه‌بێت ئه‌توانێت ئه‌م کاره‌ بکات.

semire.zarei@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista